بەهۆی بۆردومانی تورکیاوە لە سنووری زاخۆ پێشمەرگەیەک بریندار بوو
هەساو ئەمیر
٢٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
لێپرسراوی بەشی مافی مرۆڤی رێکخراوی CPT رایگەیاندووە، بەهۆی بۆردومانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیاوە لە سنووری زاخۆ پێشمەرگەیەک بریندار بوو.
کامەران عوسمان لێپرسراوی بەشی مافی مرۆڤی رێکخراوی CPT رایەگیاندووە، لە کاتژمێر ١١:٥٠ خولەکی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، سوپای تورکیا لە یەکێک لەو بارەگا سەربازییە نوێیانەی کە لە ئۆپەراسیۆنی تەواوکاری چنگی قفڵ کە لە هاوینی ٢٠٢٤دا لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دروستی کردبوون، ئۆتۆمبێلی پێشمەرگەیەکی لە لۆفەکانی زرێزە لە قەزای باتیفا بە ئامانج گرتوو و لە ئەنجامدا، پێشمەرگەکە بریندار بوو.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئۆتۆمبێلەکە لە نزیک بارەگایەکی پاسەوانی سنووری عێراقەوە بە ئامانجگیراوە و پێشمەرگە بریندارەکە ناوی (جاسم محەمەد)ـە و تەمەنی ٥٠ ساڵە، کە دانیشتووی پارێزگای دهۆکە و لە لیوای چوار- فەوجی دوو پێشمەرگەیە، لە کاتی گەڕانەوەی بۆ دەوام بە ئامانج گیراوە.
کامەران عوسان ئەوەشی خستووەتە روو، هەر ئەمڕۆ، تۆپخانەکانی سوپای تورکیا لە زنجیرە چیای زرێزەوە، خانووی هاوڵاتییەکی مەدەنیان بەناوی (نەجیب زێڕەنگەر) لە گوندی دێمکا بەئامانج گرتووە و تەقاندویەتییەوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، بۆردومانەکانی تورکیا رۆژانە بۆسەر خاکی هەرێمی کوردستان بەردەوامن و بەهۆیەوە دەیان هاوڵاتی شەهید و بریندار بوون.



