تەندروستیی هەڵەبجە پێدانی گرێبەستی تاقیگەکانی بە کەرتی تایبەت رەتکردەوە و دەڵێت، هەمان خزمەتگوزاری لە نەخۆشخانەکاندا بەردەستن، بەڵام لە گرێبەستە نوێیەکەدا بە 10 هێندە زیاتر دەدرێتە هاووڵاتیان.

ئازاد مستەفا بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، لەسەر بنەمای زانستیی و بە داتا پێدانی تاقیگەی نەخۆشخانە گشتییەکان بە کەرتی تایبەت رەتدەکەنەوە.

دەشڵێت، "پشكنینی کیمیایی بە 290 دینار ئەنجام دەدرێت، بەڵام نەخۆش پسووڵەی 500 دیناری دەبڕێت، لێرەدا 210 دینار دەگەڕێتەوە بۆ بودجەی گشتی، بەڵام لە گرێبەستە نوێیەکەدا نرخی پشکنینێکی لەو جۆرە بەرزکراوەتەوە بۆ دوو هەزار و 910 دینار، ئەمەش واتە خەرجییەکەی لەسەر هاوڵاتی نزیکەی 10 هێندە زیاد دەکات".

ئاماژەی بەوەشکرد، "کۆمپانیایەک کە بێبەرانبەر ئامێری بردووەتە تاقیگەکان، بە 290 دینار ئەو پشکنینە ئەنجام دەدات، چ ویژدانێک قبوڵی دەکات نرخەکەی بۆ نزیکەی 10 هێندە زیاد بکرێت".

راشیگەیاند، "نامانەوێت بزنسمانێک دەوڵەمەندتر بکەین، ناچینە ژێر بارەی ئەوەی گرێبەستەکان بدەینە ئەو جۆرە کۆمپانیایانە، لەکاتێکدا ئامێر و هەموو شتێکمان هەیە هیچ پێویست بەو گرێبەستە ناکات، ئەوە بەهەدەردانە لەسەر داهاتی گشتیی".

لە درێژەی کۆنفرانسەکەدا بەڕێوەبەری تەندروستیی هەڵەبجە وتیشی، هەر لایەنێک بیەوێت ئەو گرێبەستە بەردەوام بێت، پێویستە هەمواری بکاتەوە و ئەوان بەو مەرجانە رازی نین، دەبێت لە بەرژەوەندی خەڵکدا بێت.

ئەوەش لەکاتێدایە، ماوەی نزیکەی مانگێکە پێدانی تاقیگەی نەخۆشخانە حکومییەکان بە کۆمپانیایەکی تایبەت ناڕەزایەتی لێکەوتووەتەوە، ئەگەرچی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم رەتی دەکاتەوە گرێبەستی لەوجۆرەیان کردبێت، بەڵام تەندروستیی سلێمانی و هەڵەبجە بە فەرمیی باسیان لە بوونی ئەو گرێبەستە کردووە و رەتیان کردووەتەوە.