زێدان محەمەد ئەمین برایی رۆژانامەنوس گوھدار زێباری بە کوردسات نیوزی رایگەیاند، لە رۆژی چوار شەممەی رابردووەوە گوھدار زێباری دەستیبە مانگرتن کردوە، لەئێستاشدا رەوشی تەندروستی زۆر خراپە، چونکە ئامادە نەبووە مانگرتنەکەی بشکێنێت.
وتیشی، وەک گوشارێک بۆ شکاندنی مانگرتنەکەی، ئاسایش گوھدار زێباری خستوەتە ژوری تاکەکەسی و بەو شێوەیە سزای دەدات.
پەیامنێری کوردسات نیوز لە بەغداد رایگەیاند، بڕیاروایە رۆژی ھەینی وەفدێکی ھەرێمی کوردستان بگەڕێتەوە بۆ بەغداد و کۆبوونەوەکانی لەبارەی پشکی ھەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق، لەگەڵ وەزارەتەکانی نەوت و دارایی و راوێژکارانی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەستپێبکاتەوە.
بڕیاربوو رۆژی یەکشەممەی ئەم ھەفتەیە، وەفدی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغداد بکاتەوە، بەڵام لەسەر داوای وەزیری نەوتی عێراق کۆبوونەوەکە دواخرا.
سەردانەکەی وەفدی ھەرێم لەکاتێکدایە، کە ھەفتەی رابردوو وەفدی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدادیان کرد و دوای دوو رۆژ مانەوە و دانوستان، بەبێ ئەنجام گەڕانەوە بۆ ھەرێمی کوردستان.
سەرچاوەیەک لە وەفدی حکومەتی ھەرێم بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند، حکومەتی عێراقی لە دواین سەردانی وەفدی ھەرێم بۆ بەغداد ئەوەیان بە وەفدەکەی ھەرێم ڕاگەیاندووە کە لەئێستادا ناتوانن ئەو بڕە پارەیە بداتە ھەرێم کە لە بودجەدا دیاریکراوە و بڕەکەی ٩٠٦ ملیار دینارە بۆ مووچەی فەرمانبەران, بەڵکو لە کۆی گشتی خەرجی ھەموو پارێزگاکان عێراق و دوای دەرکردنی بودجەی سیادی و بودجەی سەرۆکایەتیەکان ئینجا پشکی ھەرێم دیاریدەکرێت کە ئەویش مانگانە دەگاتە نزیکەی ٥٩٨ تا ٦٠٠ ملیار دینار.
ئەوەشی خستەڕوو، لەئێستادا بڕی ٧٠ ھەزار بەرمیل نەوتی ھەرێم دەدرێت بە بەغداد بۆ پاڵاوتن و بەکارھێنانی لە پاڵاوگەکان، لەوەشدا گرفت ھەیە چونکە مافی کۆمپانیاکانی نەوت لە ھەرێمی کوردستان بە بەراود بە بەغداد جیاوازە بە گوێرەی گرێبەستەکان.
سەبارەت بە داھاتی نانەوتیش، سەرچاوەکەی وەفدی حکومەتی ھەرێم وتی، حکومەتی عێراق داوایکردووە تەواوی داھاتی نانەوتی بگڕێتەوە بۆ خەزێنەی حکومەتی عێراق و دواتر ٥٠% بگەڕێنرێتەوە بۆ حکومەتی ھەرێم.
ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیاردراوە ھەفتەی داھاتوو وەفدی حکومەتی ھەرێم سەردانی بەغداد بکاتەوە بۆ گفتوگۆکردن و یەکلاییکردنەوەی کێشەکان.
لە روونکردنەوەکەی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی ھەرێمی کوردستاندا ھاتووە، لە کۆنفرانسی رۆژنامەوانییەکەی دوێنێدا سەبارەت بە ئازاردان و پێشێلکردنی منداڵێکی تازە لە دایکبوو دوور لە ھەموو ڕەوشتێکی پزیشکی و یاسایی و زانستی، لەلایەن نەخۆشخانەکەوە ھەوڵدراوە بۆ شێواندنی ڕاستییەکان و پاساو ھێنانەوە بۆ ئەم کردەوە قێزەوەنە و بەردەوامی سەرپێچی و کاری نایاسایی ھەیە بەوەی ھەوڵدەدرێت ڕای گشتی و پرۆسەی لێکۆڵینەوە بەلارێدا ببرێت و بشێوێندرێت لەجیاتی ملکەچ بوون بۆ یاسا و داوای لێبووردن کردن.
ئاماژەبەوەشکراوە، دروستکردنی لیژنەی لێکۆڵینەوە کاری نەخۆشخانەکە نییە، بەڵکو بەیاسای مافی نەخۆش ژمارە ٤ ی ساڵی ٢٠٢٠ و پەیڕەوی لێکۆڵینەوەی کارپێکراو لێکۆڵینەوە کردن تەنھا کاری وەزارەتی تەندروستییە بە ئامادەبوونی دادوەر و نوێنەری داواکاری گشتی.
وەزارەتی تەندروستی دەشڵێت، کەسێک بەناوی سەرپەرشتیار قسەدەکات لەکاتێکدا ئەو کەسە بەرەسمی سەرپەرشتیار نییە و ھیچ سیفەتێکی بەڕێوەبردنی نییە، تەنانەت رێگەپێدراویش نییە لە لیستی وەزارەتی تەندروستی بۆ ئەم نەخۆشخانەیە، کارمەندەکانیش ناویان لە لیستی رێگە پێدراوی رەسمی نییە بۆ کارکردن لە نەخۆشخانەکە.
وەزارەتی تەندروستی جەخت لەسەر بەردەوامی ڕێکارەکان دەکاتەوە و لیژنەی لێکۆڵینەوە لەسەر دۆسیەکە دادەنرێت رێکاری یاسایی وەردەگیرێت لەپێناو پاراستنی مافی نەخۆش و گەیاندنی ڕاستییەکان بە ھاووڵاتیان.
بنەماڵەی گوھدار زێباری و دەستەی بەرگری لە ئازادی لە راگەیەندراوێکی ھاوبەشدا باس لەوەدەکەن، لە ١٦ ئەم مانگەوە سزای سەپێندراوی سەر رۆژنامەنووس گوھدار زێباری لە چاکسازی گەورانی ھەولێر کۆتاییھاتووە و رەوانەی ئاسایشی گشتی ھەولێر کراوە کە لەوێوە رێکارەکان بگیرێنەبەر بۆ ئازادکردنی، بەڵام تائێستا ئاسایش رەزامەند نییە دۆسیەی گوھدار رەوانەی دادگای ھەولێر بکات تا کۆتا رێکارەکان بگیرێنەبەر و ئازاد بکرێت.
ئاماژە بەوەشدەکەن، ئەو ماددە یاساییەی کە گوھدار زێباری پێراگیراوە پێشتر ھیچ کەسێکی دیکەی پێرانەگیراوە و (تاپڕ)یش ناچێتە چوارچێوەی چەکەوە، چونکە ئامێری راوە لە کاتێکدا کە تاپڕەکەش موڵکی راگیراو نییە.
بنەماڵەی گوھدار زێباری و دەستەی بەرگری لە ئازادی داواش لە داواکاری گشتی، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، دەزگاکانی راگەیاندن و پارێزەران دەکەن بە زوترین کات بێنە دەنگ لەسەر ئەو پێشێلکاریانەی بەرامبەر گوھدار دەکرێت، بەپێچەوانەوە سیستەمی دادوەری و سەربەخۆیی دادگا زیاتر لەمە دەکەوێتە ژێر ھەژمونی دەزگا ئەمنییەکان، بێ ئەوەی رێکارە یاساییەکان رەچاوبکرێت.
وەزارەتی بەرگری فەڕەنسا بڵاویکردەوە، ئەو سەربازە ناوی "نیکولا لاتورت"ە و لە کاتی بەجێگەیاندنی ئەرکەکەی بۆ مەشقپێکردنی ھێزە ئەمنییەکانی عێراق برینداربووە، دواتر بە ھەلیکۆپتەرێک گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە لە ھەولێر و گیانیلەدەستداوە.
وەزارەتی بەرگری فەڕەنسا ئاماژەی بە شوێنی رووداوەکە نەداوە و تەنھا وتویەتی رووداوەکەی رۆژی یەکشەممە بووە.
راشیگەیاند، ئەو سەربازە سەر بە کەتیبەی شەشی ئەندازیاران بووە، لە مانگی ئایاری ئەمساڵەوە بەشداری لە راھێنانەکان بە ھێزە ئەمنییەکانی عێراق کردووە، لەسەر بۆمبی چێندراو و پوچەڵکردنەوەی.
لە ١٨ی ئم مانگەشدا، سەربازێکی دیکەی فەڕەنسی لە ھەولێر بە رووداوێکی ھاتووچۆ گیانیلەدەستدا و یەکێکی دیکەش برینداربوو.
فەڕەنسا دووەمین وڵاتە کە زۆرترین ھاوکاری و ھەماھەنگی سەربازی لەگەڵ عێراق ھەیە و زۆرترین ژمارەی سەربازیشی لە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش ھەیە، ھەروەھا لە نێردەی تایبەتی لە ھاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی "ناتۆ" لە عێراق بەشدارە.
ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی ھەرێمی کوردستان، نوسراوێکی ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردە لە ھەولێر و سلێمانی و دھۆک و ھەڵەبجە و زاخۆ و سۆران و راپەڕین و خوێندنی کوردیی کەرکوک کرد.
بەپێی نوسراوەکە، ئەو مامۆستانیانەی تووشبووی شێرپەنجەن و لە قۆناغی چارەسەرکردندان، بە مەرجێک بە راپۆرتی پزیشکیی پشتڕاستی بکەنەوە، بەبێ رەچاوکردنی ساڵانی خزمەت دەتوانن بگوازرێنەوە بۆ خوێندنگەکانی سەنتەری شارەکان.
ھەر بەپێی نوسراوەکە، بۆ ئەو مامۆستایانەی تووشی شێرپەنجە بوون، شەش بەشە وانەیان لە کۆی ئەو بەشە وانانەی بۆیان دانراوە بۆ کەمدەکرێتەوە.
پلاسخارت لە ھەولێر لەگەڵ قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق و رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی ھەرێم کۆبووەو گفتوگۆ لەبارەی رەوشی شەنگال و گەڕانەوەی ئاوارەکان لە ناوچە جیاجیاکانەوە بۆ قەزاکە کرا.
لە نۆی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠ ھەرێم و بەغداد رێککەوتنێکیان بۆ ئاسایکردنەوەی دۆخی شەنگال ئیمزاکرد، بە پێی رێککەوتنەکە ئیدارەیەکی ھاوبەش بۆ قەزاکە دروست دەکرێت و دۆسیەی ئەمنی قەزاکە دەدرێتە دەست پۆلیسی ناوخۆیی و پاراستنی دەرەوەی قەزاکەش بە سوپا و ھێزی پێشمەرگە دەسپێرێت، بەڵام تا ئێستا رێککەوتنەکە جێبەجێنەکراوەو بەشێکی زۆری ئاوارەکانی قەزاکە لە کەمپەکاندا دەژین.
وەزارەتی تەندروستی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، دوابەدوای بڕیاری وەزارەتی تەندروستی بۆ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بەرامبەر گرتە ڤیدیۆیەکی پێشێلکردنی مافی منداڵێکی تازە لەدایکبوو لە نەخۆشخانەی (اربیل ئینتەرناشناڵ)ی ئەھلی، وەزارەتی تەندروستی لەڕێگەی تیمی پشکنین و بەدواداچوون سەردانی مەیدانی نەخۆشخانەی ناوبراویان کرد بۆ بەدواداچوونی ئەم دیاردەیە.
ئاماژەی بەوەکرد، بەپێی ڕاپۆرتی ژمارە (١١٢) لە ڕێکەوتی ٢ی ٨ی ٢٠٢٣ و پاڵپشت بە یاسای مافی نەخۆش ڕاسپاردەکانی لیژنەی بەدواداچوون بڕیار درا بە دوورخستنەوە، سڕکردن و لەکار ڕاگرتنی ھەردوو کارمەندی نەخۆشخانە بە ناوەکانی (گ.ع.ع) و (س.ێ.م) لە کارکردن لەبواری پزیشکی و تەندروستی بۆ ماوەی شەش مانگ، لە نەخۆشخانەی ناوبراو، سەڕەڕای نەبوونی رێگەپێدانی کارکردنی ئەم دووکارمەندە لە لیستی نەخۆشخانە.
راشیگەیاند، بڕیاردرا بە داخستنی بەشی منداڵە ناکامەکان و راگرتنی نەشتەرگەری منداڵبوون لە نەخۆشخانەکە، بەھۆی نەبوونی مەرجی تەندروستی تا ڕێکخستنەوە و پەیڕەوکردنی مەج و ڕێنماییەکانی تەندروستی.
ئاشکراشیکرد، بڕیاری سزای بەڕێوبەر و نەخۆشخانە بەپێی رێنمایی پێبژاردنی سەرپێچی و ئاگادارکردنەوەی بەڕێوبەری نەخۆشخانە بۆ کارکردنی پزیشکان و کارمەندان و فەرمانبەرانی نەخۆشخانە بەپێی لیستی رێگەپێدرا و لە وەزارەتی تەندروستی.
لە راگەیاندراوەکەدا باسلەوەشکراوە، دۆسیەی سەرپێچی کردن و پێشێلکردنی مافی نەخۆش بۆ دادگای تایبەتمەند ھەواڵەکراوە.
لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە ماوەکەی ٢٥ چرکەیە، دوو پەرستار لە نەخۆشخانەیەک لە شاری ھەولێر دەردەکەون کە ئازاری منداڵێکی تازە لەدایکبوو دەدەن، ڤیدیۆکەش لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە و کاردانەوەی زۆری لێکەوتووەتەوە.
وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ھەرێم رایگەیاند، ئامادەکارییەکان بۆ پێشـوازیکردن لە ساڵی نوێی خوێندنی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ دەستیپێکردوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، پرۆسەی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکانی ھـەرێمی کـوردستان لە ١ی ئەیلول بە دواوە بـەپـێی سـاڵنامەی زانکۆیی زانکۆکـان، بە پلان و بەرنامەی گونجاو دەستپێـدەکــاتـەوە.
لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە ماوەکەی ٢٥ چرکەیە، دوو پەرستار لە نەخۆشخانەیەک لە شاری ھەولێر دەردەکەون کە ئازاری منداڵێکی تازە لەدایکبوو دەدەن، ڤیدیۆکەش لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە و کاردانەوەی زۆری لێکەوتووەتەوە.
کوردسات نیوز پەیوەندی بە بەرپرسانی نەخۆشخانەکەوە کرد و تەنھا ئاماژەیان بەوەکرد، بەر لە بڕیارەکەی وەزارەتی تەندروستی، ئەو دوو پەرستارە لەلایەن ئیدارەی نەخۆشخانەکەوە لە کارەکانیان دوو خراونەتەوە، کە خزمی نزیکی منداڵەکەن.
لای خۆیەوە، وەزارەتی تەندروستی ھەرێم لە رونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەکرد ، پاڵپشت بە یاسای مافی نەخۆش و ڕێنمایی جێبەجێکردنی مافی نەخۆش، تیمەکانی پشکنین و بەدواداچوون ڕادەسپێردرێت بۆ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بەرامبەر نەخۆشخانەکە و ئەو کەسانەی ئەو تاوانە ئەنجام دەدەن.
وەزارەتی تەندروستی، داواش لە ھاووڵاتیان دەکات لە بوونی ھەر دیاردەیەکی نا تەندروست یان سکاڵا، لە ڕێگەی سندوقەکانی سکاڵا و ھێڵە گەرمەکانەوە ئاگاداریان بکەنەوە.
جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، بە کوردسات نیوزی راگەیاند، تاکو رۆژی ١٨ی ئەم مانگە، لە ٥٣ بنکەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدان لە پارێزگای ھەولێر، ٢٦٠ ھەزار و ٤٠ کەس تۆماری دەنگدانیان نوێکردووەتەوە، کە دوو ھەزار و ٢١٦ کەسیان ئاوارەن، نۆ ھەزار و ٨٨ کەسیان لەدایکبووی ساڵی ٢٠٠٥ن.
جومانە غەلای وتیشی، لە ٧٩ بنکەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە پارێزگای سلێمانی، ٦١ ھەزار دەنگدەر تۆماری دەنگدانیان نوێکردووەتەوە، کە ٧٣٨ کەسیان ئاوارەن، ھەشت ھەزار و ٨٠١ کەسیان دەنگدەری لەدایکبووی ساڵی ٢٠٠٥ن.
باسی لەوەشکرد، لەبارەی پارێزگای دھۆکیش، لە ٤١ بنکەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران ئەو پارێزگایە، ٢٨ ھەزار و ٥٨٤ دەنگدەر تۆماری دەنگدانیان نوێکردووەتەوە، کە ھەزار و ٣٦٧ کەسیان ئاوارەن، پێنج ھەزار و ٦١٤ کەسیان دەنگدەری لەدایکبووی ساڵی ٢٠٠٥ن.
خانەوادەی گوھدار زێباری لە رونکردنەوەیەکدا ئاماژە بۆ ئەوەدەکەن، رەوشی تەندروستی گوھدار زێباری لە ئاسایشی گشتی ھەولێر زۆر نا جێگیرە، چوار رۆژە لە مانگرتن بەردەوامە و تا ئێستا ھیچ چارەسەرێکی پزیشکی و بەدەنگەوە چونی لایەنی پەیوەندیداری نەبووە، گوشارێکی زۆریشی لەسەرە مانگرتنەکەی بشکێنێت، بەڵام گوھدار زێباری بەردەوامە لەمانگرتن تا ئازادبوونی.
لە بەشێکی تری رونکردنەوەکەدا ھاتووە، لەئێستادا گوھدار زێباری لە ھۆڵێکدایە ١٦٠ کەسی تری تێدایە و رەوشی لەناو زیندان لە مەترسیدایە، لەبەرئەوەش داوا لە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و کونسوڵخانە و لایەنە نێودەوڵەتیەکان دەکەن، بەزووترین کات بە ھانای گوھدار زێباریەوە بڕۆن، چونکە رەوشی تەندروستی بەرەو خراپتر دەچێت، ھەر حاڵەتێکی نەخوازراویش لەسەر تەندروستی گوھدار زێباری ڕووبدا لە ئەستۆی دەزگای ئاسایشە.
دەقی پەیامەکە...
بەڕێزان: خانەوادەو کەسوکاری شەھید نیاز جەلال بەگ دەرگەڵەیی
بەڕێزان: خزمانی دەرگەڵە
بەداخێکی زۆرەوە ھەواڵی شەھیدبوونی تێکۆشەرو پێشمەرگەی دێرین، فەرماندەو کەسایەتی دیارو ناسراوی کوردستان، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتیی ھەڤاڵ (نیاز جەلال بەگ دەرگەڵەیی)م بیست، دڵگران و خەمباری کردم، ھاوبەشی خەمتانم.
ھەڤاڵ نیاز جەلال بەگ دەرگەڵەیی کەسایەتییەکی دیارو ناسراو بوو، تێکۆشەرێکی گەورەی دەڤەرەکە بووەو لە خانەوادەیەکی تێکۆشەرو ناسراو و دیاری ناوچەکە بوو، ژیان و گیانی خۆی تەرخان کرد بۆ خزمەتی یەکێتیی و کورد، ھەمیشە خۆی بە خزمەتکاری خەڵک دەزانی و پەیوەندییەکی بەھێزی کۆمەڵایەتی لەگەڵ سەرجەم چین و توێژەکان ھەبوو.
بەداخەوە لە رووداوێکدا شەھید کرا، پرسەو سەرەخۆشی و ھاوخەمی قووڵی خۆم ئاراستەی خانەوادە تێکۆشەرەکەتان و سەرجەم ھەڤاڵ و ھاوڕێکانی کاکە نیاز جەلال بەگ دەرگەڵەیی دەکەم، ھیواخوازم ئەمە دواکۆست و ناخۆشی ھەموو لایەک بێت، خوای گەورە سەبووری ھەموومام بدات و کۆچکردوو جێگای بەھەشتی بەرین بێت.
کۆسرەت رەسول عەلی
سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
دەقی پەیامەکە...
بەڕێزان بنەماڵەی ھونەرمەندی دیاری کوردستان (شکور خەیات)
بەداخێکی زۆرەوە ھەواڵی کۆچی دوایی ھونەرمەندی بەئەزموون و مەقامبێژی ناسراو (شکور خەیات)م پێگەیشت.
شکور خەیات خاوەنی دەنگێکی رەسەن و مامۆستایەکی لێھاتووی مۆسیقا و مەقام بوو، ئەو خزمەتە مەزنەی پێشکەشی کەلتوور و ھونەری کوردی کردووە بۆ ھەمیشە لە یادەوەریماندا بەزیندوویی دەمێنێتەوە.
بۆ ئەم خەمە گەورەیە پرسە و ھاوخەمیی قووڵی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵە، ھونەرمەندان و ھاوڕێیانی دەکەین و لەخوای گەورە داواکارین سەبووری بەھەموولایەک ببەخشێت.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان