کارەبای سلێمانی: کارەبای ئەم بازاڕانەی سلێمانی دەبڕێت
هەساو ئەمیر
٢٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
کارەبای سلێمانی رایگەیاند، ئەو دوکانانەی دەکەونە سەر چوار شەقامی سەرەکی ناوبازاڕی سلێمانی رۆژانە کارەبایان دەبڕێت.
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کارەبای سلێمانی رایگەیاندووە، ئاگاداری هاوبەشانی كارەبای ناوبازاڕ لە شەقامەکانی ئۆرزدی، سابونکەران، ئەسحابە سپی و کاوە دەکەنەوە، كە كارەباكانیان دەكەونە سەر فیدرەكانی 306، 310، 316، 33، 33م، 34، 34م، 38 وێستگەی گۆڕینی كارەبای ناوەندی شار و وێستگەی مەڵكەندی، کارەباکانیان دەبڕێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بڕینی کارەباکانیان بەهۆی كاركردنی تیمەكانی پێوەری زیرەكە، کە کارەباکانیان بۆ دەگۆڕن بۆ پرۆژەی رووناكی.
دەشڵێت، ئەو دووکانانە رۆژانە لە كاتژمێر 8:00ی بەیانی بۆ 4:00ی پاشنیوەڕۆ كارەبای نشتیمانیان نابێت، تاوەکو كارەكانی پرۆژەكە تەواو دەبێت .