پۆلیسی راپەڕین بڵاویکردووەتەوە، شەوی رابردوو چوار کەس بە برینداری گەیەنراونەتە نەخۆشخانە کە دواتر یەکێکیان گیانی لەدەستداوە، پەیامنێری کوردسات نیوزیش دەڵێت، سەرەتا بووەتە دەمەقاڵێیان.

پۆلیسی راپەڕین بڵاویکردووەتەوە، کاتژمێر ١ی شەوی رابردوو، چوار کەس کە دووانیان مێردمنداڵ بوون بە برینداری گەیەنراونەتە نەخۆشخانەی گشتیی رانیە، کە شوێنەواری فیشەک بە جەستەیانەوە بووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو چوار کەسە سەرجەمیان لە رەگەزی نێر بوون، کە دوو مێردمنداڵەکە یەکیان بەناوی (د، ج، ئـ) لەدایکبووی ساڵی ۲۰۰۷ و خوێندکار بووە، یەکێکی دیکەیان بە ناوی (ب، م، ئـ) لەدایکبووی ساڵی ۲۰۰۹ و بەهەمان شێوە خوێندکار بووە.

دوو گەنجەکەی دیکەش یەکیان بەناوی (ژ، ئـ، ک) لەدایکبووی ساڵی ۲۰۰٤ و ئەوەی دیکەش بەناوی ( بــ، ف، ک) لەدایکبووی ساڵی ۲۰۰٤، کە کاسبکار بوون.

پۆلیسی راپەڕین نووسیویشییەتی، سێ لە بریندارەکان چارەسەریی سەرەتاییان بۆ کراوە، بەڵام بەهۆی سەختی برینەکانیانەوە رەوانەی نەخۆشخانەکانی سلێمانی کراون، بەڵام دواتر یەک لە بریندارەکان بە ناوی (ژ. ئـ. ک) بەهۆی سەختی برینەکەیەوە لە رێگادا گیانی لەدەستداوە.

ئەوەش هاتووە، لەئێستادا تۆمەتبارەکانی دیکە راگیراون و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستی پێکردووە.

پەیامنێری کوردسات نیوزیش لەبارەی رووداوەکەوە باسی لەوەکرد، ئەو چوار کەسە سەرەتا بووەتە دەمەقاڵێیان.