هەسەدە كوژرانی شەش ئەندامی گروپە چەکدارەکانی هاوپەیمانی تورکیا لە مەنبج رادەگەیەنێت
٢٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
بەپێی ئامارێكی هەسەدە لە 24 سەعاتی رابردوودا لە مەنبج، شەش ئەندامی گروپە چەکدارەکانی هاوپەیمانی تورکیا كوژراون و نۆی تریش برینداربوون.
هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لە باشووری مەنبج لەگەڵ گروپە چەکدارەکانی هاوپەیمانی تورکیا رووبەڕووبوونەوە رویداوە و لە ئەنجامدا چوار چەكدار كوژراون و پێنجی تریش دەستگیركراون.
راشیگەیاندووە، هێزەكانیان توانیویانە درۆنێكی بۆمبڕێژكراو بخەنە خوارەوە كە ئاڕاستەی بەنداوی تشرین كرابوو، دواتریش بەنداوەكە لەلایەن سوپای توركیا و گروپە چەكدارەكانەوە بە فڕۆكەی جەنگی و چەكی قورس بۆردومانكرا و بەهۆیەوە پاسەوانێكی بەنداوەكە كوژرا و ژمارەیەك پاسەوانیش برینداربوون.
هەسەدە ئاماژەی بەوەشكردووە، لە پردی قەرەقۆزاقیش رووبەڕووی گروپە چەكدارەكانی هاوپەیمانی تورکیا بوونەتەوە و دوو چەكدار كوژراون و چواری تریش برینداربوون.



