ماوەی حەوت رۆژە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە سلێمانی بەردەوامن لە مانگرتن و هیچ خواردنێک ناخۆن، تیمە پزیشکییەکانیش بەردەوامن لە چاودێریکردنی چڕی تەندروستییان، لەلایەکی دیکەوە ئەمڕۆ هەر 13 مانگرتووەکە بڕیاریان داوە کفن لەبەر بکەن و بچنە ناو خۆپیشاندەرانەوە.

ئەو مامۆستایانە سەرەڕای ئەوەی دۆخی تەندروستییان تێکچووە و توانای قسەکردنیان نەماوە، بەڵام باس لەوەدەکەن، ئەوان سوورن لەسەر مانگرتن تاوەکو دەگەن بە ئامانجەکانیان.

دەشڵێن، تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێک بەشێوەیەکی جددی وەڵامی نەداونەتەوە و هیچ وەڵامێکی یەکجارەکییان پێنەگەیشتووە.

ئەو 13 مانگرتووەی سلێمانی بڕیاریان داوە ئەمڕۆ کفن لەبەربکەن و بچنە ناو خۆپیشاندەرانەوە.

ئەو مامۆستایانە بە گشتیی خێزاندارن و خاوەنی ماڵ و منداڵن باس لەوەدەکەن، لە ماڵ و منداڵیان دابڕاون و رۆژ بە رۆژ تەندروستییان بەرەو خراپتر دەڕوات و لاواز دەبن، بەڵام ئیرادەیان بەهێزە.

دەڵێن، پێویستە وەڵامێکی شایستەیان بدرێتەوە، تاوەکو ئێستا کە تەندروستیان بەرەو خراپبوون دەچێت، بەڵام هیچ وەڵامێکیان نەدراوەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە تیمە پزیشکییەکان بەردەوام بە چڕی چاودێریی تەندروستییان دەکەن و پشکنینیان بۆ دەکەن.