نرخی ئەمپێری کارەبای موەلیدە بۆ مانگی رابردوو دیاریکرا و لە سلێمانی کاتی پێدانی کارەبا دەگۆڕێت.

پەیامنێری کوردسات نیوز لە هەولێر باسی لەوەکرد، لە هەولێر نرخی ئەمپێری کارەبای موەلیدە لەنێوان 16 هەزار و 500 بۆ 20 هەزار دیناردایە و بەپێی پێدانی کارەبای موەلیدە لە گەڕەکەکاندا نرخەکەی دەگۆڕێت.

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کارەبای سلێمانی رایگەیاندووە، لە سلێمانی نرخی یەک ئەمپێر لەنێوان 15 بۆ 16 هەزار دیناردایە، لەو گەڕەکانەشی کاتی کارکردنیان زیاترە، نرخی یەک ئەمپێر لەنێوان 18 بۆ 19 هەزار دیناردایە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە مانگی شوباتدا کاتی کارپێکردنی موەلیدەکان دەگۆڕێت و رۆژانە لە سەعات 12ی نیوەڕۆ بۆ 1ی شەو کاردەکەن، بەیانیانیش لە سەعات 6 و 30 خولەک بۆ 8 کاردەکەن.

لەلایەکی دیکەوە پەیامنێری کوردسات نیوز لە دهۆک رایگەیاند، لە دهۆکیش نرخی کارەبای موەلیدە دیاریکراوە و یەک ئەمپێر 20 هەزار دیناری بۆ دیاریکراوە.