ئامانج رەحیم: عیراق بە تێچووی تێكڕای 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك نەوت هەرێمی كوردستان قەرەبوو دەكاتەوە
لاوان
٢ی شوباتی ٢٠٢٥
سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم دەقی هەمواری یاسایی بوودجە تایبەت بە دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم روونكردەوە و دەڵێت، بەپێی هەمواری یاساكە، حكومەتی عیراق لە خەرجییە سەرەوەرییەكان قەرەبووی هەرێم دەكاتەوە بۆ تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت.
ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت، لەماوەی 60 رۆژی سەرەتای چوونە بواری جێبەجێكردنی یاساكەوە، بە هەماهەنگی نێوان هەولێر و بەغداد لیژنەیەكی راوێژكاری تەكنیكی نێودەوڵەتی دەستنیشان دەكرێت، بۆ خەمڵاندنی تێچوی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت لە هەر كێڵگەیەك بە جیا، دواتر بە رێككەوتنی نێوان هەردوو وەزارەتی نەوت و سامانە سروشتییەكان و بە پشتبەستن بەو خەمڵاندنە، عیراق حكومەتی هەرێم قەرەبوو دەكاتەوە بۆ فرۆشتنی نەوت لە رێگەی كۆمپانیای " سۆمۆ"وە.
دەشڵێت، بە جێبەجێكردنی یاساكە، هەناردەی نەوتی هەرێم لە رێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە، بە تێچووی تێكڕای 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك دەستپێدەكاتەوە، پاشان دوای تەواوبوونی كاری لیژنە تەكنیكییەكە گۆڕانكاری بەسەر تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت دەێت
سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم دەشڵێت، ئەو قەرەبووەی بڕیارە حكومەتی عیراق بیداتە حكومەتی هەرێم لەبەرامبەر تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت، بەشێوەی پێشینە دەبێت.