کوردستان


سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی سلێمانی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ھۆکاری راگرتنی بەشە بەنزینی سلێمانی لەلایەن عێراقەوە نادیارە و نازانرێت کەی دەست بەدابەشکردنەوەی دەکرێت، وتیشی، پێشتر بۆ ماوەی زیاتر لە ٢٠ رۆژ، رۆژانە شەش تانکەری ٣٦ ھەزار لیتری بەنزینی نۆرماڵ لە عێراقەوە بۆ سلێمانی دەھات، کە ٣ تانکەری لەناو شار و ٣ تانکەریشی بۆ قەزا و ناحیەکان دابین دەکرا و لیتری بە ٦٩٠ دینار بە شۆفێران دەفرۆشرا، ئەوەش کاریگەری کردبووە سەر دابەزینی نرخی جۆرەکانی تری بەنزین.

سەرچاوەکە راشیگەیاند، ئەو بازرگانانەی پێشتر پارەیان لە بانک بۆ کڕینی بەنزینی تر لە عێراق خەواندووە، پارەکانیان نافەوتێت و دەتوانن وەریبگرنەوە.

 بەپێی زانیارییەکانی کوردسات نیوز، چاوەڕواندەکرێت لەکاتی دواکەوتنی بەنزینی ٦٩٠ دیناری بۆ سلێمانی، جارێکی تر نرخی بەنزین بەرزببێتەوە.
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ناوەندی بومەلەرزەزانی زانکۆی تاران رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ بومەلەرزەیەک بە گوڕی ٤.٣ پلە بە پێوەری ریختەر و بە قوڵی ١٢ کیلۆمەتر ژێرزەوی، لە ١٨ کیلۆمەتریی خانەقین و  ١٩ کیلۆمەتریی شاری قەسری شیرینی سەر بە پارێزگای کرماشان روویداوە.

پەیامنێری کوردسات نیوز لە خانەقین رایگەیاند، چەقی بومەلەرزەکە گوندی دارەخورما بووە و بومەلەرزەکە ھیچ زیانێکی گیانی و ماددی لێنەکەوتووەتەوە.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لەئێستادا ھیچ بڵاوبوونەوەیەکی نەخۆشی ھەوکردنی پەردەی مێشک لە منداڵاندا بەشێوەی پەتا و شەپۆل لەسنوری گەرمیان بوونی نییە، ئەوەی ھەیە حاڵەتە کە لە زانستی پزیشکیی و پەتازانیدا ئاستەکەی ئاساییە و نەگەیشتووەتە دۆخێکی مەترسیدار.

راشیگەیاندووە، بەشی نەخۆشییە گوازراوەکان و نەخۆشخانەکانیان راسپاردووە بۆ ئەوەی ئامادەکاریی بکەن بۆ ھەر حاڵەتێکی جیاواز، تاوەکو دانیشتوانی سنورەکە دڵنیایی پێویستیان ھەبێت.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیان داواشی لە ھاووڵاتیانی سنورەکە کردووە، لەکاتی ھەر نیشانەیەکی نەخۆشیەکە و ناڕەحەتییەکی منداڵەکانیان، سەردانی پزیشکانی مەڵبەند و بنکە تەندروستییەکان و نەخۆشخانەکان بکەن بۆ دەستنیشانکردن و وەرگرتنی چارەسەری پێویست تەنانەت ئەگەر حاڵەت و نەخۆشییەکانیش سادەبن، بەپێچەوانەوە بەھیچ شێوەیەک بۆ دەستنیشانکردن و وەرگرتنی چارەسەر پەنا بۆ ھیچ دەرمانخانە و نۆرینگەیەکی خاوەن پیشەی دیکە نەبرێت کە لەلایەن پزیشکانەوە بەڕێوەنابرێن.

تائێستا لە نەخۆشخانەی قەڵا چوار حاڵەتی تووشبوون بە ھەوکردنی مێشک تۆمارکراوە و سێ بۆ چوار حاڵەتی گومانلێکراوی دیکەش ھەیە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

راگەیاندنی بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی ھەولێر بڵاویکردەوە، "د. دلۆڤان محەمەد" بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ھەولێر، بۆ مەبەستی ھاوکاری و پاڵپشتی  ٥٠٠ پاکەت دەرزی چارەسەری رەوانەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی ھەڵەبجە کرد، ئەوەش دوای زیادبوونی حاڵەتەکانی ھەوکردنی مێشک لە چەند ناوچەیەکی ھەرێمی کوردستان، بە تایبەت ھەڵەبجە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی ھەولێر بڵاویشیکردەوە، لەگشت حاڵەتەکانی بڵاوبوونەوەی پەتاکان و ڤایرۆسەکان لەژێر رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی ھەرێمی  کوردستان  ھەماھەنگن لەپەیوەندیکردن بۆ ھەر پێویستییەک بۆ دابینکردنی دەرمان و پێدویستی پزیشکی لەسنوری ھەرێمی کوردستان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمڕۆ چوارشەمە بەرێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی رایگەیاند، لیژنەی باڵای دیاریکردنی نرخی کارەبای کۆمەڵگاکانی نیشتەجێبوون (ستیەکان) کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا و تیایدا نرخی کیلۆواتی کارەبای موەلیدەی بۆ مانگی (٤) نیسان دیاریکرد، کە بریتیە لە (٢٩٨) دینار بۆ ھەر کیلۆواتێک.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لەکۆبوونەوەکەدا کە نوێنەری ئەنجومەنی ستیەکانی ناو شاری سلێمانی  ئامادەبوون، بەگوێرەی نرخی گازوایل لەبازاڕ و ئەو توێژینەوەیەی بۆ خەرجی موەلیدەی ستیەکان ئامادەکراوە نرخی کیلۆوات ھاوەرێک کارەبای موەلیدەی ستییەکان بریتیە لە (٢٩٨) دینار، لە کاتێکدا مانگی رابردوو (ئازار) نرخی کێلۆوات ھاوەرێک بە (٣٩٥) دینار بوو.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەمە لە کاتێکدایە مانگی رابردوو( ئادار) نرخی کیلۆوات ھاوەرێک بە (٣٩٥) دینار بووە. 

کارەبای سلێمانی راشیگەیاند، پێویستیشە سەرجەم ستیەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی پابەندبن بەنرخەکەوە، بەپێچەوانەوە ئەگەر زیاتر لەو نرخە وەربگرن رووبەڕووی رێکاری یاسایی دەکرێنەوە و سزادەدرێن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی ھەرێم رایگەیاند، دوابەدوای پێشکەشکردنی سەرجەم رێککارەکانی پەیوەست بە زیادکردنی ژمارەی بەنداوەکان لە ھەرێمی کوردستان و لە چوارچێوەی پلانی ستراتیژی روبەروبوونەوەی دیاردەی ووشکەساڵی و گرنگیدان بە چۆنیەتی سوودوەرگرتن و گڵدانەوەی سەرچاوەکانی ئاوی ھەرێمی کوردستان و پارێزگاری لە ئاسایشی ئاو و باشترکردنی دۆخی ئاو، حکومەتی فیدڕاڵی بڕیاری کۆتاییداوە لەسەر دروستکردنی ھەر سێ بەنداوی دەلگە لە ئیدارەی ڕاپەرین و مەنداوە لە ھەولێر و باکرمان لە دھۆک لەسەر بودجەی پەرەپێدان و دابینکردنی ئاسایشی ئاو و خۆراک.

لەوبارەیەوە بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی ھەرێم رایگەیاند، جێبەجێکردن و وەڵامدانەوەی ئەو داواکارییە و دەستپێشخەرییان کە دیزاینی تەواوی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەنداوەکانی وەزارەتەکەیان ئامادە و پێشکەشکراوە، دەبێتە بنەمایەکی بەھێزی ھەنگاونان بەرەو سەقامگیری ئاسایشی ئاو و زیادکردنی سەرچاوەکانی خەزانی ئاو لەناو خاکی ھەرێم، کە توانای گڵدانەوەی نزیکەی ملیارێک مەتر سێجا ئاو ھەیە و لەداھاتوودا دەبێتە وێستگەیەکی بەسوودی دابینکردنی پێویستیەکانی ئاو و کارەبا و پەرەپێدانی سێکتەری کشتوکاڵ لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان و عێراق بەگشتی.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە کۆبوونەوەکەدا، تاوتوێی کێشە و بەربەستەکانی بەردەم ساغکردنەوەی بەرھەمەکانیان و بەرزبوونەوەی تێچووی بەرھەمھێنانی پڕۆژەکانی خاوەن پڕۆژە پەلەوەرییەکان کرا، ھەروەھا نوسراوێکی رەسمی ئاراستەی وەزیری کشتوکاڵی عێراق کرا بۆ ئاسانکاری و کردنەوەی رێگاکانی ھەناردەکردنی بەرھەمی کێڵگە پەلەوەرییەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ بازاڕەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق، لە چوارچێوەی ھەڵمەتی نیشتیمانی بەبازاڕکردنی بەروبوومە خۆماڵییەکان لەسەرتاسەری عێراقدا.

ھەر لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیاردرا نوسراوێکی رەسمی ئاڕاستەی وەزارەتی ناوخۆ و پارێزگارەکان و ئیدارە سەربەخۆکان بکرێت، بۆ ئەوەی ھەماھەنگی بکەن لەپێناو پاڵپشتی راستەوخۆی خاوەنی کێڵگە پەلەوەرییەکانی ھەرێمی کوردستان و رێگریکردن لە زەرە و زیانی پڕۆژەکانیان و دڵنیایدان لەسەر بەبازاڕکردنی بەروبوومەکانیان و پارێزگاری لە ئاسایشی خۆراک و پاڵپشتی لە بوژانەوەی کەرتی پەلەوەری و دەواجن بە گشتی.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

د.پشدەر عەبدوڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، دوای ئەوەی کەسوکاری نەخۆشێک نزیک سەعات ١١:٠٠ی شەوی رابردوو ھەوڵیدا بچێتەژوورەوە و پۆلیسی نەخۆشخانەکەش وەک ئەرکی خۆیان پێیانوتووە دایک و باوکی نەخۆشەکە لە ژوورەوەیە و ئەم کەسەی دیکە مۆڵەتی چونەژوورەوەی نییە، دوای چەند سەعاتێک ئەو کەسە لەگەڵ کەسێکی دیکە بە چەک ھەڵیانکوتایەسەر نەخۆشخانەکە و تەقەیەکی زۆریان کرد بەناو نەخۆشخانەکەدا.

د.پشدەر عەبدوڵا راشیگەیاند، لە ئەنجامی تەقەکان پۆلیسێک و کارمەندێکی پرسگەی نەخۆشخانەکە برینداربوون و یەکێکیان قاچی شکاوە و لە نەخۆشخانەی شار چارەسەر وەردەگرن.

سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانیش بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لەسەر رووداوی تەقەکردنەکەی نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی، دوو کەس دەستگیرکراون، کە یەکێکیان خاڵی منداڵەکە بووە و تەمەنی سەروو ٢٠ ساڵ بووە. 

 


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان ئامارێکی سەبارەت بە قوربانیانی خۆپیشاندانەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، لە مانگی ئاداری ٢٠٢٢ تا ئاداری ٢٠٢٣ بەھۆی ناڕەزایەتییەکان ١٢٣ کەس کوژراون، کە ١١ کەسیان منداڵن.

بەپێی ئامارەکە، زۆرتری خۆپیشاندەر لە پارێزگای ورمێ کوژراوە، کە ژمارەیان ٤٨ کەسە، ھەروەھا لە سنە ٣٩ کەس و لە کرماشان ٢١ کەس کوژراون.

ھەر بەپێی ئامارەکە، لە ھەموو شارەکانی تری ئێران ٥٧٣ کەس کوژراون، ھەزاران کەسیش دەستگیرکراون.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەقی پەیامەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی... 

چل وحەوت ساڵ لەمەوبەر و ھەر ساڵێک دوای دامەزراندنی  یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بۆ رووبەڕوبونەوەی سیاسەتە تەعریبی و بەعسییەکانی  رژێمی شۆڤێنی بەغدا لەکایەی پەروەردەو خوێندندا لە ٢٦ی نیسانی ١٩٧٦ دا یەکێتی خوێندکارانی شۆرشگێڕی کوردستان دامەزرا کەدواتر ناوەکەی بووە( کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان)، ھەرچەندەئەو سەردەمە دامەزراندنی ھەر رێکخراوێکی  پیشەیی لە دەرەوەی سیستمی بەعس سزای لە سێدارەدان و زیندانیکردن  چارەنوسی بوو، بەڵام رێکخراوی  خوێندکاران توانیان ئومێدێک بدەنەوە توێژی شۆرشگێڕی خوێندکارانی کوردستان و لەوبارە ناھەموارەی کە ئاشبەتاڵ باڵی نائومێدی بەسەر گشت کوردستاندا کێشابوو، سیاسەتی بەسەربازگەکردنی ژیانی مەدەنی و کۆنترۆڵکردنی بەعسییانەی ژیانی لاوان و خوێندکاران، لەپانتایی دامەزراوەکانی خوێندن وزانست لە سەرتاسەری کوردستان و عیراقدا بە تایبەتیش لە ناوەندێکی بە جوڵەی تاکەزانکۆی کوردستانی ئەو کات ،زانکۆی  سلێمانی، کە مەڵبەندی  پێگەیاندنی سەدان کادری وشیاری  رێکخستنەکانی  یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو.

دامەزراندنی کۆمەڵەی خوێندکاران ورەی بە بەرگیانی خوێندکاراندا بەخشیەوە کە لێبڕاوانە رووبەڕووی  سەرانی رژێم و بەرنامە  شۆڤێنیەکەیان ببنەوە ولەو ساڵانەوە نارەزایی لەناوەندەکانی خوێندن چەکەرەی کرد وتاکو لەسەرەتای ھەشتاکاندا پەلی بۆ خۆپیشاندانەکانی  شارەکانی کوردستان ھاویشت ، جوڵانەوەی شۆڕشگێری  خوێندکاران بووە دیمەنێکی سەربەرزی خەباتی دیموکراتی و پیشەیی شۆرشی نوێی گەلەکەمان ، رەوتی تێکۆشانی کۆمەڵەی خوێندکاران جگە لە ئەرکی خەباتی پیشەیی لەخەباتی  سیاسیشدا  داینەمۆی  پێگەیاندنی کادری  پێشکەوتوبون بۆ رێکخستنەکانی  یەکێتی وزۆربەی سەرکردەو فەرماندە و پێشمەرگەکانی  سەرەتای شۆرشی نوێ لە ئەندام و کادرەکانی  کۆمەڵەی  خوێندکاران  بوون.

 ئەمرۆ و لە ساڵیادی دامەزراندنی ئەو رێکخراوەدا سەری رێز بۆشەھیدانی  کاروانی تێکۆشانی کۆمەڵەی  خوێندکاران دائەنەوێنین و سڵاو بۆ تێکۆشەرە ماندونەناسەکانی ئەو رێکخراوەکە لە جۆش وخرۆش پێبەخشینی شۆرش وبەرگریدا لەو رۆژە سەختانەدا رۆڵی پێشەنگیان ھەبووە .

بۆپێشەوەش بەرەو بوژاندنەوەی چۆنایەتی خەباتی خوێندکاری و پیشەیی  خوێندکارانی کوردستان بە فۆرمێکی نوێ وبۆ سەردەمێکی نوێ.

مەکتەبی سیاسیی 
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

د.ئازاد مستەفا بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ھەڵەبجە رایگەیاند، بێدی چۆڵ نەماوە لە نەخۆشخانەی منداڵان و پێویستە نەخۆشخانەیەکی تر دابین بکەن بەڵام بە بێ کارمەند ئەستەمە.

وتیشی، رۆحی منداڵانی ھەڵەبجە چاوەڕێی چارەنوسی ئەو ١٣٠ خۆبەخشەن تا ببنە فەرمانبەری حکومەت و خزمەتی منداڵان بکەن.

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ھەڵەبجە، داوا لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران دەکات ئەگەر باوانی ئەو منداڵە ھەڵەبجەییانە بە کورد دەزانن، ئەوا ڕەزامەندی بدەن لە سەر دامەزراندنی ئەو ١٣٠ کەسەی نەخۆشخانەی بیارە کە ناوەکانیان لە ئەنجومەنی راژەیە، بۆ ئەوەی خزمەتی نەوەکانی داھاتووی ھەڵەبجە بکەن.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان لەبارەی یاسا و رێنماییەکانی چەک راگەیەندراێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، داوا لە لایەنە سیاسییەکان دەکات ھاوکاریان بن بۆ بنبڕکردنی دیاردەی ھەڵگرتنی چەک لە ماڵاندا کە ھۆکاری زیادبوونی توندوتیژییە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەندام و لایەنگری حزبەکانیش پێویستە لەگەڵ یاسای نوێی ھەڵگرتنی چەک خۆیان بگونجێنن و لەکاتی زۆر پێویستدا نەبێت چەک ھەڵنەگرن.

وەزارەتی ناوخۆ داواش لە دەزگاکانی راگەیاندن دەکات پەرە بە کلتوری ناتوندوتیژی بدەن و ھانی ھاووڵاتیان بدەن تا بۆ چارەسەری کێشەکانیان پەنا بۆ گفتوگۆ و دادگاکان بەرن، دەشڵێت، پێویستە لەھەمو بارەگای لایەنە سیاسییەکاندا کۆگای ھەڵگرتنی چەک ھەبێت تاوەکو تەنھا لەکاتی پاسەوانیدا چەک ھەڵبگیرێت.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمڕۆ لەکاتی کردنەوەی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە ھەرێمی کوردستان، ١٠٠ دۆلار بە ١٤٢ ھەزار و ٥٠٠ دینار بوو، بەڵام دواتر بانکی ناوەندی عێراق ١٧١ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار دۆلاری خستەڕوو کە ١٦٤ ملیۆن و ٤٠٠ ھەزار دۆلاری بە حەواڵە و حەوت ملیۆن و ١٠٠ ھەزار دۆلاریشی بە کاش بوو، لە ماوەی ئەمساڵیش ئەوە کەمترین بڕی خستنەڕوو بوو بە کاش.

سەرەڕای خستنەڕووی ئەو بڕە کەمەی دۆلار، بەڵام بەھای دینار بەرێژەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە و بەھای ١٠٠ دۆلار گەیشتە ١٤٠ ھەزار دینار.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

د.سەباح ھەورامی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند، تائێستا ھیچ حاڵەتی گیان لەدەستدان بە نەخۆشی ھەوکردنی مێشک تۆمارنەکراوە و ھاووڵاتیان دڵنیادەکەنەوە نەخۆشییەکەی جێگەی نیگەرانی و دڵەڕاوکێ نییە.

راشیگەیاند، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، لەسەر ئەو پرسە لەسەر خەتە و رایسپاردون چی پێویستە بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەکە بیکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، پشکنینی تووشبووەکان رەوانەی تاقیگەی ناوەندیی لە بەغداد دەکەن و سبەینێش وەفدێکی وەزارەتی تەندروستیی عێراق سەردانی ھەڵەبجە و سلێمانی دەکەن.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەشدار حەسەن ئەندامی تیمی پارێزەرانی دەستگیركراوانی بادینان رایگەیاند، رۆژنامەنووس شێروان شێروانی بەدەست و پێ كەلەپچەكراوی برایە دادگای لێكۆڵینەوەی دەشتی هەولێر له كەسنەزان.

وتیشی،  لەسەر سكاڵای ئەفسەرێكی ناو چاكسازی و تۆمەتی ساختەكردنی پەنجەمۆری گوهدار زێباری وتە لە شێروان شێروانی وەرگیرا، بەڵام رۆژنامەنووس شێروان شێروانی هەردوو تۆمەتەكەی رەتكردەوە و وتی، بێتاوانە لەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵی.


 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئاژانسی رۆیتەرز بە پشتبەستن بە چەندین سەرچاوەیەک لە ناوخۆی عێراقەوە بڵاویکردووەتەوە، چەندین ئاماژە ھەن کە لەچەند ھەفتەی داھاتوودا ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە، ئەوەش دوای مانگێک لە راگرتنی لە بەندەری جەیھانی تورکیاوە. 

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، رەوشی دارایی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەھۆی نەبوونی داھاتی نەوت خراپ بووە، دوو سەرچاوە بە رۆیتەرزیان وتووە، حکومەتی ھەرێم و دامەزراوەی سۆمۆ بەنیازن لە سەرەتای مانگی ئایار ھەناردەکە دەستپێبکاتەوە، بەڵام ئەو وادەیە ھیچ گرەنتییەکی لەسەر نییە.

رۆیتەرز راشیگەیاندووە، تورکیا ھەوڵدەدات گفتوگۆ لەگەڵ بەغداد بکات سەبارەت بەبڕی ١.٥ ملیار دۆلار، کە دەبێت وەک قەرەبوو بیداتەوە، بەڵام عێراق ئامادەیی بۆ گفتوگۆ دەرنابڕێت و ئەوەش تورکیای نیگەرانکردووە، تورکیا دەشیەوێت پێش دەستپێکردنەوەی ھەناردەکە، ھەموو ئەو بابەتەتانەی پەیوەندییان بە نەوتی ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە و لە دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس یەکلانەبوونەتەوە، یەکلابکاتەوە.

رۆیتەرز لە سەرچاوەیەک لە حکومەتی ھەرێمی کوردستانیشەوە وتویەتی، تورکیا دەیەوێت تا دوای ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کە بڕیارە لە ١٤ی ئایار بەڕێوەبچێت، بابەتی ھەناردەی نەوتی ھەرێم دوابخات. 



بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...280281282283284...764