وەفدی هەرێم و بەغدا گەیشتن بە خاڵی رێککەوتن
هەساو ئەمیر
٢ی شوباتی ٢٠٢٥
پەیامنێری کوردسات نیوز لە بەغداد باسی لەوەکرد، وەفدی هەرێم و بەغدا گەیشتوون بە خاڵی رێککەوتن و لێکتێگەیشتنی باش لە نێوانیاندا هەیە.
پەیامنێری کوردسات نیوز لە بەغداد ئەوەشی خستە روو، گرفتە داراییەکانی نێوان هەرێم بەغداد بەرەو چارەسەری یەکجاریی هەنگاو دەنێت و کۆبوونەوەکانی وەفدی دارایی هەرێم لەگەڵ وەزارەتی دارایی عیراق چڕ و پڕتر بوون، تاوەکو ئێستا کارەکانی وەفدی هونەری و دارایی هەرێم و بەغداد بەردەوامە لەپێناو نەهێشتنی گرفتەکانی ناو لیستی موچە.
ئاماژەی بەوەشکرد، دووەم رۆژی کۆبوونەوەکەی نێوان هەردوولا زیاتر لە ١٣ سەعاتی خایاندووە تاوەکو گەیشتوون بە خاڵی رێککەوتن.
وتیشی، ئێستا لێکتێگەیشتنی زۆر باش لەنێوان هەرێم و بەغدا هەیە سەبارەت بە پرسی موچە، ئەم لیستەی کە دانراوە رەزامەندی تەیف سامی وەزیری دارایی عیراقی لەسەرە و تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ پشتی پێ دەبەسترێت.
پەیامنێری کوردسات نیوز دەشڵێت، لە ئێستادا وەفدەکەی حکومەتی هەرێم لە بەغدادە و لە چاوەڕوانی خەرجکردنی موچەی مانگی یەکە، وەزیری دارایی عیراق ئیمزای لەسەر نووسراوی خەرجکردنی پارەی موچەکە کردووە، تەنها هەندێک کاری هونەری هەردوو دارایی هەرێم و بەغدا ماوە تاوەکو لیستەکە جێگیر بکرێت و پارەی موچە رەوانە بکرێت.
باسی لەوەشکرد، بڕی پارەکە زیاتر لە یەک ترلیۆن دینارە و ئەمڕۆ لەلایەن وەزارەتی دارایی عیراقەوە دەخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی هەرێم، ئەو موچە خۆرانەشی بایۆمەتریان بۆ نەکراوە، دەبێت کەموکوڕییەکانیان چارەسەر بکرێت و ناوەکانیان بخرێتە ناو لیستی موچەوە.