وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی ھەرێم لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، پڕۆژەی چارەسەرکردنی زیانەکانی بەنداوی دەربەندیخان بەھۆی بوومەلەرزەکەی ساڵی ٢٠١٧، بە گوژمەی دوو ملیار و ٢٨٠ ملیۆن دینار بەردەوامە و بودجەی پرۆژەکە لەلایەن حکومەتی ھەرێم و وەزارەتی کشتوکاڵ دابینکراوە و لەلایەن بەرێوەبەرایەتیی گشتی بەنداو و کۆگاکانی ئاو سەرپەرشتی دەکرێت.
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو دەشڵێت، سەرەڕای بوونی قەیرانی دارایی لە ھەرێم ٧٥٪ی کارەکانی تەواو بووە و پڕۆژەکە بە بەردەوامی لەلایەن کۆمپانیای جێبەجێکارەوە کاری تێدا دەکرێ
ئەندامێکی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، ھیچ رێگرییەک لەبەردەم ناردنی ٧٠٠ ملیارەکە بۆ ھەرێم نەماوە و چاوەڕواندەکرێت ئەم ھەفتەیە پارەکە بگاتە ھەرێم.
د.جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، چەند ئەندامێکی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران کە کوردیشیان لەنێودایە، لەگەڵ لیژنەیەکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆدەبنەوە بۆ ھەموارکردنەوەی یاسای بوودجەی ساڵی ٢٠٢٣.
ئەمڕۆ دووشەممە ٤/١٢/٢٠٢٣ سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە قەزای مەخمور سەردانی بارەگای مەڵبەندی ٢٠ی قەرەچووغی کرد و لەلایەن سەردار سیامەند لێپرسراوی مەڵبەند و ژمارەیەکی زۆر لە کادیرانی پیشکەوتووی سنورەکە پێشوازیکرا، لەکۆبوونەوەیەکدا سەعدی ئەحمەد پیرە سەبارەت بە بەرنامە و پلانی لیستی ژمارە ١٣٤ "اتحاد اھل نینوی" بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزکاگانی عێراق لەگەڵ کادیران و تیمەکانی بانگەشەی ھەڵبژاردن گفتوگۆی کرد.
سەعدی ئەحمەد پیرە تەئکیدی کردەوە کە ھاوشان لەگەڵ بانگەشەکردن بۆ کاندیدانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە لیستی "اتحاد اھل نینوی" لە سنوری پارێزگای موسڵ، زۆر گرنگە ھەڵمەتێکی فراوانی ھۆشیاری چۆنیەتی دەنگدان بەڕێوەبچێت، دەنگدەران ھۆشیار بکرێنەوە بە شێوازی نوێی دەنگدان بە گوێرەی یاسا و سیستەمی نوێی ھەڵبژاردن کە تەواو جیاوازە لەگەڵ ھەڵبژاردنەکانی پێشووتر، ھەر لەو کۆبوونەوەیەدا سەعدی ئەحمەد پیرە تەئکیدی کردەوە کە پێویستە بانگەشەیەکی ھێمن و ئارام بەرێوەبچێت، بەھۆی تایبەتمەندی ناوچەکە و بوونی پێکھاتەی جیاواز لە ناوچەکە پێویستە بۆ ھەموو لایەک روونبکرێتەوە کە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە چوارچێوەی لیستی "اتحاد اھل نینوی" داکۆکیکەری سەرجەم پێکھاتە و نەتەوەکانە، کاندیدەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە لیستی "اتحاد اھل نینوی" کاندیدی سەرجەم کۆمەڵانی خەڵکی ناوچەکەیە بەبێ جیاوازی، دەبێتە دەنگ و رەنگی ھەموان لە ئەنجومەنی پارێزگای موسڵ.
سەعدی ئەحمەد پیرە دووپاتی کردەوە کە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان ئامادەیە بۆ پارێزگاریکردن لە مەخمور و خەڵکی ناوچەکە ھەروەھا ھیچ کاتێک خوازیاری ئەوە نین کە خەڵک دێھاتەکان چۆڵبکات بەھەر بیانوێک بێت، یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان خوازیاری ئەوەیە کە ئەم ناوچەیە ھیچ نەبێت بە قەدەر ئەو ھەموو قوربانی و رەنج و ئازارەی کێشاویانە خزمەت بکرێن.
دواتر سەعدی ئەحمەد پیرە رایگەیاند، ھەموومان پێویستیمان بە پاراستنی یەکڕیزی و ئەو پێکەوە ژیانە ھەیە کە چەندین ساڵە خەڵکی مەخمور بە کورد و عەرەب و پێکھاتەکانی ترەوە پیادەی دەکەن، جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستوری ھەمیشەیی عیراق مانای دابەشکردنی عیراق و پێکھاتەکانی نییە بەڵکو بۆ زیاتر پتەوکردنی یەکریزی و تەبایی و پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی عیراقییەکانە لەو ناوچانەی کە بەھاوبەشی دەژین.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا چەندین سەرنج و تێبینی و پرسیار بۆ زیاتر دەوڵەمەندکردنی بەرنامە و پلانی ھەڵمەتی بانگەشەی لیستی ھاوپەیمانی کوردستان لە سنورەکە خرانەڕوو .
دوای کۆبوونەوەکەش ھەر لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ شارۆچکەی مەخمور سەعدی ئەحمەد پیرە چەندین بنەماڵە و کەسایەتی ناوچەکەی بەسەرکردەوە و لە نزیکەوە گفتوگۆی لەگەڵ کردن و لە کێشە و کەم و کوڕی داواکارییەکانی خەڵکی ناوچەکەی پرسی و بەڵینی دا لە ئەگەری سەرکەوتنی لیستی "اتحاد اھل نینوی" دەتوانن بەشێکی زۆر لە خواست و داواکاری و کێشەکانیان چارەسەربکەن.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، سودانی لەگەڵ سەڵاحەدین بەھادین ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی و وەفدێکی یاوەری کۆبووەتەوە و ھەوڵەکانی حکومەت بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بە ھاووڵاتیان لە سەرجەم پارێزگاکان تاوتوێکران.
لەو کۆبوونەوەیەدا سودانی رایگەیاند، حکومەت پەرۆشە بۆ باشترکردنی باری گوزەرانی ھاووڵاتیان لە ھەرێمی کوردستان و رێکخستنی پێدانی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی ھەرێم، ھاوشێوەی ھاووڵاتیانی دیکە لەسەرجەم پارێزگاکانی عێراق، وتیشی، ئەو رێککەوتنانەی لەوبارەیەوە کراون پێویستی بە پابەندبوون ھەیە.
سودانی جەختیشی کردەوە لەوەی، پشتیوانی تەواوی کۆمیسیۆن دەکەن بۆ سەرخستنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کە بڕیارە مانگی شوباتی ساڵی داھاتوو بەڕێوەبچێت.
٢١٠ رۆژنامەنووس و نوسەر و سیاسەتمەدار و کەسایەتی جیاواز و دەزگای میدیایی و رێکخراوەکانی بواری ئازادی رۆژنامەنووسان لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەیان بەوەکردووە، دەستگیرکردنی سلێمان ئەحمەدی رۆژنامەنووس سیناریۆیەکی دووبارەی دەسەڵاتدارانە، کە دەیانەوێت ھاوشێوەی شێروان شێروانی و ھاوڕێکانی و زیندانییانی دیکەی بادینان، بە تۆمەتی بێ بنەما سزای بدەن و زیندانیی بکەن.
جەختیشیان کردووەتەوە، پێویستە ھەموو رۆژنامەنووسان و ئازادیخوازان و رێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی بواری مافی مرۆڤ و ئازادیی رۆژنامەگەریی، بەدەنگ بێن و ئەم پێشێلکاریی و مامەڵە خراپەی دەسەڵات بەرامبەر رۆژنامەنووسان قبوڵ نەکەن، کە ئایندەی ھەرێمی کوردستان بەرەو تونێلێکی تاریک دەبات.
لە راگەیەنراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕو سلێمان ئەحمەد بێتاوانە و لەسەر کاری رۆژنامەوانیی رفێندراوە و بێسەروشوێنکراوە، سەلامەتی گیانیشی لە ئەستۆی ئاسایشی دھۆک و دەسەڵاتدارانی ھەرێمی کوردستاندایە و دەبێت دەستبەجێ و بەبێ مەرج ئازاد بکرێت.
زیاتر لە مانگێکە رۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد، ھەواڵسازی بەشی عەرەبیی ئاژانسی رۆژنیوز لە دەروازەی فیشخابوور لەلایەن ئاسایشی پارێزگای دھۆکەوە بێسەروشوێنکراوە. لەو ماوەیەدا ١٠ جار تیمی پارێزەرانی سلێمان ئەحمەد ھەوڵیان داوە دۆسییەکەی ببینن و دیداری لەگەڵدا ئەنجامبدەن، بەڵام لەلایەن ئاسایشی دھۆکەوە رێگەیان پێنەدراوە.
بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی سلێمانی لە روونکردنەوەیەکدا سەبارەت بە راگرتنی دابەشکردنی نەوت و بڵاوبوونەوەی دەنگۆی دابەشکردنی نەوت بە ٥٠ ھەزار دینار ئاماژەی بەوەدا، تا ئەمڕۆ یەک لیتر لەو نەوتە نەھاتووە کە بڕیار بوو لە سەرەتای ئەم مانگەوە بە بڕی ٥٠ ھەزار دینار بدرێتە ھاوڵاتیان، لە ئێستاشدا ھاوڵاتیان بەوھۆیەوە ئەو نەوتە وەرناگرن کە نرخەکەی ١٠٣ ھەزار و ٥٠٠ دینارە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر ئەو نەوتە ھات، لەسەر بڕیاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە ناوچە شاخاوییەکان دابەشی دەکەن، بڕیاریشدراوە دابەشکردنی نەوت لە ناو شار لە رۆژی سێشەممەوە دەستپێبکاتەوە، بە ھەمان میکانیزم.
سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی رونکردنەوەیەکی سەبارەت بە فراوانکردنی گوندەکان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، گوندی کۆڵەبی یەکێک نییە لەو ٢٩ گوندەی، سنوورەکانیان بە بڕیاری ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی فراوانکران، تەواوی رووبەری گوندی کۆڵەبی (بێجگە لە پارچە زەوی ژمارە ١١٧) بە زیادەڕەوی دادەنرێت نەوەک بە حەرەمی گوند.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردوە، ھەر خانوویەکی نوێ لەو گوندەدا دروستبکرێت بەھیچ شێوەیەک تاپۆ ناکرێت و شارەوانیش بەرپرس نییە لە ھەر زەرەر و زیانێک لە ئەنجامی دروستکردنی خانووی نوێ بەر ھاووڵاتییان بکەوێت.
لە بەشێکی تری راگەیەنراوەکەدا ھاتووە، خانوەکانی ئەو گوندە بەر یاسای قەدەغەکردنی زیادەڕەوی ژمارە سێ ساڵی ٢٠١٨ دەکەوێت و خانووەکانیان بەپێی یاسای تاپۆکردنی خانووە زیادەڕۆکان مەرجی سەرەکیی تاپۆکردن ئەوەیە خانووەکە پێش ٣١/١٢/٢٠٢٠ دروستکرابێت.
رێکخراوی مافی مرۆڤی ھەنگاو رایگەیاند، سەیوان ئیبراھیمی مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی بەڕێوەبەریی ئەنجوومەنی فەرھەنگی کۆمەڵایەتی"نۆژین"، لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە بە تۆمەتی"دروست کردنی گرووپ بۆ تێکدانی ئاسایش" بە ١٠ ساڵ بەندکردن و بەتۆمەتی"پڕوپاگەندە دژی حکومەت"بە یەک ساڵ بەندکردن، سزا دراوە.
سەیوان ئیبراھیمی، مانگی ئابی رابردوو لە دۆسیەیەکی دیکەدا، لەلایەن دادگای تاوانەکانی شاری سنە بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی گشتی"بە یەک ساڵ بەندکردن و دوورخستنەوە و لێدانی ٤٠ قامچی سزادرا، لە مانگی تشرینی دووەمی رابردووش دادگای پێداچوونەوەی سزاکان، سزای بەندکردن و لێدانی قامچیی پەسەندکرد، بەڵام سزای دوورخستنەوەی بۆ بەندیخانەی دێزڵئاوا لە شاری کرماشان ھەڵوەشایەوە.
رۆژی یەکشەممە بە دە مووشەک بنکەیەکی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە شارۆچکەی رمێلانی رۆژئاوای کوردستان کرایە ئامانج، ھەرچەندە تائێستا ھیچ لایەنێک بەرپرسیاریەتی خۆی لە ھێرشەکە رانەگەیاندووە، بەڵام پێشتر ئەمریکا گروپەکانی نزیک لە ئێرانی بە ئەنجامدانی ھێرشەکان تۆمەتبارکردووە.
لەلایەکی دیکەشەوە روانگەی سوری بڵاویکردەوە، لە ھەمان رۆژدا درۆنێک کە ئەگەرێکی زۆر ئەمریکی بووە ئۆتۆمبێلێکی چەکدارانی نزیک لە ئێرانی لە نزیک سنوری عێراق و سوریا بۆردومانکرووە.
ئەوەشی خستوەتەڕوو، بەگوێرەی زانیارییەکان لە ئەنجامی ھێرشەکەدا ئەوانەی لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا بوون، کوژراون.
دوای ئەوەی ھەفتەی رابردوو کوردسات نیوز راپۆرتێکی سەبارەت بە نوسراوی سەر دیوارەکانی ھەولێر بڵاوکردەوە، سەرۆکایەتی شارەوانی ھەولێر راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، لە چوارچێوەی جوانترکردنی سیمای شار و ڕێکخستنەوەی شۆستەو شەقامەکان لەلایەن تیمەکانیان لە بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی پێنج، دەستکراوە بە سڕینەوەی بەشێکی زۆر لە ریکلامە بازرگانییەکان و نوسراوەکانی سەر دیوار لە شەقامەکانی سنوری شارەوانی پێنج.
راشیگەیاندوە، ھەڵمەتەکە لەسنوری ھەموو شارەوانیەکانی سەر بە سەرۆکایەتی شارەوانی ھەولێر جێبەجێدەکرێت و سزای ھەموو ئەو کەس و شوێنانە دەدرێت، ریکلامەکانیان لەسەر دیوار و گەڕەک و کۆڵانەکان دەنوسن یاخود تابلۆی نایاسایی لە شەقامە گشتیەکاندا ھەڵدەواسن کە ببێتە ھۆی نیشاندانی سیمایەکی ناڕێکی ناشارستانی لە شاری ھەولێر.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ھەرێم لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا ١٥١ ملیۆن لیتر نەوت بەسەر ھاووڵاتیاندا دابەشکراوە، لە ھەولێر نزیکەی ٦٠ ملیۆن لیتر نەوت و لە سلێمانی ٥٩ ملیۆن لیتر و لە دھۆک ٣٢ ملیۆن لیتر نەوت بەسەر ھاووڵاتییاندا دابەشکراوە.
راشیگەیاندوە، ٧٥٦ ھەزار خێزان لە وەرگرتنی نەوتی سپی سوودمەند بوون، کە دەکاتە زیاتر ٥٨٪ی کۆی ژمارەی خێزانەکانی ھەرێم و ھەر خێزانێکیش بڕی ٢٠٠ لیتری وەرگرتووە.
ھەر بەرمیلێک نەوتی سپی بەنرخی ١٠٣ ھەزار و ٥٠٠ دینار دراوە بە ھاووڵاتییان، بەو پێیەش بەھای نەوتی دابەشکراو ٧٨ ملیار و ٢٤٦ ملیۆن دینار بووە.
تیمی پارێزەرانی رۆژنامەنوس سلێمان ئەحمەد رۆژنامەنووسی ئاژانسی ڕۆژنیوز ئاماژەیان بەوەکردووە، دوای ئەوەی لە ٢٥ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ دوای گەڕانەوەی لە رۆژئاوای کوردستان لەلایەن ئاسایشی دھۆکەوە ئەو رۆژنامەنوسە دەستگیرکراوە، تائێستا ھیچ زانیارییەکیان لەسەری نییە.
دەشڵێت، نزیکەی ٤٠ رۆژە سلێمان ئەحمەد دەستگیرکراوە، لەو ماوەیەشدا زیاتر لە ١٠ جار ھەوڵی بینینییان داوە، بەڵام ڕێگرییان لێکراوە، ئەوەش پێشێلکردنی یاسایە و پێویستە پارێزەری ھەبێت و دۆسییەکەی بخوێنرێتەوە.
دەقی پەیامەکە...
بەڕێزان ئەنجومەنی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان
بەبۆنەی رۆژی جیھانی خاوەن پێداویستی تایبەتەکانەوە، گەرمترین پیرۆزبایی لەئێوە و ھەموو خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان دەکەم.
ئێوەی بوێر و پڕ ھیوا بۆ ژیان واتانکردوە توێژێکی خۆشەویست و رێزلێگیراوی کۆمەڵی کوردەواری بن, لەم ساڵیادەدا دووپاتی دەکەینەوە کە ھیچ ئاستەنگێک نابێتە رێگر لەبەردەم ئیرادە و خواستی ئێوەدا، تەنیا دەبێ لێتان تێبگەین و دەرگاکان زیاتر بەڕووتاندا واڵا بکەین، چونکە باوەڕی تەواومان بەوە ھەیە کە ھەمووان یەکسانین لەماف و ئەرکەکاندا.
بە ئەوپەڕی توانامانەوە پشتگیری و پشتیوانتان دەبین بۆ بەدیھێنانی داخوازی و ئامانجەکانتان.
قوباد تاڵەبانی
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران
بەپێی راگەیەنراوێکی وەزارەتەکە، لە قۆناغێکی دیکەدا وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڕی زیاتر لە ٩٠٠ ھەزار دۆلاری بۆ (١٠٠) دەرچوو و کاندیدی تواناسازی خەرجدەکات.
ئارام محەمەد وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دڵنیایی دەدات کە ھەوڵەکانیان بەردەوام دەبێت بۆ دابینکردنی شایستەی دارایی بۆ سەرجەم دەرچوان و کاندیدانی بەرنامەی تواناسازی و تەواوکردنی پرۆسەی خوێندنیان بە سەرکەوتوی و گەڕانەوەیان بۆ ھەرێمی کوردستان بەمەبەستی خزمەتکردن بە سێکتەری خوێندنی باڵا و زانکۆ و دامەزراوە زانستییەکان و دامودەزگاکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی داوا لە دەرچوان و کاندیدانی تواناسازی دەکات لە ڕێکەوتی ٤/١٢/٢٠٢٣ بە دواوە سەردانی دیوانی وەزارەت بکەن بەمەبەستی تەواوکردنی رێوشوێنە کارگێڕیی و داراییەکان.
١) پشتگیری شوێنی کار کە بەردەوامە لە خزمەتی بێ پچڕان دوای بەدەستھێنانی بڕوانامەکەی.
٢) ئەگەر کاندید (٥) ساڵ خزمەتی کردبوو لە شوێنەکەی، ئەوا پشتگیری (٥) ساڵ خزمەت لەگەڵ خۆی بھێنێت.
٣) ئەگەر کاندید خۆی ئامادە نەبوو بەھەر ھۆکارێک، ئەوا وەکیلەکەی دەتوانێت سەردان بکات.
٤) ئەگەر کاندید لە کەرتی تایبەت بێت، پێویست دەکات خۆی ئامادەبێت.
بۆ بینینی لیستی سودمەندان کلیک لەسەر ئەم لینکە بکەن
دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە ٣/١٢/٢٠٢٣ لە شاری سلێمانی دەرباز کۆسرەت رەسول لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەشداری کرد لە پرسەی خاتوو (عائیشە عەبدولواحید) دایکی ھەڤاڵ نەرمین عوسمان و خوشکی شەھیدی سەرکردە جەعفەر عەبدولواحید.
لەمیانی بەشداریکردنی لە پرسەکەدا دەرباز کۆسرەت رەسول پرسەو سەرەخۆشی و ھاوخەمی خۆی ئاراستەی خانەوادەی کۆچکردوو کردو ھیوای خواست ئەمە دواکۆست و ناخۆشیان بێت.
رێکخراوی مافی مرۆڤی ھەنگاو لە راپۆرتێکدا ئاشکرایکرد، مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، لانیکەم ١٢٢ بەندکراو لە گرتووخانەکانی ئێران لەسێدارەدراون، ئەو ژمارەش ٤٤ حاڵەتی لە مانگی تشرینی یەکەم زیاترە، واتا ئامارەکانی لەسێدارەدان ٥٦.٥% زیادیکردووە.
رێکخراوی ھەنگاو دەشڵێت، ١١ کەس لەوانەی لەسێدارەدراون، بەندکراوی سیاسی و ئایینی بوون، زۆرینەی ئەوانەشی لەسێدارەدراون بە کوشتنی بەئەنقەست یاخود ماددەی ھۆشبەر تۆمەتبار کراون.
راشیگەیاند، ٢٣ کەس لەوانەی لەسێدارەدراون بەلووچ بوون، ١٩ کەسیشیان بەندکراوی کورد و ھەشت بەندکراویان تورک بوون.