بەرگری شارستانی هەولێر: لە ئاگری رێستۆرانتەکەی دوێنێی هەولێردا کارمەندێکمان بریندار بوو
هەساو ئەمیر
٢٨ی نیسانی ٢٠٢٥
بەرگری شارستانی هەولێر زانیاریی لەبارەی ئاگرەکەی دوێنێی رێستۆرانتێکی سەر رێگای پیرمام بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، کارمەندێکیان بریندار بووە و چارەسەری پێویستی بۆ کراوە.
ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە، ئاگرێکی گەورە لەسەر رێگای پیرمام- هەولێر، لە ریستۆرانتێکی کۆمەڵگەیەکی گەشتیارییدا کەوتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی بەرگری شارستانی هەولێر بڵاویکردووەتەوە، ئاگرەکە لە سەعات 5:22 خولەکدا کەوتووەتەوە و تیمەکانی بەرگری شارستانی گەیشتوونەتە شوێنی روداوەکە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، پلانی تیمەکانیان ئەوە بوو ئاگرەکە زیاتر تەشەنە نەکات و نەگاتە خانووەکانی کۆمەڵگە نیشتەجێبوونەکە، دوای جێبەجێکردنی ئەو پلانە دەستیان کردووە بە کوژاندنەوەی ئاگرەکە و بەماوەی یەک سەعات و 30 خولەک و لەرێگای تیمی هەشت بنکەی بەرگری شارستانییەوە ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ کراوە.
ئەوەش هاتووە، لە ئێستادا تیمەکانی دیکەی بەرگری شارستانی و لێکۆڵینەوە سەرقاڵی دۆزینەوەی هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکەن.