ئێواره‌ی ئەمڕۆ لە عەممان،  نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئەیمەن سەفەدی، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی ئوردن، کۆبوەوە.

لە کۆبونەوەکەدا هەردوولا باسیان له‌ بره‌ودانی زیاتر به‌ پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان له‌گه‌ڵ ئوردن لە بوارە جیاجیاكاندا كرد، هه‌روه‌ها پێشهاتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانیان تاوتوێ كرد و جەختیان لەسەر گرنگیی هەماهەنگی بۆ پاراستنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا کردەوە.

 نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان وێڕای ده‌ربڕینی پێزانینی خۆی بۆ پەیوەندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و عێراق له‌گه‌ڵ ئوردن، ستایشی رۆڵی ناوچەیی و هەوڵەکانی ئوردنی بۆ بەهێزکردنی ئاشتی کرد.

 لەلای خۆشیەوە وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئوردن، وێڕای ده‌ربڕینی خۆشحاڵیی خۆی به‌ سه‌ردانی  سەرۆکی هه‌رێمی كوردستان، خواستی ئوردنی بۆ فراوانکردنی هاوکاری لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستاندا، دووپات کردەوە.