کوردستانکوردستان

سوپای توركیا لە برادۆست بازگە دادەنێت و رێگریی لە هاتوچۆی دانیشتوانی ئەو ناوچەیە دەكات، پەكەكەش دەڵێت، سەرەڕای ئاگربەست هێرشەكانی توركیا بەردەوامن.

پەیامنێری كوردسات نیوز لە برادۆست رایگەیاند، سوپای توركیا لە ناوچەی گەروی سیران بازگەی داناوە و لێپێچینەوە لە دانیشتووانی ناوچەكە و ئەو كەسانە دەكات كە لەو رێگایەوە هاتوچۆ دەكەن.

سوپای توركیا بە دروستكردنی ئەو بازگەیە هاتوچۆی دانیشتووانی ناوچەی دەشتەهێرتی قەزای سیدەکان و گوندەكانی رووبەڕووی كێشە كردووەتەوە، هاوکات، رێگە نادرێت ئۆتۆمبێل لەو ناوچەیەدا هاتوچۆ بكات.

ئەو هەنگاوی توركیا لە كاتێكدایە، لە وەرزی بەهاردا سەدان كەس لە دانیشتووانی گوندەكان سەردانی ئەو ناوچانە دەكەن بە مەبەستی هێنانی گیای بەهارە.

هاوكات ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی پاراستنی گەل 'هەپەگە' بڵاوی كردووەتەوە، سوپای توركیا لە سێ رۆژی رابردوودا لە چیای جودی و ناوچەی زاپ هێرشی كردووەتە سەر گەریلا و بەهۆی هێرشەكانەوە دوو گەریلا گیانیان لەدەستداوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

قوباد تاڵەبانی، لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال، سەردانی زیاد جەبار، ئەندامی سەرکردایەتی و بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لە سلێمانی کرد.


سەردانەکە پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەک شەمە بە بەمەبەستی گەیاندنی پەیامی سەرۆک بافڵ و هەواڵ پرسین بوو و هەڤاڵ زیادی دڵنیا کردەوە لەوەی رێکاری یاسایی دەگیرێتەبەر بەرامبەر بەو هەڵەیەی دوێنێ بەرامبەر پاسەوانەکانی ئەنجامدرا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

روداوێکی هاتوچۆ لەسەر شەقامی پشتێنەیی کەرکوک رویدا و بەهۆیەوە سێ کەس بریندار بوون.

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ روداوێکی هاتوچۆ لەسەر رێگای شەقامی پشتێنەیی کەرکوک رویدا و بەهۆیەوە سێ کەس بریندار بوون و بۆ نەخۆشخانە گواستراونەتەوە.

روداوەکە بە جۆرێک بووە، بەپێی وتەی شایەتحاڵەکان بەهۆی تیژڕەوییەوە ئۆتۆمبێلی یەکەم کە لە جۆری پاجیرۆ بووە کۆنتڕۆڵی لەدەستداوە و خۆی کێشاوە بە دورگەی ناوەندی شەقامەکەدا، دواتر خۆی کێشاوە بە ئۆتۆمبێلێکی دیکەدا و وەرگەڕاوە.

لە ئەنجامی روداوەکەدا سێ سەرنشینی ئۆتۆمبێلی یەکەم بریندار بوون، وەک شایەتحاڵەکانیش باسی دەکەن، بەپێی ئەوەی ئەوان بینیویانە، یەکێکیان شانی دەرچووە و یەکێکی دیکەشیان بەهەمان شێوە شانی دەرچووە و پشتیشی زیانی پێگەیشتووە.

باسیان لەوەشکرد، ئۆتۆمبێلەکە شەش کەسی تێدا بووە و لە بەغداوە هاتوون.

بەشێوەیەکی گشتی دانیشتووانی ئەو شوێنە باس لەوەدەکەن، زۆرینەی روداوەکانی هاتوچۆ لەسەر ئەو شەقامە بەهۆی تیژڕۆیی و نەشارەزاییەوەیە، کە خەڵکی دەرەوەی کەرکوک شارەزای ئەو شەقامە نین و هەندێک جار خێرایی ئۆتۆمبێلەکانیان دەگاتە سەروو 150 کیلۆمەتر لە سەعاتێکدا، بەوهۆیەشەوە لەکاتی پێچکردنەوەیەک یان شتێکی کتوپڕدا کۆنتڕۆڵی دۆخەکەیان پێ ناکرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

قائیمقماییەتی سلێمانی هۆشداری "توند" دەداتە کارگەکانی دروستکردنی شیرینی و رایگەیاندووە، هه‌ر كارگه‌یه‌كی شیرینی كاكڵه‌ گوێزی خراپبوو به‌كاربهێنێت، به‌جۆرێك سزا ده‌درێت جارێكی دیكه‌ سه‌رپچی نه‌كاته‌وه‌.


قائیمقماییەتی سلێمانی رایگەیاندووە، لە گەڕانی لیژنەکاندا دەست بەسەر 817 کیلۆگرام کاکڵەگوێزی خراپبوودا گیراوە، ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرەتا چوار کارتۆنی 10 کیلۆگرامی کاکڵەگوێزی خراپبوو؛ لە دوکانێکی شیرینیدا دەستی بەسەردا گیراوە، دواتر سەرچاوەکەی ئاشکرا کراوە.


قائیمقامییەتی سلێمانی روونیشیکردووەتەوە، دوای بەدواداچوونی لیژنەکان توانراوە لەناو بازاڕدا ئەو کۆگایە بدۆزرێتەوە کە کاکڵەگوێزەکانی هەبووە و دەست بەسەر 62 کارتۆن کاکڵەگوێزدا گیراوە، هەروەها کارگەی شیرینییەکە و خاوەنی کۆگاکەش رووبەڕووی رێکاری یاسایی دەکرێنەوە.


ئەوەش هاتووە، خاوەنی کۆگاکە بەنیاز بووە کاکڵەگوێزەکان بەسەر دوکانی شیرینییەکاندا ساغ بکاتەوە.


لەوبارەیەشەوە، ئازاد نه‌بی نوێنه‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی له‌ لیژنه‌كانی قائیمقامییه‌تی سلێمانی رایگه‌یاندووە، هه‌ر كارگه‌یه‌كی شیرینی كاكڵه گوێزی خراپبوو به‌كاربهێنێت، له‌لایه‌ن لیژنه‌كانه‌وه‌ پسوڵه‌ی سه‌رپێچی بۆ ده‌كرێت و به‌جۆرێك سزا ده‌درێت جارێكی دیكه‌ له‌ شوێنه‌كه‌یدا سه‌رپچی نه‌كاته‌وه‌.
داواشی لە کارگەکانی شیرینی و هەویرەمەنی کرد، خۆیان له‌ به‌كارهێنانی گوێزی خراپبو بپارێزن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئۆفیسی هەڵبژاردنەکانی سلێمانی کارمەندانی رۆژی هەڵبژاردن ئاگادار دەکاتەوە، بە مەبەستی وەرگرتنی پاداشتەکانیان سەردانی ئەو بنکانە بکەن کە بۆیان دیاری کراوە.

ئۆفیسی هەڵبژاردنەکانی سلێمانی سەر بە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، تایبەت بە وەرگرتنی پاداشتەکانیان، ئاگاداری کارمەندانی رۆژی هەڵبژاردنی مانگی 10ی رابردوو دەکاتەوە، بە سەرجەم کارمەندانی سەرەکی و یەدەگەوە.

لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، بۆ سەرجەم کارمەندانی سنوری پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین دەکاتەوە کە تاوەکو ئێستا پاداشتی داراییان وەرنەگرتووە، بەزووترین کات سەردانی ئەو بانکانە بکەن کە بۆیان دیاریکراوە بەمەبەستی وەرگرتنی پاداشتەکانیان.

ئەوەش هاتووە، دوا مۆڵەت بۆ وەرگرتنی پاداشتەکانیان، رۆژی 30ی ئەم مانگەیە، کە دەکاتە رۆژی چوارشەممە.

لە راگەیەنراوەکەشدا هاتووە، پێویستە لەکاتی وەرگرتنی پاداشت، کارتی بایۆمێتری دەنگدان و کارتی نیشتمانی یان ناسنامە لەگەڵ خۆیاندا ببەن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کەشناسیی هەرێم بڕی بارانبارینی 24 سەعاتی رابردووی بڵاوکردەوە و بەپێی ئاماری کەشناسیی، زۆرترین بڕی باران لە دێرەلوکی سەر بە پارێزگای دهۆک باریوە.

دوای ئەوەی شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستانی گرتەوە، کەشناسیی هەرێم بڕی بارانبارینی 24 سەعاتی رابردووی بڵاوکردەوە و ئەوەی خستووەتە روو، زۆرترین بڕی باران لە دێرەلوکی سەر بە پارێزگای دهۆک باریوە، کە 22 ملم بووە.

بەپێی ئاماری کەشناسیی، لەدوای دێرەلوک زۆرترین بڕی باران بە 20 ملم لە ئامێدی باریوە، بەدوای ئەویشدا شێخان بە 17 ملم لە پلەی سێیەمدایە.

هاوکات، کەمترین بڕی باران لە هەولێر بووە بە 0.1 ملم، بەدوای ئەویشدا سیروان بە 0.8 ملم و شەمامک بە 0.9 ملم؛ دێن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کەشناسیی هەرێم پێشبینی نوێی بۆ کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەینێ بڵاوکردەوە و بەپێی پێشبینییەکان، ئەمڕۆش نمەباران دەبێت، بەڵام سبەینێ کەش ئاسایی دەبێتەوە.

کەشناسیی هەرێم رایگەیاندووە، ئەمڕۆ یەکشەممە، ئاسمان بەگشتى نیمچەهەور دەبێت، ئەگەرى نمەباران هەیە لەسەر بەشێک لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکانى سنورى پارێزگاى سلێمانى و هەولێر.

ئاماژەی بەوەشکردووە، سبەینێ دووشەممە، ئاسمان نیمچەهەور دەبێت بە گشتى، هەندێک کات بۆ ساماڵ و پەڵەهەور دەگۆڕێت.

بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، ئەمڕۆ و سبەینێ پلەکانی گەرما هاوشێوەی دوێنێ دەبن.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەینێ بەم جۆرە دەبن:

هەولێر : 30  پلەی سیلیزی

سلێمانی : 27 پلەی سیلیزی

دهۆک : 29  پلەی سیلیزی

کەرکوک : 31 پلەی سیلیزی 

زاخۆ  : 29 پلەی سیلیزی

هەڵەبجە : 28 پلەی سیلیزی

سۆران : 24 پلەی سیلیزی

حاجی ئۆمەران : 17 پلەی سیلیزی

گەرمیان :36 پلەی سیلیزی

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە محەمەد حەلبووسی، سەرۆکی هاوپەیمانیی تەقەدووم کرد.

 

لە کۆبوونەوەکەدا پێویستیی رەخساندنی کەشێکی ئەرێنی و لەبار بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق جەختی لەسەر کرایەوە.

 

لەبارەی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، بافڵ جەلال تاڵەبانی و محەمەد حەلبووسی جەختیان لە بەردەوامی گفتوگۆکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور کردەوە، بەشێوەیەک هەموو هەوڵەکان یەکبخرێن بۆ خزمەتکردنی هاونیشتمانییان.

 

دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوو و هەردوولا لێکتێگەیشتنی نێوان لایەنەکانیان بەلاوە گرنگبوو بۆ دوورخستنەوەی وڵات لە گرژییەکان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ بە شانازییەکی زۆرەوە بەشداربووم لە رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتی زێڕینی بلە لە شاری سلێمانی.

 

وتیشی، لە رێوڕەسمەکەدا لەبری برای خۆشەویست و شۆڕشگێڕم مەزڵوم عەبدی خەڵاتی زێڕینی بلەم وەرگرت کە ئەمساڵ یەکێک بوو لەو کەسایەتییانەی ئەم شانازییەی بێبەخشرا.

 

سەرۆک بافڵ راشیگەیاند، ئەم رێوڕەسمە کە لە ساڵیادی ژیانئاوایی مامۆستای کوردایەتی و رۆشنفیکری گەلەکەمان مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد رێکدەخرێت، دەرفەتێکی گەورە و مێژووییە تاوەکو هەموو ئەو کەسایەتییانەی خزمەتی گەلی کوردیان لە بواری سیاسی، کولتووری و فەرهەنگی کردووە، ئاوەڕیان لێبدرێتەوە و بە شکۆوە خەڵاتی بلەیان پێشکەشبکرێت، ئەمە هێمای ئەوەیە کە ئێمە دۆستەکانمان و هەموو ئەوانە لەیادناکەین کە لە هەموو قۆناغەکاندا لەگەڵمان مانەوە و بەرگرییان لە شوناس و مانەوەمان کردووە و بەشێکن لە سەروەرییەکانی کوردستانەکەمان.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، دەستخۆشی و پێزانینی بێپایان بۆ رێکخراوی ئیبراهیم ئەحمەد فاوندەیشن دەردەبڕم بۆ رێکخستنی ئەم رێوڕەسمە شایستەیە بە خەبات و مێژووی ژیانی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد کە سەرکەوتووانە ژمارەیەک کەسایەتییان دەستنیشانکرد تاوەکو خەڵاتی بلەیان پێببەخشرێت کە هەریەکەیان رەمزێکی دیار و نموونەیەکی پڕشانازین بۆ گەلەکەمان.

 

روونیشیکردەوە، ئەمڕۆ خەڵاتی زێڕینی بلە بەجیا بەخشرا بە شەڕڤان و هەڤاڵی شەهیدمان عەڤدۆ ئەحمەد عەبدی 'شەڕڤان کۆبانێ' کە لەپێناو سەربەرزی گەلەکەمان ژیانی خۆی بەخشی، هەروەها کەسایەتی ئایینی و مەرجەعی باڵای شیعەکان و دۆستی کورد سەید موحسین حەکیم کە بە فەتوایەک خوێنڕشتنی کوردی حەرامکرد، ناو و یادەوەریی هەردووکیان بە رێزەوە بۆ هەمیشە بە زیندوویی دەهێڵینەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سبەینێ مەكتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە سلێمانی كۆدەبنەوە.

 

ستران عەبدوڵا، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی بە كوردسات نیوزی راگەیاند، سبەینێ  مەكتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی لەدوو كاتی جیادا كۆدەبنەوە و هەڵسەنگاندن بۆ بڕیارو  راسپاردەكانی دووەمین دیداری یەكێتی دەكەن.

 

وتیشی، هاوكات پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت و دانوستانەكان لەگەڵ پارتی و هەڵبژاردنەكانی عیراق تاوتوێ دەكەن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی سبەینێ ئاسمانی هەرێم نیمچە هەور دەبێت و پلەکانی گەرما نزیک دەبێتەوە لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ.

 

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی هەرێم بڵاویکردەوە، سبەینێ یەکشەممە بە گشتی ئاسمانی هەرێم نیمچە هەور دەبێت، لەکاتەکانی ئێوارەدا لە هەدنێک شوێن دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، پلەکانی گەرما نزیک دەبێت لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ وەک لە خوارەوە ئاماژەیان پێدراوە.

 

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی

هەولێر : 30 پلەی سیلیزی

سلێمانی : 30 پلەی سیلیزی

دهۆک : 28 پلەی سیلیزی

کەرکوک : 33 پلەی سیلیزی

زاخۆ : 29 پلەی سیلیزی

هەڵەبجە : 30 پلەی سیلیزی

سۆران : 24 پلەی سیلیزی

حاجی ئۆمەران :19 پلەی سیلیزی

گەرمیان : 33 پلەی سیلیزی

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەزگای ئاسایشی هەرێم روونکردنەوەیەکی سەبارەت هێرشکردنە سەر پاسەوانەکانی لێپرسراوی مەڵبەندی سلێمانی بڵاودەکاتەوە و رایگەیاند؛ ئەوانەی سەرپێچی یاساییان کردووە سەرجەمیان دەستگیرکراون و رێکاری یاسایی بەرانبەریان گیراوەتەبەر.

 

عقيد سەلام عەبدولخالق  وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم روونیکردەوە، ئەنجومەنی لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو گرژی و ئاڵۆزیەی ئێوارەی ئەمڕۆ رویدا  پێکهێنراوە، ئەوانەی سەرپێچی یاساییان کردووە و هێرشیان کردوەتەسەر پاسەوانەکانی "زیاد جەبار" لێپرسراوی مەڵبەندی سلێمانی، سەرجەمیان دەستگیرکراون و رێکاری یاساییان بەرانبەر گیراوەتەبەر.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویکردوەتەوە، بۆ گرنگیی پێگەی کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان هەر ئەوەندە بەسە کە ئەو رێکخراوە لە دەستپێکی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان و بە ئاگاداری سەرۆک مام جەلال دامەزرا و رۆڵێکی گرنگیان بینی لە خەباتی دژی رژێمی دیکتاتۆری بەعس.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمڕۆ لە یادی ٤٩ ساڵەی دامەزرانیدا بۆ پیرۆزبایی سەردانم کردن، داوام لێ کردن لەم قۆناغەدا بە هەمان روحییەتی خەباتکارانی رێکخراوەکە لە سەردەمی شۆڕش و بە خۆڕێکخستنەوە و خۆنوێکردنەوە هەوڵ بدەن بەبێ جیاوازی خزمەتی هەموو خوێندکاران بکەن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە ستیڤ بیتنەر، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان کرد.

 

لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندیی و هاریکارییەکانی نێوان گەلی کورد و گەلی ئەمریکا لە سەرجەم بوارەکان بە تایبەت دیپلۆماسی، ئەمنی و بازرگانی کرایەوە.

 

دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە وردی تاوتوێ کرا و هەردوولا جەختیان لە بەردەوامی گفتوگۆی نێوان لایەنەکان بۆ کەمکردنەوە گرژییەکان کردەوە.

 

کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەبوو و سەرۆک بافڵ روونیکردەوە کە هەوڵی یەکێتی گەیشتنە بە پێکهێنانی حکومەتێکی کارا و بەهێز و خزمەتگوزار پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتی زێڕینی بلە لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو.

خەڵاتی زێڕینی بلە کە ساڵانە لە یادی کۆچی دوایی نووسەر و رۆشنبیری گەورەی کورد، مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەددا بەڕێوەدەچێت، دەدرێتە کەسانی نمونەیی لە چەند بوارێکدا.

لە ساڵانی پێشودا خەڵات بەخشرایە؛ دایکی نمونەیی، نووسەری نمونەیی، پاراستنی زمان، دادوەری نمونەی، توێژەری نمونەیی، چالاکوانی نمونەیی، نووسەر و ئەکادیمیستی نمونەیی، دۆستی نمونەیی کورد، رۆژنامەنووس و نووسەری نمونەیی دۆستی کورد.

ئەمڕۆ لە رێورەسمەکەدا هەر یەک لە سەیید موحسین حەکیم و ساڵح حسەین محەممەد، ناسراو بە ساڵح حەیدۆ خەڵاتی زێڕینی ''بلە"یان وەرگرت

هەر لە مەراسیمەکەدا زارا محەمەدی و عوسمان موئمین عەزیز، ناسراو بە مامۆستا عوسمان کێمنەیی خەڵاتی زێڕینی بلەیان پێبەخشرا.

هاوکات یانەی ئامەد سپۆر  و فەهیمە واحید مەجید خەڵاتی زێڕینی بلەی پێبەخشرا.

هەر لە مەراسیمەکەدا شەهید عەبدۆ ئەحمەد عەبدی مستەفا خەلیل عەبدی، ناسراو بە مەزڵوم عەبدی بوونە خاوەن خەڵاتەکە.

جێگەی ئاماژەیەوە ئەمڕۆ لە مەڕاسیمی خەڵاتی زێڕینی بلە بەسەر هەشت کەسایەتی نمونەیی دابەشکرا و بوونە خاوەنی خەڵاتەکە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وردبینكردن لە لیستی موچەی مانگی چواری موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بەردەوامە و هیچ وادەیەك بۆ تەواوكردنی دیاری نەكراوە.

پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند، وردبینیكردن لە لیستی موچەی مانگی چواری موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لە بەغداد بەردەوامە، تائێستاش هیچ وادەیەك بۆ تەواوكردنی دیاری نەكراوە.

وتیشی، ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەكەن وەزیری دارایی عیراق وتبێتی هەرێم بڕێكی كەمی داهاتی نانەوتی رەوانە كردووە، دوورن لە راستییەوە، چونکە تەیف سامی وەزیری دارایی عیراق لە دەرەوەی وڵاتە و باسی لەو بابەتە نەكردووە.

ئەوەش لە كاتێكدایە 22ـی ئەم مانگە وەزارەتی دارایی هەرێم لیستی موچەی مانگی نیسانی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێمی كوردستانی رادەستی فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی عیراق كرد، هەمان رۆژیش بڕی 48 ملیار و 205 ملیۆن و 765 هەزار دیناری لە بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێم بۆ مانگی ئادار، بەشێوەی كاش خستەسەر هەژماری بانكی وەزارەتی دارایی عیراق.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...232233234235236...994