ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی بە سەرۆکایەتی سەرۆک بافڵ کۆبوەوە
محەمەد رزگار
٢٧ی نیسانی ٢٠٢٥
ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی بەسەرۆكایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی كۆبوەوە.
لەكۆبوونەوەكەدا كە ئەمڕۆ لە هۆڵی كۆبوونەوەكان لە مەكتەبی سیاسی ، لە سلێمانی بەڕێوەچوو ، ئەندامانی سەركردایەتی وێڕای دەربڕینی پشتیوانیان بۆ زیاد جەبار ئەندامی سەركردایەتی ، ستایشی ئارامی و دان بەخۆدا گرتنیان کرد.
هەروەها جەختکرایەوە كە دڵنیان دامودەزگا ئەمنییەكان رێكاری یاسایی و ئینزباتی پێویستیان گرتۆتە بەر بەرانبەر بەوانەی لە روداوی دوێنێدا پەلاماری پاسەوانەكانی زیادیان دا.
ئەنجومەنی سەرکردایەتی هەروەها دەستخۆشی لە سەرۆك بافڵ کرد سەبارەت بە بڕیاری دروستكردنی لیژنەیەك بۆ رێكخستنەوەو چاكسازی لە كاروباری هێزە ئەمنییەكانی تایبەت بە دەزگا حیزبی و مەدەنییەکان کە بڕیار وایە خودی زیاد جەبار سەرپەرشتی لیژنەی ناوبراو بكات.
هەروەها لە كۆبوونەوەکەدا دەربارەی گۆڕانكارییە ناوخۆییەکان بڕیاری پێویستی لە بارەوە درا.