خانمی یەکەمی عیراق لە یادی کیمیابارانکردنی بالیسان و شێخ وەساناندا راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: مێژووی نوێمان چەندین یادەوەری ئازاربەخشی لەوجۆرەی لەخۆ گرتووە، بەڵام مانەوە و یادکردنەوە و خۆڕاگریمان ئاماژەیەکە بۆ بەهێزی و یەکڕیزیمان.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق رایگەیاند، لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆی ساڵی 1987دا، رژێمی دیکتاتۆر پەلاماری هەردوو گوندی بالیسان و شێخ وەسانانی بەچەکی کیمیایی دا، لەگەڵ بەکارهێنانی هەردوو گازی خەردەل و سارین.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم دەڤەرە کوردستانییە بچوکانە کێڵگەی ئەزموونی ئەو تاوانانە بوون کە دواتر مەودایەکی فراوانتری گرتەوە، کە بووە هۆی وێرانییەکی گەورەتر و قوربانییەکی زیاتر.
ئەوەشی خستووەتە روو، "مێژووی نوێمان چەندین یادەوەری ئازاربەخشی وەهای لەخۆگرتووە، بەڵام مانەوە و یادکردنەوە و خۆڕاگریمان ئاماژەیەکە بۆ بەهێزی و یەکڕیزیمان".
خانمی یەکەمی عیراق دەشڵێت، "نابێت رق و کینە مێژوومان نادیدەبکات، لەجیاتی ئەوە رێز لەقوربانییەکان دەگرین بە خۆڕاگری هەمیشەیی و بەردەوامی هەوڵەکانمان لەپێناو ئایندەیەکی پشتبەستوو بە دادپەروەری و پاراستنی ماف و شکۆمەندی هاووڵاتیانمان".
نیچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەشداری لە نۆهەمین دیداری سلێمانی کرد و رایگەیاند، "هەرێمی کوردستان هێزێکی گەورەیە بۆ عیراق".
ئاماژەی بەوەشدا: پڕۆسەی چارەسەر ئاشتی لە تورکیا دەرفەتێکی مێژوییە، هەروەها بە ئاشتی رۆڵی کورد لە پێشکەوتنی ناوچەکە زۆر دەبێت.
"پیرۆزبایی لە خەڵکی هەڵەبجە دەکەین بەهۆی بوون بە پاریزگای شارەکە"، سەرۆکی هەرێم وادەلێت.
سەرۆکی هەرێم ئاماژەی بەوەشدا: پێویستە حکومەتی سوریا رەنگدانەوەی هەموو پێکهاتەکانی وڵات بێت بێ جیاوازی.
"جەخت لەسەر جێبەجێکردنی خێرای یاسای گەڕانەوەی زەویوزارەکان دەکەینەوە"، سەرۆکی هەرێم وادەڵیت.
سەرۆک وەزیرانی عیراق رایگەیاند، عیراق لە پێش هەموو شتێکە و هەوڵ دەدەین ببینە هۆکاری ئاشتی ناوچەکە.
محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عیراق لە نۆهەمین دیداری سلێمانی رایگەیاند، لە هەڵبژاردنی داهاتوو خۆم کاندید دەکەم، هەروەها هاووڵاتیان دەتوانن لە رێگەی هەڵبژاردنەوە روبەڕوی گەندەڵی ببنەوە.
سودانی ئاماژەی بەوەشدا، بونی هێزە بیانییەکان بە مەبەستی راوێژکارییە. سەبارەت بە چاکسازیەکانی عیراقیش وتی، "چەندین پڕۆژەی ژێرخانمان لە عیراق جێبەجێ کردووە، هەروەها کۆتایی بە سوتانی غازی شل دەهێنین".
"پەیوەندییەکانی هەرێم و عیراق بەرەوپێش چووە"، محەمەد شیاع سودانی وای وت.
ئاماژەی بەوەشدا: هەموو دووبەرەکیەک رەت دەکەینەوە، لە ئیستادا عیراق پیویستی بە چاکسازی قورس و گران هەیە.
بە بەشداری سەركردە باڵاكانی ناوخۆی و نێودەوڵەتی نۆهەمین دیداری سلێمانی بەڕێوەدەچێت، كە تەوەری سەرەكی دیدارەكە باسكردن دەبێت لە ئاستەنگەكانی ئێستا.
ئەمڕۆ چوارشەممە، نۆهەمین كۆڕبەندی سلێمانی لە زانكۆی ئەمریكی عێراق لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت، زیاتر لە 700 سەركردەی حزب و كوتلە سیاسییەكان، بەرپرسانی حكومەت و سەركردە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییە كاریگەرەكان كۆدەكاتەوە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر ئاستەنگە گەورەكانی عیراق و ناوچەكە و جیهان.
دیدارەكە ماوەی دوو رۆژ دەخایەنێت و تیدا بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆكی وەزیرانی عیراق، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێم، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم، و چەند سەركردەیەكی لایەنە سیاسییەكان و نوێنەری وڵاتانی دەرەوە و وڵاتانی ئەوروپا بەشداری تیدا بكەن.
بڕیاریشە لە دیدارەكەدا، باس لە رەوشی هەرێم و هەڵبژاردنەكانی داهاتوی عیراق و قەیرانی و ئاڵانگاریەكانی ناوچەكە و دۆزینەوەی چارەسەر بۆیان بكرێت.
دوای ئەوەی ماوەی دوو رۆژە شەپۆلێکی سەرما و بەفر و باران کوردستان بە گشتیی گرتووەتەوە، کەشناسیی هەرێم پێشبینی نوێی بۆ کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەینێ بڵاوکردەوە و دەڵێت، سەرما کۆتایی پێدێت.
کەشناسیی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە، ئاسمان لەنێوان پەڵەهەور و نیمچەهەوردا دەبێت و ئەگەری نمەبارانێکی کەم هەیە لەسەر ناوچە شاخاوییە سنورییەکانی باکور و باکوری رۆژئاوا ، هەروەها خێرایی با زیاد دەکات و دەگاتە 20 کیلۆمەتر لە سەعاتێکدا.
ئەوەش هاتووە، سبەینێ پێنجشەممە، ئاسمان پەڵەهەور دەبێت، پاشان دەگۆڕێت بۆ نیمچەهەور، ئەگەرى نمەبارانێکی کەم هەیە لەسەر هەندێک لە ناوچە شاخاوییە سنورییەکانی باکور و باکوری رۆژهەڵات، بەهەمان شێوە خێرایی با وەک ئەمڕۆ چوارشەممە دەبێت.
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، سەرەڕای هەبوونی نمەباران، بەڵام پلەکانی گەرما ئەمڕۆ 3 بۆ 5 پلە و سبەینێ 4 بۆ 6 پلەی سیلیزی بەرز دەبنەوە.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی:
هەولێر: 21 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 20 پلەی سیلیزی
دهۆک: 19 پلەی سیلیزی
کەرکوک: 24 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 20 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 20 پلەی سیلیزی
سۆران: 19 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 5 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 27 پلەی سیلیزی
لە رۆژهەڵاتی كوردستان نزیكەی دوو هەزار گژوگیا و رووەك هەیە و تەنها 150 جۆریان وەك خواردن سودیان لێوەردەگیرێت و ئەوانی دیكەیان بۆ دەرمان و چارەسەر بەكاردەهێنرێن، کە لێكردنە و بەقاچاخبرنی گژوگیا بەهارییەکان زیانی بە رووەكەكانی كوردستان گەیاندووە.
بەهزاد شەریفی پور بەڕێوەبەری سەرچاوە سروشتییەكانی پارێزگای سنە رایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی شێوازی خراپ هەڵكەندن و لێكردنەوەی گژوگیا كوێستانییەكان زیانی زۆری لێكەوتەوە، هاوكات بەشێكی بەرچاویش لەو گیا بەهاری و رووەكییانە بە قاچاخ دەبرێن.
وتیشی: لە وەرزی بەهار لە زۆربەی ناوچە كوێستانییەكانی كوردستان چەند جۆرێكی گژوگیا بە مەبەستی خواردن لێدەكرێنەوە و بەشێكی بەرچاویشی رەوانەی هەرێمی كوردستان دەكرێت، ئەوەش وای كردووە خەڵكێكی زۆر رو لە كوێستانەكان بكەن بۆ لێكردنەوەی ئەو گژوگیا بەهارییانە.
بەڕێوەبەری سەرچاوە سروشتییەكانی پارێزگای سنە هۆشدارییشی دا، ئەگەر شێوازی بەكارهێنان و هەڵكەندنی گیا بەهارییەكان چارەسەر نەكرێت، زیانی گەورە بە ژینگەی ئەو ناوچەیە دەگات و ئەگەری هەیە هەندێك رووەكیش بە تەواوەتی لەناو بچێت.
دەم پارتی رایگەیاند، رەوشی تەندروستی سری سورەیا ئۆندەر دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەریی دڵ، جێگیر نەبووە و پێویستی بە چاودێریی پزیشكی هەیە.
پارتی یەكسانی و دیموكراسی دەم پارتی لە راگەیەندراوێكدا بڵاوی كردەوە: سری سورەیا ئوندەر، ئەندامی وەفدی ئیمرالی و جێگری سەرۆكی پەرلەمانی توركیا دوای نەشتەرگەریی دڵ رەوشی لەژێر چاودێریی پزیشكیدا ماوەتەوە و رەوشی جێگیر نەبووەتەوە.
ئاژانسی مێزۆپۆتامیا بڵاوی كردوە لەگەڵ گەیشتنی ئۆندەر بۆ نەخۆشخانەیەكی ئیستەنبوڵ جەماوەڕێكی زۆر تا درەنگای شەوی سێشەممە لە بەردەم نەخۆشخانەكە ماونەتەوە.
تولای هاتمئۆغڵاری لە بەردەم نەخۆشخانەكە و لە كۆنفڕانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ئۆندەر لە ژیانیدا زۆر رەوشی قورسی تێپەڕاندوە و بە دڵنیاییەوە ئەوەی ئێستاش تێدەپەرێنێت.
هاوكات ئایشەگول دۆغان وتەبێژی دەم پارتی وتی: سری سوریا ئۆندەر نەشتەرگەریی دڵی بۆ كراوە و رەنگە پێویست بێت نەشتەرگەریی دیكەشی بۆ بكرێت.
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ کۆچی دوایی "حەمەڕەشید " باوکی هەڵۆ حەمە رەشید مامۆستای ئایینی پرسەنامەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بۆ ئەم خەمە پرسە و سەرەخۆشی ئاڕاستەی ئێوە و بنەماڵە بەڕێزەکەتان دەکەم و هاوبەشی خەمتانم.
دەقی پرسەنامەکە:
بەڕێز مامۆستا هەڵۆ حەمەڕەشید بەداخ و خەمێکی زۆرەوە، هەواڵی کۆچی دوایی باوکی بەڕێزتان حەمەڕەشید نادرم پێگەیشت.
بۆ ئەم خەمە پرسە و سەرەخۆشی ئاڕاستەی ئێوە و بنەماڵە بەڕێزەکەتان دەکەم و هاوبەشی خەمتانم.
لە خوای گەورە داواکارین کۆچکردوو بە بەهەشتی بەرین شادبکات و سەبووری و ئارامی بە هەموولایەک ببەخشێت.
إنا لله وإنا إلیه راجعون
براتان
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
بەهۆی ئەو شەپۆلە بەفربارینەی لە ئێوارەی سێشەممەوە هەرێم و باكور و رۆژهەڵاتی كوردستانی گرتووەتەوە هاوتوچۆ و ژیانی ئاسایی لە هەندێك ناوچە روبەڕوی ئاستەنگ بوەتەوە و لە چەند پارێزگایەكی رۆژهەڵاتیش پشوو راگەیەنرا.
بەفربارین و سەرما لە پارێزگاكانی كرماشان و ورمێ و سنە لە رۆژهەڵاتی كوردستان بوە هۆی ئەوەی لە خوێندگە سەرەتاییەكان پشو رابگەیەنرێ و لێپرسراوانی كەشناسیش دەڵێن ئەو بەفر و سەرمایەی ناوچەكەی گرتوەتەوە چاوەڕوان نەكراو بوە.
بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی ورمێ رایگەیاندوە تەنها لە ماوەی 24 سەعاتی رابردودا چوار هەزار كیلۆمەتر لە رێگا سەرەكەییەكانی هاتوچۆی پارێزگاكە لە بەفر پاككراونەتەوە و هۆشداریشیدا لە دروستبونی تەم و مژ و كەمبوونەوەی مەودای بینین بە تایبەت بۆ شۆفێران.
لە باكوری كوردستانیش شەپۆلی بەفربارین و سەرما چەند پارێزگایەكی ئەو بەشە لە كوردستانی گرتوەتەوە و لە شرناخ درورستبونی تەم و مژی چڕ هاتوچۆی روبەڕوی ئاستەنگ كردوەتەوە.
ئەو شەپۆلە چاوەڕوانكراوەی بەفربارین و سەرما سەرەڕای كاریگەریە ژینگەییەكان رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیای ناچار كرد بەوەی كە دڵخۆشیی جوتیارانی وڵاتەكە بداتەوە و رایگەیاند، ئەو سەرماو سۆڵەیە زیان بە بەرهەمە كشتوكاڵی و ستراتیژییەكان ناگەیەنێت.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد پیرۆزبایی لە یانەی دهۆک دەکات بەبۆنەی سەرکەوتنییان لە جامی یانەکانی کەنداو و دەڵێت، ئەمڕۆ لە یاری کۆتاییدا بە ورەیەکی بەرزەوە سەرکەوتنێکی گەورەیان تۆمارکرد
دەقی پەیامەکەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق......
شانازیێ ب یانەیا وەرزشیا دهوک دکەین بەرانبەر وێ سەرکەفتنا مەزنا دیروکی بۆ ب دەستڤەئینانا ناسناڤێ قارەمانیا خولا کەنداڤی، دەمێ ل یاریا دوماهیکێ ب ورەیەکا بهێز سەرکەفتنەکا مەزن تومارکری.
شانازیی بە یانەی وەرزشی دهۆک دەکەین بەرانبەر ئەو سەرکەوتنە مەزنە مێژووییە بۆ بەدەستهێنانی نازناوی پاڵەوانی جامی کەنداو، ئەمڕۆ لە یاری کۆتاییدا بە ورەیەکی بەرزەوە سەرکەوتنێکی گەورەیان تۆمارکرد
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پیرۆزبایی لە یانەی دهۆک دەکات و رایدەگەیەنێت؛ ئەم سەرکەوتنەی یانەی دهۆک هانمان دەدات کە هەموومان هاریکار و پشتگیریی زیاتر لە بواری وەرزش بکەین تاوەکو یانەکانی کوردستان لەم بوارەشدا پێشەنگ و نموونەیەکی دیاربن.
دەقی پەیامەکەی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی
ژ دل پیرۆزباهیێ ل یانەیا دهۆکێ دکەم کو یەکەمجارە یانەیەکا کوردستان و عێراقێ دبیتە قەهرەمانێ جاما یانەیێت کەنداڤێ.
ئەڤ سەرکەفتنا یانەیا دهۆکا رەنگین جهێ شانازییا مە یە و ئەم پیرۆزباهیەکا گەرم ل هاندەر و یانەیا دهۆکێ و کوردستانیێت خۆشتڤی دکەین.
ئەڤ سەرکەفتنا یانەیا دهۆکێ مە هان ددەت کو ئەم هەمی هاریکار و پشتگیریەکا زێدەتر یا وارێ وەرزشێ بکەین داکو یانەیێن کوردستانێ د ڤی واری دا ژی پێشەنگ و میناکێن دیار بن.
لە دڵەوە پیرۆزبایی لە یانەی دهۆک دەکەم و دڵخۆشم کە بۆ یەکەمجارە یانەیەکی کوردستان و عیراق دەبێتە پاڵەوانی جامی یانەکانی کەنداو.
ئەم سەرکەوتنەی یانەی دهۆکی رەنگین، مایەی شانازیمانە و پیرۆزبایی گەرم لە هاندەران و یانەی دهۆک و کوردستانییانی خۆشەویست دەکەم.
ئەم سەرکەوتنەی یانەی دهۆک هانمان دەدات کە هەموومان هاریکار و پشتگیریی زیاتر لە بواری وەرزش بکەین تاوەکو یانەکانی کوردستان لەم بوارەشدا پێشەنگ و نموونەیەکی دیاربن.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە سەید عەمار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە کرد.
لە دیدارێکدا کە نزار ئامێدی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئامادەیبوو، دۆخی سیاسیی عیراق، دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوتوێکرا.
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەرۆکی رەوتی حیکمە جەختیان لە کارکردنی پێکەوەیی لایەنە سیاسییەکان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان کردەوە تاوەکو وڵات نەبێتە بەشێک لە کێشە و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە.
لە کۆبوونەوەکەدا باسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا و سەرۆک بافڵ وتی، داواکارییەکانی ئێمە داواکاریی هاونیشتمانییانە کە دەبێت حکومەتێکی خزمەتگوزار بۆ خزمەتکردنی تەواوی ناوچەکان بەبێ جیاوازی پێکبهێنرێت و هیوادارین لە نزیکترین کاتدا وەفدی دانوستانکاری یەکێتی و پارتی بگەنە رێککەوتن.
قوباد تاڵەبانی بەبۆنەی سەرکەوتنی یانەی دهۆک کە بوونە پاڵەوانی جامی کەنداو پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە و رایگەیاند دڵنیام ئەم سەرکەوتنە مەزنە هاندەرە بۆ هەموو یانەکانی کوردستان کە خەون بە سەرکەوتنی گەورەتر لە ئاستی نێودەوڵەتی ببینن
دەقی پەیامەکەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم.....
پیرۆزە دهۆک، پیرۆزە کوردستان
ئەمڕۆ بەندە دهۆکی بووم، ئەمڕۆ هەموو کوردستانییەک دهۆکی بوون.
لە دڵەوە خۆشحاڵ بووم بەو سەرکەوتنە مێژووییەی یانەی دهۆک کە بوونە پاڵەوانی جامی کەنداو.
دڵنیام ئەم سەرکەوتنە مەزنە هاندەرە بۆ هەموو یانەکانی کوردستان کە خەون بە سەرکەوتنی گەورەتر لە ئاستی نێودەوڵەتی ببینن. ئەم سەرکەوتنە سەرکەوتنی وەرزشی کوردستانە، سەرکەوتنی هەر وەرزشوانێک و سەرکەوتنی هەموو وەرزشی کوردستانە.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازیکرد لە ئێرمان تۆپجو، کونسوڵی گشتیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان و پێکەوە تاوتوێی چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولایان کرد.
لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ بەڕێوەچوو، باس لە دواین بەرەوپێشچوونەکانی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا کرا. لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی جەختی کردەوە هەرێمی کوردستان پشتیوانی سەرکەوتنی پرۆسەکەیە و هەر ئەرکێک بکەوێتە سەرشانی جێبەجێی دەکات.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە دۆخی ناوچەکە کرا و لەمبارەیەشەوە جێگری سەرۆکوەزیران ئاماژەیدا بەوەی کە پێویستە هەموو لایەنەکان لە رێگەی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنەوە کێشەکان چارەسەر بکەن و یارمەتیدەربن لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە.
سەبارەت بە هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمیش، قوباد تاڵەبانی روونیکردەوە گفتوگۆکان بە شێوەیەکی باش و ئەرێنی بەڕێوەدەچن و هیوای خواست لە نزیکترین دەرفەتدا یەکێتی و پارتی رێکبکەون لەسەر پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز و کارا و یەکگرتوو.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد لە کریستیانە هۆمان، باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عیراق و پێکەوە تاوتوێی چۆنییەتی بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی ئەڵمانیایان کرد.
لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی سێشەممە (15/4/2025) بەڕێوەچوو، باس لە دۆخی ئابوری و پرۆسەی گەشەپێدانی هەرێم کرا، لەمبارەیەوە جێگری سەرۆک وەزیران روونیکردەوە حکومەتی هەرێم هەوڵ بۆ ئابورییەکی فرەسەرچاوە دەدات و لەم چوارچێوەیەشدا بە تایبەتی گرنگی بە گەشەپێدانی کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی خۆراک و گشتوکاڵ دەدات.
قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشدا بە گرنگیدان بەم کەرتانە ژمارەیەکی بەرچاو هەلی کار بۆ هاووڵاتیان دابیندەکرێت و ئاسایشی خۆراکی هەرێم و عیراقیش پارێزراو دەبێت.
جێگری سەرۆک وەزیران سوپاسی حکومەتی ئەڵمانیاشی کرد کە لە ماوەکانی رابردوودا بە شێوەی جۆراوجۆر هاوکاری هەرێمی کوردستانی کردوە، بە تایبەتیش لە ناردنی راوێژکار و کەسانی پسپۆڕدا.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە دۆخی ئاسایش و سەقامگیری عێراق و ناوچەکە کرا، هەردوولا هاوڕابوون هێشتا تیرۆر هەڕەشەیەکی جدییە بۆسەر ئاسایشی ناوچەکە، لەمبارەیەوە باڵیۆزی ئەڵمانیا جەختی کردەوە هاوکارییەکانی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان لە پرسی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا بەردەوام دەبێت.