یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان راگەیەنراوێکی بە بۆنەی ٣٠ھەمین ساڵیادی دامەزراندنییەوە بڵاوکردەوە و ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، ھەرێمی کوردستان بە قۆناغێکی سەختی سیاسی و ئابووریدا تێپەڕدەبێت، پەرلەمانی ماوەبەسەرچوو لەکارخراوە، حکومەتیش ھەر ماوەبەسەرچووە، بەوەش شەرعیەتی دەسەڵات لەژێر پرسیاردایە و تائێستاش وادەی ھەڵبژاردنی داھاتووی پەرلەمان دیارنییە.
راشیگەیاندوە، لە ئەنجامی ئیدارەدان و بەرێوەبردنێکی نادروست، کەڵەکەبوونی کێشەکان و خەمساردی لە چارەسەرکردنیان، چەندین قەیرانی دارایی و بنبەستی سیاسی و شڵەژانی ئەمنی و دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی سەریھەڵداوە، بەھۆی زۆری باج و خەراج خەڵک لە رەوشێکی ئابوری سەخت و دژواردا دەژین.
یەکگرتووی ئیسلامی جەختی لەوەشکردووەتەوە، دابەشنەکردنی سێ موچەی ساڵی رابردوو، ھۆکاری سەرەکی بایکۆتی مامۆستایان و فەرمانبەرانە، بەبێ ئەوەی داوا رەوا و یاساییەکانیان بۆ جێبەجێبکەن، بەوەش باری سەرشانی مامۆستایان و موچەخۆران ئەوەندەی تر قورسبووە، ئەگەر بە خێرایی رێگەچارە نەبێت و ھەڵبژاردن ئەنجامنەدرێت، ئەوا رەوشەکە دژوار و ئاڵۆزتر دەبێت.
داواشدەکات، دەسەڵات و بڕیار بەدەستانی ھەرێم بەوپەڕی جددی و بەرپرسیارانەوە مامەڵەی ئەو رەوشە ھەستیارە بکەن.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ھەنگاو ئاماری پێشێلکارییەکانی مانگی رابردووی دژ بە ژنانی لە ئێران و رۆژھەڵاتی کوردستان بڵاوکردەوە، بەپێی ئامارەکە لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ ژنێکی خەڵکی سەبزاوەر لەسێدارەدراوە، ١٢ چالاکوانی ژنیش دەستبەسەرکراون.
ھەروەھا ١٧ چالاکوانی تریش لەلایەن دەزگای دادوەرییەوە، سزای بەندکران و لێدانی قامچییان بەسەردا سەپێندراوە، سەرجەمیان سزای ٥٠ ساڵ و ٧ مانگ و ٢٠ رۆژ بەندکردنیان بەسەردا سەپێندراوە، ٩ حاڵەتی ژنکوژی لە شارە جیاوازەکانی ئێرانیش تۆمارکراوە.
موحسین قەسرۆکەیی بەرپرسی راگەیاندنی نەخۆشخانەی شەقڵاوە، بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ھاووڵاتییەکی دانیشتووی شاری ھەولێر بەناوی سەفین کانەبی کە تەمەنی ٣٨ ساڵە و پیشەی پارێزەرە، لەدوای نیوەڕۆی ئەمڕۆوە بە مەبەستی بینینی دیمەنی بەفر بەپێ دەچێتە چیای سەفین و لەکاتی گەرانەوەیدا بەھۆی ناشارەزاییەوە رێگەی لێ ون دەبێت و دواتر لەھۆش خۆی دەچێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، گەنجێکی گوندی پونگینەی بناری چیای سەفین لە نزیک ناحیەی ھیران ئەو ھاووڵاتییە دەگەنێتە نەخۆشخانەی گشتی شەقلاوە.
بەرپرسی راگەیاندنی نەخۆشخانەی شەقڵاوە وتیشی، بەھۆی ئەوەی ئەو ھاووڵاتییە چەند سەعاتێک لەناو بەفر ماوەتەوە، کاریگەری لەسەر جەستەی دروستکردووە، لە ئێستادا پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی لە ھەوڵدان بۆ ئەوەی چارەسەری پێویستی بۆ بکەن.
بەپێی راگەیەنراوێکی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان، وەفدێکی سەرۆکایەتیی ھەرێم بە سەردانێک لە ئەمەریکایە و بڕیار چەند دیدار و کۆبوونەوەیەک لەگەڵ بەرپرسانی واشنتۆن ئەنجام بدەن.
بەپێی راگەیەنراوەکە، وەفدەکە لە سەردانەکەیاندا لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەی ئەمریکا و کۆنگرێس، دەربارەی پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان و رەوشی ناوچەکە گفتوگۆ دەکەن و بیروڕا دەگۆڕنەوە.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری ھەرێم لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، لە ساڵی رابردوودا، لەبەر بەرژەوەندیی گشتی و بە ڕەچاوکردنی رەوشی دارایی ھاووڵاتییان، حکوومەتی ھەرێمی بڕیاریدا بە لێخۆشبوون و داشکاندنی ڕێژەی ١٥ی دانەوەی قەرزی ھاوبەشانی ئاو لە ھەرێمی کوردستان بۆ ماوەی سێ مانگ.
راشیگەیاندووە، بڕیارەکە لە ئێستاوە تا ١٠ی ئادار بەردەوامە و ھاوبەشانی ئاو دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاو بکەن و مامەڵەی سوودمەندبوون پێشکەش بکەن.
حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە کە رۆژ ١٠/١٢/٢٠٢٣ بڕیاری لێخۆشبوون و داشکاندنی رێژەی ١٥٪ی لە دانەوەی قەرزی ھاوبەشانی ئاو بۆ ماوەی سێ مانگ دەرکرد و تا ١٠/٣/٢٠٢٤ بەردەوام دەبێت.
رێکخراوی مافی مرۆڤی ھەنگاو بڵاویکردەوە، زەینەب جەلالیان سەرەڕایی بەردەوامی لێپرسینەوە، لە مافی وەرگرتنی دەرمان و بینینی پزیشک بێبەشکراوە، بەو ھۆیەشەوە مەترسی لەدەستدانی بینایی ھەیە، ھەروەھا تووشی نەخۆشییەکانی وەک ھەوکردنی دەم و تەنگەنەفەسی و کێشەی گورچیلە و ھەرس بووە.
زەینەب جەلالیان، لە ساڵی ٢٠٠٨ لەسەر رێگای کامێران - کرماشان دەستبەسەرکرا، ساڵێک دواتر لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی کرماشان بە تۆمەتی چوونەدەرەوەی نایاسایی لە ئێران سزای یەک ساڵ بەندکرانی ھەڵپەسێندراو و بەتۆمەتی موحاربە لە ڕێگای ئەندامبوون لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا، لە ساڵی ٢٠٠٩ ئەو سزایە بەر لێبوردن کەوت و گۆڕدرا بۆ بەندکردنی ھەتاھەتایی.
لەسەر ڕاسپاردەی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ھەڤاڵ قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتیاری مەکتەبی سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال، مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال ھاوڕێ جەبار پێشمەرگەی مەفرەزە سەرەتاییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و گەلی کوردیان بەسەرکردەوە
لەو بەسەرکردنەوەیەدا لەنزیکەوە لەدۆخی تەندروستی ھاوڕێ جەبار یان پرسی و ھیوای تەندروست باشیان بۆخواست وەک یەکێک لە پێشمەرگە ئازا و قارەمانەکانی شۆڕشی نوێ کە بەشێکی زۆری تەمەنی پێشکەش بە شۆڕش و خەباتی کورد کردوە و بەشێکی دانەبڕاو بووە لە سەروەرییەکان .
مەکتەبی سکرتارییەت لەپای ئەو مێژووەو دانەبڕانی لە خەباتی رەوای گەلەکەی چەپکە گوڵی رێزو پێزانینیان پێشکەش بە ھەڤاڵ ھاوڕێ جەبار کرد و تەئکیدیانکردەوە ھەموو تێکۆشەرانی شۆڕشی نوێ و یەکێتی ئاوڕی زیاتریان لێدەدرێتەوە و ھەر پێشمەرگەیەکی دێرین لەھەموو ئاستەکاندا خزمەتکردنیان بە ئەرکی خۆمانی دەزانین ئەگەر لە رابردوودا شدا دابڕانێک بووبێت بە دڵنییاوە بێ مەبەست بووە، چونکە تێکۆشەرەکانمان خاوەن سەرمایەیەکی گرنگ و شایەنی ھەموو ئاوەڕدانەوەیەکن کە ئەمانەتەوە ئەمە جێبەجێ دەکەین
دەقی پەیامەکە...
کۆچی دوایی ساڵح فاروق، پێشمەرگەی ھێزەکانی کۆماندۆی کوردستان لەکاتی مەشق و راھێناندا، لە دڵەوە غەمبار و نیگەرانیکردم.
بۆ ئەم خەمە گەورەیە پرسە و ھاوخەمیی قووڵی خۆم ئاڕاستەی بنەماڵە سەربەرزەکەی، ھێزەکانی کۆماندۆ و ھاوڕێیانی دەکەم و ھاوبەشی خەمیانم.
کاکە ساڵح فاروق پەروەردەی ھێزە دڵسۆز و پتەوەکەی شەھیدی فەرماندە ئاکام عومەر بوو، گەنجێکی لێھاتوو و خۆنەویست بوو، لەدەستدانی جێگەی نیگەرانیی ھەموولایەکمانە.
لە خوای گەورە داواکارم بە بەھەشتی بەرینی شادبکات و سەبووری بەھەموولایەک ببەخشێت.
دڵسۆزتان
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
قائیمقامیەتی سلێمانی ئاماری کاروچالاکی لیژنە ھاوبەشەکانی خۆی بڵاوکردەوە کە تیایدا ھاتوە، لە مانگی کانونی دوەمی ٢٠٢٤ لیژنە ھاوبەشەکان شەش ھەزار و ٦٨٧ سەردانیان بۆ دوکان و بازاڕ و شوێنە گشتییەکان ئەنجامداوە، لە کۆی ئەو سەردانانە تەنھا ٦١٤ سەرپێچیان تۆمارکردوە لەگەڵ ٢٨٢ ئاگادارکردنەوە بۆ پابەندبوون بە مەرج و رێنماییەکانی کارکردن.
ئەوەشخراوەتەڕوو، بەھۆی پابەندنەبوون بە مەرج و رێنماییەکانی کارکردن بەفەرمانی قائیمقامی سلێمانی شەش شوێنی کارکردن داخراون و یەک شوێنی دیکە رووبەڕووی دادگا کراوەتەوە، ئەوە لە کاتێکدایە ژمارەی داخستنەکان لە مانگی پێشوتردا ٥٢ شوێن بوون.
لەئاماری لیژنە ھاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانیدا باسلەوەکراوە، بەھۆی خراپبوونیان و نەشیاوی بۆ خواردن و بەکارھێنان لەمانگی رابردودا لیژنەکان دەستیان بەسەر ٣١ تۆن و ٢٦١ کیلۆگرام کاڵاوشمەک و خۆراکی جۆراوجۆردا گرتوە و لەناوچەی دەرەوەی نیشتەجێبون و لەلایەن لیژنەی تایبەتمەەندەوە لەناوبراون.
لە ئاماری کاروچالاکی لیژنەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی_دا رونکراوەتەوە، بەھۆی سەرپێچیکرنیان لە مەرج و رێنماییەکانی کارکردن ژمارەیەک شوێنی کارکردن سزای دارایی دراون، لەمانگی رابردوا بڕەکەی ٤٠ ملیۆن دینارە و بەپێی یاسا دەخرێتەوە سەر داھاتی گشتی.
ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، بە تەلەفۆن لەگەڵ خانەوادەی خوێندکار کۆچکردوو لاوەند کاروان قسەیکردووە، کە لە ناو قوتابخانە گیانی سپارد و باوکی خوێندکارەکە جەختیکردووەتەوە ھیچ سکاڵایەکی لەسەر قوتابخانە و مامۆستاکانی نییە.
وەزیری پەروەردە لە زاری باوکی لاوەندەوە باسی لەوەشکردووە، ئەوەی دەوترێت کە بەھۆی غازی سوپاوە بوبێت دوورە لەڕاستی و بەشێک لە میدیاکان لەو بابەتە کەوتوونەتە ھەڵەوە و ڕاستەوخۆ ئیمزای کردووە کە مامۆستاکان و کارگێری قوتابخانە بێ کەموکوڕی بوون و ڕەزامەند نیییە کە توشی ھیچ جۆرە ڕێکارێکی کارگێری ببن.
پێشتر کوردسات نیوز لە زاری پەروەردە و پزیشکی دادەوە ئاشکرایکرد، بەپێی راپۆرتی پزیشکی داد ئەو خوێندکارە بەھۆی نەخۆشی دڵەوە گیانی لەدەستداوە.
پەروین فاتیح، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ئامادەکاری بۆ کۆبوونەوەکە کراوە و ئەوان وەک ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا لەھاوپەیمانی کەرکوک ھێز و ئیرادەمانە بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکە دەکەن.
پەروین فاتیح کە بە تەمەنترین ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکە و سەرپەرشتی کۆبوونەوەکە دەکات وتی، دەبێت ئەو کۆبوونەوەیە بکرێت و چیتر دوانەخرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر لەکۆبوونەوەکەدا ھەڵبژاردن بۆ پۆستەکانی ئەنجومەن و ئیدارەی کەرکوک بەڕێوەنەچێت، ئەوا پێویستە کۆبونەوەکە ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەی ئەنجومەنەکە بکەوێتە سەر ڕێچکەی کاری خۆی.
ھەرچەندە بڕیاربوو یەکەمین کۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە یەکی شوبات بکرایە، بەڵام لەسەر داوای ڕاکان جبوری پارێزگاری کەرکوک بەوەکالەت ئەو کۆبونەوەیە دواخرا بۆ سبەینێ سەعات دووی پاشنیوەڕۆ.
ماوەی نۆ رۆژە قۆناغی سێیەمی ئۆپراسیۆنی مرۆیی و ئەمنیی بە ھاوکاری ھیزەکانی یەپەژە و ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکوور و ڕۆژھەڵاتی سووریا و ھێزەکانی سوریای دیموکرات دەستپێکردووە، لەو چوارچێوەیەشدا ژنێکی ئێزدیی بە ناوی "کۆڤان عیدۆ خۆرتۆ" خەڵکی گوندی ھەردانە لە شنگال، رزگارکرا.
بەپێی ئامارێکی نووسینگەی رزگارکردنی کوردانی ئێزدی، بەھۆی ھێرشەکانی داعش لە ٢٠١٤ بۆسەر قەزای شەنگال و دەوورووبەری، ٦ ھەزار و ٤١٧ ھاووڵاتی ئێزدی رفێنراون، لەو ژمارەیەش تا مانگی ئابی ساڵی رابردوو ٣ ھەزار و ٥٧٠ کەسیان رزگارکراون.
منداڵەکە ناوی لەوەندە کاروانە و تەمەنی ١٢ ساڵە، خوێندکاری پۆلی شەشەمی بنەڕەتیی بووە لە خوێندنگەیەکی تانجەرۆ.
تریفە محەمەد بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژھەڵاتی سلێمانی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، بەپێی راپۆرتی پزیشکی ئەو منداڵە نەخۆشی ھەبووە و لەکاتی پشوودا لەناو گۆڕەپانی قوتابخانەکە لەھۆش خۆی چووە و دوای گواستنەوەی بۆ ژوری ئیدارەی قوتابخانە گیانی لەدەستداوە.
وتیشی منداڵەکە بەھیچ شێوەیەک بە غاز گیانی لەدەستنەداوە و ھیچ منداڵێکی دیکەش رەوانەی نەخۆشخانە نەکراوە.
لای خۆیەوە، تەندروستی سلێمانی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، تەرمی ئەو خوێندکارە رەوانەی پزیشکی داد کراوە و توێکاری بۆ دەکرێت بۆ ئەوەی ھۆکاری گیانلەدەستدانەکەی بزانرێت.
ھاوکات سەرچاوەیەک لە پزیشکی داد بۆ کوردسات نیوزی پشتڕاستکردەوە، بەپێی ئەنجامی پشکنین و توێکاری، خوێندکارەکە بەھۆی غازەوە گیانیلەدەستنەداوە بەڵکو کێشەی دڵی ھەبووە و دیواری دڵی ئەستور بووە.
کۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان بەڕێوەچوو.
کۆبوونەوە دوای هەڵسەنگاندن و گفتوگۆ لەسەر بارودۆخی سیاسی و ئابووری هەرێم و کێشەچارەسەر نەکراوەکان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ بە گشتی و بودجە و بژێوی ژیان و موچەی فەرمانبەران بە تایبەتی، لەلایەک و هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لەلایەکی دیکەوە، دوای بیروڕا گۆڕینەوە و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی و نیشتمانیی هاوڕابووین لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە :
١- هەردوولا کۆک بووین لەم قۆناغەدا لەپێناو بەرژەوەندی هاووڵاتیانی پارێزگای کەرکوک
بە هەموو پێکهاتەکانیەوە پارێزگارێکی کورد دیاری بکرێت بۆ خزمەتی خەڵکی شارو شارۆچکەکان .
٢- هەردوولا هاوڕابووین ئەرکی سەرشانی یەکێتی و پارتی و سەرجەم لایەنە کوردستانییەکانە قەوارەی هەرێم بپارێزن و پارێزگاری لە دەستکەوتەکانی شۆڕش و خەبات و خوێنی شەهیدانی کوردستان بکەین.
٣ - بۆ چارەسەری کێشە سیاسی و ئابوورییەکانی هەرێم لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی لەئاستێکی باڵا هەردوولا پێکەوە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان بەگشتی و بژیوی و ژیان و خزمەتگوزاری و بودجە و مووچە بدەین بە تایبەتی.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان
4/2/2024
پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند، لەكۆبوونەوەكەدا دۆخی ئێستای هەرێم و عێراق و ناوچەكە بەگشتی تاوتوێ دەكرێت، هەروەها پرسی پێكهێنانی ئیدارەی نوێی كەركوك و نەینەوا و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیش تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكە دەبن.
پێشتریش سەعدی پیرە وتەبێژی یەكێتی بە كوردسات نیوزی راگەیاندبوو، یەكێتی و پارتی لە ئاستی باڵا كۆدەبنەوەو چەند تەوەرێكی پەیوەست بە هەرێم و عێراق و ناوچەكە تاوتوێ دەكەن.