وەفدێكی وەزارەتی نەوتی عیراق تایبەت بە پرسی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم لە هەولێرە و بڕیارە، وەفدێكی دیكەی باڵاش لە بەغدادوە بگاتە هەولێر بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی چارەسەری كێشەی موچە و رادەستكردنی داهات.

پەیامنێری كوردسات نیوز لە هەولێر رایگەیاند، كۆبوونەوەكانی وەفدی وەزارەتی نەوتی عیراق و كۆمپانیای سۆمۆ لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لە رۆژی پێنج شەممەوە دەستیپێكردووە و تێیدا گفتوگۆ كراوە لەبارەی ئاستەنگەكانی بەردەم دەستیپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، لەنێویاندا تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان.

ئەوەشی خستەڕو، بڕیارە وەفدێكی تری باڵاش بە سەرۆكایەتی فوئاد حسێن جێگری سەرۆك وەزیران بگاتە هەولێر و رۆژی یەك شەممە لەگەڵ لێپرسراوانی هەرێم گفتوگۆ بكات بۆ تاوتوێكردنی چەند پرسێك، لەوانە رادەستكردنی داهاتی نا نەوتیی هەرێم و چارەسەركردنی كێشەی موچە.