وەفدێکی باڵای هەرێم بە سەرۆکایەتی وەزیری سامانە سروشتییەکان لە بەغدادە و بڕیارە سبەینێ کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانی نێوان هەرێم و بەغداد سەبارەت بە هەناردەکردنەوەی نەوت ئەنجام بدرێت.

شیروان دووبەردانی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند: لە ئیستادا وەفدی هەرێم لە کۆبونەوەدان، چاوەروانیش دەکرێت ئەمشەو یان سبەینێ کۆبونەوەی فراوانی نێوان هەولێر و بەغداد لەبارەی پرسی نەوتی هەرێم ئەنجام بدرێت.

هەر لەبارەی کۆبوونەوکە، پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، بە سەرۆکایەتی فوئاد حسێن جێگری سەرۆک وەزیرانی عیراق و وەزیری نەوت و کۆمپانیای سۆمۆ، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و ئەو وەفدەی لە هەرێمەوە چونەتە بەغداد کۆبوونەوەکە ئەنجام دەدرێت.

ئەوەشی خستەڕوو، چاوەڕوان دەکرێت لە دوای کۆبوونەوەکە راگەیەنراوێکی هاوبەش هەبێت سەبارەت بە دەرئەنجامی کۆبوونەوەکە، هاوکات ئامانجی چونی وەفدەکەی هەرێم بۆ بەغداد گەیشتنە بەڕێککەوتن سەبارەت بە هەناردەکردنەوەی نەوت، کە ماوەی پێشوودا ناکۆکیەکی زۆر هەبووە لە نێوان هەرێم و عیراق.

جێگەی ئاماژەیە، لەچەند رۆژی رابردوودا چەندین کۆبوونەوە سەبارەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم و رادەستکردنی داهاتی نانەوتی و چارەسەرکردنی موچە گفتوگۆی لەبارەوە کراوە.