بەهۆی تەقینەوەیەکەوە لە هەڵەبجە سێ کەس گیانیان لەدەستدا و چواری دیکە بریندار بوون
هەساو ئەمیر
٢٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٥
بەهۆی تەقینەوەیەکەوە لە گوندێکی سنوری سازان لە پارێزگای هەڵەبجە سێ گەنج گیانیان لەدەستدا و چواری تر بریندار بوون.
پەیامنێری کوردسات نیوز باسی لەوەکرد، ئەو گەنجانە بە مەبەستی راوەماسی چووبوونە گوندی گوڵی متکان لە سنوری سازانی پارێزگای هەڵەبجە.
سەرەتا باس لەوە دەکرا ژمارەیان شەش کەسە و تەنها بریندار بوون، بەڵام سنور حاجی حامید جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە بە کوردسات نیوزی راگەیاند، قوربانیانی تەقینەوەکە ژمارەیان بەرزبووەوە بۆ حەوت کەس و کە سیانیان گیانیان لەدەستداوە.
بەپێی وتەی گەنجەکان، مینێک لە نزیک ئەو چەمە بووە کە ئەوانی لێبوون و مینەکەیان پێدا تەقیوەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە بەپێی زانیارییەکانی کوردسات نیوز، ئەو گەنجانە لەکاتی راوەماسییەکەدا TNT یان بەکارهێناوە.
پەیامنێری کوردسات نیوز ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی سەختی شوێنەکەوە سەرەتا توانرا تەنها دوو گەنجیان بگەیەنرێنە نەخۆشخانە و تیمەکانی فریاکەوتن سەرقاڵی گواستنەوەی بریندارەکانی دیکە بوون.
لەو بارەیەوە ئەندامی یەکێک لەو تیمانەی بە هانای ئەو گەنجانەوە چوون بە کوردسات نیوزی راگەیاند، شوێنی چەمەکەی ئەو حەوت گەنجەی لێبوون لە دۆڵێکی قوڵدایە تاوەکو دەگاتەوە سەر شەقامی سەرەکی، بۆیە هێنانە سەرەوەی گەنجەکان کەمێک سەختە.