ئەمڕۆ 26ی حوزەیران، 36 ساڵ بەسەر راگوستنی زۆرەملێی پشدەر و قەڵادزێدا تێپەڕ دەبێت، کە خەڵکی قەڵادزێ بۆ ئۆردوگا زۆرەملێکانی شارەکانی دیکە گواسترانەوە و شارەکەش لەرێگەی بۆمبەوە وێران کرا و تەختی زەوی کرا.

حکومەتی بەعس بەبیانووی پاراستنی سنورەوە هەر لە ساڵی 1977ـەوە راگواستنی پشدەری دەست پێ کرد، کە سەرەتا لە بناری قەندیلەوە دەستی پێ کرد تا لە 26ی حوزەیرانی 1989دا گەیشتە ناوەندی شاری قەڵادزێ و خەڵکەکەی بۆ ئۆردوگا زۆرەملێکانی بازیان، خەبات، جدیدە، کەوەرگۆسک و دارەتوو راگواست.

لە رۆژی 26ی حوزەیراندا راسگواستنەکە گەیشتە ناوەندی شاری قەڵادزێ و ئەگەر هەر زیندوویەک لەو رۆژەدا لە شارەکە بوایە، ئەوا دەکوژرا، ئەە جگە لەوەی دواتر لەرێگەی بۆمبەوە شارەکە تەختی زەوی کرا و هیچ خانوو و ماڵێکی بەپێووە نەمایەوە.

حزبی بەعس بە درێژایی مێژووی خۆی بەردەوام بوو لە سیاسەتی تەعریبکردنی ناوچە کوردییەکان و ئەنجامدانی تاوانی گەورەی دژ بە مرۆڤایەتی دژی گەلی کورد، کە ئامانج لێی کەمکردنەوەی ژمارەی کورد و گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچە کوردییەکان بوو.

دەڤەری پشدەر و شاری قەڵادزێ بە یەکێک لەو دەڤەر و شارانەی کوردستان ناسراوە کە هەردەم ناوەندێکی گەورەی کوردایەتی و شۆڕش و نیشتمانپەروەری بووە و بە دووەم شاری ترسێنەری حزبی بەعس ناسراوە.

قەڵادزێ لەو کاتەدا خاوەنی 195 گوند و دوو ناحیە بوو کە هێرۆ و سەنگەسەر بوون، کە لەو رۆژەدا ناوەندی قەزای پشدەر و سەرجەم گوندەکانی دەوروبەری وێران کران و حزبی بەعس ناوچەکەی بە ناوچەی قەدەغەکراو ناساند.

لەو بارەیەوە محەمەد زرنگ سەرۆکی کۆمەڵەی جینۆسایدی پشدەر باسی لەوەکرد، توانیویانە 101 سکاڵا بگەیەننە دادگای باڵای تاوانەکان و لەوێدا راگواستنی پشدەریان خستووەتە پاڵ ئەنفالەوە، کە ئەنفال لە دادگاکەدا بە جینۆساید ناسێنراوە.