پۆلیسی سلێمانی: دوای دزینی 45 مسقاڵ ئاڵتون دەستگیرکران
راهۆز
١١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
ئەمڕۆ شەممە، پۆلیسی سلێمانی بڵاویکردوەتەوە لەسەر سكاڵای هاووڵاتییەك و بەتۆمەتی دزی کردن، لەلایەن مەفرەزەكانی بنکەی پۆلیسی بازیان دوو تۆمەتبار دەستگیركران.
ئاماژەیان بەوەکردوە؛ دوای ئەوەی هاووڵاتییەك لەبنکەی پۆلیسی بازیان سكاڵای تۆماركرد کە 45 مسقاڵ ئاڵتون و بڕی دوو ملیۆن و 400 هەزار دیناری لەماڵەکەیدا لێ دزراوە، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، هێزەکانیان لێكۆڵینەوەیان دەستپێکردوە.
دەشڵێن؛ توانیویانە دوای بەدواداچونەکانیان تۆمەتبارەکان دەستگیر بکەن و دەستیشیان گرتوە بەسەر ئاڵتونە دزراوەکەدا.
تۆمەتبارەکان پیشەیان دەرۆزەکردن بوە و دانیان بەتاوانەکەیاندا ناوەو لەئێستادا بەبڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەی 444 لەیاسای سزادا راگیراون و لێکۆڵینەوە لەدۆسیەکە بەردەوامە.




