پارێزگاری کەرکوک و سەرۆکی لیستی ٢٢٢ی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان داوا دەکات، لە چوارچێوەی کێبڕکێیەکی هێمنانە و دوور لە بێزارکردن و پەستکردنی هاووڵاتیان، هەڵمەتەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت.

رێبوار تەها پارێزگاری کەرکوک و سەرۆکی لیستی ٢٢٢ی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، لەم قۆناغە هەستیارەی بانگەشەی هەڵبژاردندا، کە پرۆسەیەکی دیموکراسییانەیە بۆ نوێکردنەوەی متمانە و هەڵبژاردنی نوێنەرانی راستەقینەی خەڵک، بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پاراستنی ئاشتی و سەقامگیریی شارەکەمان، ئەرکێکی نیشتمانی و ئەخلاقیی سەرشانی هەموو لایەک و دەنگدەرێکی ئازیزی پارێزگاکەمانە.

پارێزگاری کەرکوک، داوا لە هەموو گەنجان و لاوان و تەواوی جەماوەری دڵسۆزی کەرکوک دەکات، کە بە گیانێکی شارستانیانە و لە چوارچێوەی کێبڕکێیەکی هێمنانە و دوور لە بێزارکردن و پەستکردنی هاووڵاتیان، هەڵمەتەکانی بانگەشە بەڕێوەببەین و رێز لە تەواوی رەنگ و دەنگ و پێکهاتە جیاوازەکان بگرن.

رێبوار تەها راشیگەیاندووە، داوا لە تەواوی جەماوەری دڵسۆزی یەکێتی و لایەنگرانمان دەکەم، بە شێوازێکی مەدەنیانە و دوور لە هەر جۆرە گرژییەک، نموونەی باڵای هەڵمەتێکی مەدەنیانەبن و کار بۆ سەرخستنی لیستەکەمان بکەن و کار بۆ سەرخستنی لیستی ٢٢٢ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بکەن، کە لیستی خزمەت و پاراستنی مافی هەموو کەرکوکییەکانە، و پێویستە هەڵبژاردن ببێتە مایەی بەهێزکردنی پایەکانی دیموکراسی، نەک تێکدانی شیرازەی کۆمەڵایەتیمان.

راشیگەیاند، با هەموومان پێکەوە بیسەلمێنین کە ئارامیی کەرکوک و پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکانی، لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکی سیاسییەوەیە.