بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عیراق لە بەغداد کۆبووەوە.
 
لە کۆبوونەوەکەدا کە نزار ئامێدی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و د. خالید شوانی، وەزیری دادی عیراق ئامادەیبوون، دوایین پێشهات و روداوەکانی عیراق و ناوچەکە تاوتوێکران.
 
جێبەجێکردنی رێککەوتنی نەوتیی هەرێمی کوردستان و عیراق و لابردنی سەرجەم ئاستەنگەکان لە بەردەم ئەو رێککەوتنەدا خرانە بەر باس. سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی داوای لە سەرۆک وەزیرانی عیراق کرد رێکارەکانی ناردنی موچە خێراتر بکرێن، تا کاتی دابەشکردنی موچە لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ عیراق یەکبخرێت.
 
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، سەرۆکوەزیرانی عیراق و سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان باسیان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق کرد و جەختیان لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد کردەوە.
 
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی سوپاسی محەمەد شیاع سوودانی کرد بۆ گۆڕینی ناوی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی.
 
خزمەتکردنی کەسوکاری شەهیدان لە هەرێمی کوردستان و عیراق تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو، بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند، سەرۆکوەزیرانی عیراق خۆی کوڕی شەهیدە، بۆیە گرنگی تایبەتی بە کەسوکاری شەهیدان داوە و ئەوەش شایەنی پێزانینە.