بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغداد لەگەڵ محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی حیزبی تەقەدوم کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا کە نزار ئامێدی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و د. خالید شوانی، وەزیری دادی عیراق ئامادەیبوون، هاریکاری و هەماهەنگی نێوان هەردوولا خرایە بەر باس و دووپات لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوانیان کرایەوە بۆ کارکردنی پێکەوەیی و زیاتر خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵک.

کۆبوونەوەکە جەختی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد کردەوە کە گوزارشت لە ئیرادەی سەرجەم هاووڵاتییان و نەتەوە و پێکهاتەکانی وڵات بکات.

سەبارەت بە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداد لە کۆبوونەوەکەدا بیروبۆچوون ئاڵوگۆڕکرا و بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند، یەکێتی پابەندە بە بنەما نیشتمانییەکانەوە و بەرژەوەندیی خەڵکەکەمان لە بەغداد دەبینێت، بۆ ئەوەش بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان بۆ دابینکردنی موچەی خەڵکەکەمان و زامنکردنی ژیانیان.