لە بەنزینخانەیەکی هەولێر بەهۆی دەمەقاڵێوە سێ کەس کوژران، پۆلیسی هەولێریش دەڵێت: تۆمەتباری روداوەکە دەستگیرکراوە.
قارەمان جەوهەر پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند: بەهۆی دەمەقاڵێوە لە بەنزینخانەیەکی هەولێر لەسەر رێگای کۆیە شەڕ لەنێوان دوو کەس و کارمەندێکی بەنزینخانەکە دروستبوو، لەئەنجامدا سێ کەس کوژران.
وتیشی، کارمەندی بەنزینخانەکە بە چەک تەقەی لەو دوو کەسە کردووە کە چوونەتە بەنزیخانەکە و هاوکات، کەسێکی دیکە کە هیچ پەیوەندییەکی بە روداوەکەوە نەبووە لەوێوە تێپەڕیوە گوللـەی بەرکەوتووە و ئەویش گیانی لەدەستداوە.
پەیامنێری کوردسات نیوز ئەوەشی خستەڕوو، کێشەکە لەسەر پارەی بەنزین بووە و لە ئەنجامدا ئەو روداوەی لێکەوتووەتەوە
هاوکات بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر بڵاویکردەوە، تۆمەتباری روداوەکە دەستگیرکراوە و لە ئێستاشدا بە بڕیاری دادوەر راگیراوە و لێکۆڵینەوەش لە روداوەکە بەردەوامە.
لە سلێمانی دوو تیرۆرست دەستگیرکران کە پیلانیان بۆ ئەنجامدانی تەقینەوە لە یەکێک لە بنکەکانی بەرگری و شارستانی دانابوو، دەزگای ئاسایشی هەرێمیش دەڵێت: یەکێک لەتیرۆریستەکان کارمەندی بنکەیەکی بەرگری شارستانی بووە
دەزگای ئاسایشی هەرێم بڵاویکردەوە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش، لەشاری سلێمانی دوو تیرۆریستیان دەستگیرکرد، پیلانیان ئەنجامدانی تەقینەوە بوو لەیەکێک لەبنکەکانی بەرگری شارستانی.
ئاماژەی بەوەشکرد، دوای بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی ورد و کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگری، لەئەنجامی بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆیەک لەتۆڕەکۆمەڵاتییەکان لەبارەی هەڕەشەکردن و تەقینەوە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکان، دەستبەجێ توانیان لەئەنجامی بەدواداچوونەکان شوێنی تیرۆریستان لەشاری سلێمانی دەستنیشان بکەن.
ئەوەشی خستەڕوو، بەفەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش لەڕۆژی 22 تا 24-6-2025 توانیویانە ئەو دوو تیرۆرستە دەستگیر بکەن و یەکێک لەتیرۆریستەکان کارمەندی بنکەیەکی بەرگری شارستانی بووە.
دەزگای ئاسایشی هەرێم راشیگەیاند، دوای دانپێدانان دەرکەوت تیرۆریستان بەنیازبوون لەپیلانی یەکەمدا ژەهر بکەنە ناو تانکی ئاوی خواردنەوەی یەکێک لە بنکەکانی بەرگری شارستانی سلێمانی، لەپیلانی دووەمدا لەڕێگەی لکاندنی بۆمب بە ئۆتۆمبێلی بنکەکە تەقینەوە ئەنجام بدەن، بەڵام بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش بەسەرکەوتوویی توانیان شکست بە پیلانی تیرۆریستان بهێنن و دەستگیریان بکەن.
ئاشکراشیکرد، لەئێستادا تیرۆریستان بەمادەی(2)تیرۆر دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوە لەدۆسیەکانیان بەردەوامە.
بۆ بینینی ڤیدیۆی دانپێدانانی تیرۆرستەکان کلیک لێرە بکە..
کۆمەڵێک خوێندکاری زانکۆ جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان، لە دوای تەواوکردنی مەشقی هاوینە لە زانکۆیەکی میسر بڕوانامەیان پێبەخشرا.
ژمارەیەک خوێنکاری زانکۆکانی هەرێمی کوردستان مەشقی هاوینەیان لە میسر ئەنجامدا، کە خوێندکاری هەر یەک لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی پۆلیتەکنیکی گەرمیان و زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆی سەڵاحەدینن.
ئەو خوێندکارانە لە زانکۆی میسر بۆ زانست و تەکنەلۆژیا مەشقی هاوینەیان ئەنجامداوە، لە کۆلێژە جیاوازەکانی، ئەندازیاری، پەرستاری، کارگێری و کۆلێژەکانی دیکەبوونە.
هاوکات ئەو خوێندکارانە بە شێوەیەی مەیدانی لە نەخۆشخانەکان و کارگەکان و کۆمپانیاکان، مەشقیان ئەنجامداوە.
هەروەها لە دوای تەواوکردنی مەشقەکانیان، لەلایەن زانکۆی میسر بۆ زانست و تەکنەلۆژیا بڕوانامەی دانپێدانراویان پێبەخشرا.
جارێکی دیکە یەکێک لە بۆرییەکانی پڕۆژەی ئاوی ئیفراز لە هەولێر شکا، بەڕێوەبەری ئاوی هەولێریش دەڵێت: شکانی ئەو بۆریە هیچ کاریگەریەکی لەسەر دابەشکردنی ئاوی هەولێر نابێت.
رابەر حوسێن، بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر بە کوردسات نیوزی راگەیاند: یەکێک لە بۆریەکانی ئاوی ئیفراز شکا و لە ئێستادا تیمەکانیان سەرقاڵی چاککردنەوەیین.
وتیشی، شکانی ئەو بۆریە هیچ کاریگەریەکی لەسەر دابەشکردنی ئاوی هەولێر نابێت و تیمەکان سەرقالی چاککردنەوەی ئەو بۆرییەن و لە نزیکترین کاتدا.
جموجۆڵەكانی روسیا لە رۆژئاوای كوردستان زیاد دەكات و پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند هەمو جموجۆڵەكانی روسیا لە قامیشلۆ بە ئاگاداریی هەسەدە دەكرێت.
پەیامنێری كوردسات نیوز لە قامیشلۆ رایگەیاند: لە دوای روخانی رژێمی بەشار ئەسەد هێزەكانی روسیا چەند جارێك لە قامیشلۆ جموجۆڵیان كردوە و ئەوەش بوەتە مایەی سەرنجی دانیشتوانی رۆژئاوای كوردستان بە تایبەت كە لە دوای روخانی رژێمی پێشو ئەو هێزانە دەركەوتن و چالاكییان نەماوە.
وتیشی، هێزەكانی سوریای دیموكراتی "هەسەدە" یاوەری زۆرینەی كاروانە سەربازییەكانی روسیا دەكەن و سەرجەم جوڵەی ئەو هێزانەی روسیا كە لە فڕۆكەخانەی قامیشلۆ جێگیرن بە ئاگاداریی ئەوان دەكرێت.
لێپرسراوێكی رۆژئاوای كوردستان كە نەیویستوە ناوی ئاشكرا بكرێت بە پەیامنێری كوردسات نیوزی راگەیاندوە، روسیا دەیەوێت رۆڵی لە گۆڕانكارییەكانی سوریای نوێدا هەبێت و ئەوەش هۆكارە بۆ زیادبونی جموجۆڵی هێزە سەربازییەكانی.
دانیشتوانی ناحیەی کەورگۆسک سەر بە قەزای خەبات دژی نەبونی خزمەتگوزارییەکان و نەبونی ئاو و کارەبا گردبوونەوە رێگای سەرەکی قەزاکەیان داخست.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، بەهۆی داخستنی رێگاکەوە لۆدێکی زۆر لەسەر شەقامەکە دروستبووە و ئاستەنگی هاتوچۆی لێکەوتووەتەوە.
داواکاریی هاووڵاتیانی ناحیەکە تایبەتە بە جێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و دامەزراندن، تائێستاش بەرپرسانی ناوچەکە بەدەم داواکارییەکانەوە نەچوون.
دوای دەستگیرکردنی عەجاج ناسراو بە جەلادەکەی زیندانی نوگرەسەلمان، تۆمارکردنی سکاڵا لەلایەن کەسوکاری ئەنفالکراوان بەردەوامە.
بەپێی زانیارییەکانی کوردسات نیوز، لە سلێمانی و چەندین شوێنی دیکەش سکاڵاکان تۆماردەکرێن و وتە لە شایەتحاڵ و تاقانەکانی ئەنفالی ناو زیندانەکە وەردەگیرێت.
عەجاج ناوی تەواوی عەجاج ئەحمەد حەردان تکریتییە، خەڵکی شاری تکریتی ناوەندی پارێزگای سەڵاحەدینە و بە جەلادەکەی زیندانی نوگرەسەلمان ناسراوە لەسەردەمی حوکمی رژێمی پێشووی بەعس.
رژێمی بەعس لەساڵی 1988دا لەهەڵمەتێکی سەربازی گەورەدا پلانی ئەنفالی کوردی بەچەند قۆناغێک دەستپێکرد و بەهۆیەوە زیاتر لە 182 هەزار کەس ئەنفال و بێسەروشوێن کران.
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان پرسەنامەیەک ئاڕاستەی کەسوکار و خانەوادەی نەرمین قادر دەکات و دەڵێت: کۆشش و بەرهەمەکانی هونەرمەند نەرمین قادر، بۆ هەمیشە بە زیندوویی دەمێنێتەوە.
دەقی پرسەنامەکە.......
بەڕێزان کەسوکار و خانەوادەی کۆچکردوو خاتوو نەرمین قادر
لە دڵەوە نیگەران و غەمبارم بووم بە گیانلەدەستدانی هونەرمەندی دیاری گەلەکەمان نەرمین قادر.
بۆ ئەم خەمە پرسە و سەرەخۆشی ئاڕاستەی ئێوە دەکەم و هاوبەشی خەمتانم.
خاتوو نەرمین یەکێک بووە لە هونەرمەندە دیارەکانی کوردستان و کۆشش و بەرهەمەکانی بۆ هەمیشە بە زیندوویی دەمێنێتەوە و بە رێزەوە یاد و یادەوەرەییەکانی بەرز رادەگرین.
خودای گەورە رۆحی هونەرمەندی ئازیزمان بۆ هەمیشە شادبکات، ئارامی و سەبووریش بە هەموولایەک ببەخشێت.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم پرسەنامەیەکی ئاراستەی خانەوادەی هونەرمەند نەرمین قادر کرد و رایگەیاند، کۆچکردوو خانمە هونەرمەندێکی بەئەزموونی شانۆ و نواندن بوو کە کار و پەیامەکانی بەوپەڕی وریایی و دڵسۆزییەوە بۆ خزمەتی گەلی کورد ئاڕاستە دەکرد.
دەقی پرسەنامەکەی قوباد تاڵەبانی....
بەڕێزان خانەوادەی کۆچکردوو نەرمین قادر
بەڕێزان سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان
زۆر بەداخەوە هەواڵى کۆچی دوایی هونەرمەند (نەرمین قادر)م بیست.
کۆچکردوو خانمە هونەرمەندێکی بەئەزموونی شانۆ و نواندن بوو کە کار و پەیامەکانی بەوپەڕی وریایی و دڵسۆزییەوە بۆ خزمەتی گەلی کورد ئاراستە دەکرد و ڕۆڵیکی دیاری هەبوو لە بەرهەمهێنانی پڕبینەرترین بەرنامەکان لەمێژووی زێڕینی تەلەفزیۆن و نواندندا.
بۆ ئەم کۆچە، هاوبەشی خەمی خانەوادە و هونەرمەندان و ئازیزانی کۆچکردووم و پرسەو سەرەخۆشیان لێ ئەکەم.
خوای گەورە لەنەرمین خان خۆش بێت و جێگەی بەهەشت بێت، سەبورى و دڵنەواییش بەهەموو لایەک ببەخشێت.
انا لله وانا اليه راجعون
قوباد تاڵەبانی
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران
لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا زیاتر لە دوو هەزار حاڵەتی نوێی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی هیوا تۆمارکراون، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکەش دەڵێت: زۆربەی توشبووەکان خەڵکی خوارووی عیراق و شارەکانی دیکەی هەرێمن.
د.یاد نەقشبەندی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی لە میانی بەشداریکردنی لە ستۆدیۆ هەشتی کوردسات نیوز رایگەیاند، بەهۆی قەیرانی دارایی و گرفتە سیاسییەکان داهاتی سندوقی شێرپەنجە لە سەدا 60 کەمی کردووە، سەڕەرای ئەوەش چارەسەرکردنی نەخۆش و پێدانی دەرمان پێیان لە نەخۆشخانەکە بەردەوامە.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا وتیشی، شاری سلێمانی پایتەختی چارەسەرە بۆ توشبووانی شێرپەنجە، هەروەها بەشێكی زۆری توشبووان لە نەخۆشخانەی هیوا چاکبوونەتەوە.
راشیگەیاند، ئەو ئامارانەی بڵاوبووەتەوە کە لەماوەی شەش مانگدا، دوو هەزار حاڵەتی توشبووی نوێ لە نەخۆشخانەی هیوا تۆمارکراون، توشبووی پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی تێدایە و بەشێکی ئەو توشبووانەش خەڵکی ناوەڕاست و خوارووی عیراقن، نەک تەنها شاری سلێمانی.
د.یاد نەقشبەندی ئەوەشی خستەڕوو، خۆشبەختانە رێژەی توشبوون لە خوار ستانداردی جیهانییەوەیە، بەڵام دەبێت بەردەوام لە پێشکەوتندا بین بۆ چارەسەرکردن و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری زیاتر لە کۆمەڵگەدا، هاوکات سەرەڕای زیادبوونی رێژەی توشبوون بە شێرپەنجە، لەبەرانبەردا رێژەی چاکبوونەوەش زیادیکردووە.
خانمی یەکەمی عیراق بۆ کۆچی دوایی هونەرمەند نەرمین قادر پەیامێکی هاوخەمی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: ناو و بیرەوەری و خزمەتەکانی لەپاڵ ئەزموون و رۆڵبینینی سەنگینی لەبەرنامەی بەرنامە، لەمێژووی هونەری و ویژدانی گەلەکەماندا بەدرەوشاوەیی دەمێنێتەوە.
دەقی پەیامی هاوخەمی خانمی یەکەمی عیراق بۆ هونەرمەندی کۆچکردوو نەرمین قادر....
بەبیستنی هەواڵى ماڵئاوایی یەکجارەکی هونەرمەند (نەرمین قادر)، زۆر غەمباربووم.
بۆ ئەم خەمە پرسە و سەرەخۆشی لەخانەوادەی کۆچکردوو و هونەرمەندان و دەزگای میدیایی کوردسات ئەکەم و هاوبەشی خەم و پەژارەتانم، خواى گەورە سەبرو ئارامی بەهەموو لایەک ببەخشێت و ئەمە دوایین ناخۆشیمان بێت.
بۆ هەتایە، ناو و بیرەوەری و خزمەتەکانی لەپاڵ ئەزموون و رۆڵبینینی سەنگینی لەبەرنامەی بەرنامە، لەمێژووی هونەری و ویژدانی گەلەکەماندا بەدرەوشاوەیی دەمێنێتەوە.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد
دەزگای میدیایی کوردسات پرسەنامەیەک ئاڕاستەی خانەوادەی خانمە هونەرمەندی کۆچکردوو "نەرمین قادر" دەکات
دەقی پرسەنامەکە......
(بەناوی خوای گەورە و میهرەبان)
بەناوی بەڕێوەبەر و سەرجەم کارمەندانی دەزگای میدیای کوردساتەوە، پرسە و سەرەخۆشی لە خانەوادە و کەسوکاری هونەرمەندی لە دڵاشیرین (نەرمین خان) دەکەین. داواکارین لە خوای گەورە کۆچکردوو بە بەهەشتی بەرین شاد بکات، ئارامی و سەبووری بە خانەوادەکەی ببەخشێت.
نەرمین خان جیا لەوەی هونەرمەندێکی دیاری بەرنامەی بەرنامە بوو، لە چەندین کاری هونەری و خێرخوازیدا کاری کردووە. خەمخۆرێکی دیاری بواری هونەر و مافی ژنان و خەم و ئازارەکانی کۆمەڵگە بوو، هەمیشە رێنمایی دەکردین بۆ بەردەوامبوونی کوردسات لەسەر بەرپرسیارێتیی هونەری و کاری جوان و سەنگین، بۆیە دووبارە سەرەخۆشی لەخۆمان و بنەماڵە بەڕێزەکەیان دەکەین.
دەزگای میدیایی کوردسات

مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ کۆچی دوایی هونەرمەند نەرمین قادر پرسەنامەیەک ئاڕاستەی خانەوادە و کەسوکاری دەکات.
دەقی پرسەنامەکە.....
بەڕێزان خانەوادەو کەسوکاری هونەرمەند خاتوو نەرمین قادر
بۆ كۆچی دوایی هونەرمەندی بە توانا و لێهاتووی گەلەکەمان خاتوو نەرمین قادر ، لەناخی دڵەوە پرسە و ماتەمی خۆمان ئاراستەی بەڕێزتان و گشت هونەرمەندان و هاوڕێیانی دەكەین.
لە یەزدانی مەزن داواکارین کۆچکردوو بە بەهەشتی بەرین شاد بکات و ئارامی بە گشت لایەک ببەخشێت.
انا لله وانا الیەراجعون
مەكتەبی سیاسی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
سبەینێ موچەی مانگی پێنجی مامۆستایانی گرێبەستی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دابەشدەکرێت.
وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم بڵاویکردەوە، سبەینێ چوارشەممە دەست بە دابەشکردنی موچەی مانگی پێنجی مامۆستایانی گرێبەستی خوێندنی باڵا دەکرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، تەمویلی موچەی مانگی پێنجی مامۆستایانی گرێبەست لەسەر داهاتی ناوخۆ خەرج دەکرێت.
جێگەی ئاماژەیە، لە ماوەی رابردوودا مامۆستایانی گرێبەستی خوێندنی باڵا داوایان کرد، موچەکانیان لەگەڵ مامۆستایانی گرێبەستی پەروەردە رێکبکرێتەوە و چیتر موچەکانیان دوا نەکەوێت.
دوای ململانێیەكی درێژخایەن لەگەڵ نەخۆشی شێرپەنجە، هونەرمەند نەرمین قادر، ئەكتەری دیاری بەرنامەی بەرنامە كۆچی دوایی كرد.
ئێوارەی ئەمڕۆ نەرمین قادر لە شاری سلێمانی و لە تەمەنی 63 ساڵیدا كۆچی دواییكرد.
نەرمین قادر ماوەی زیاتر لە چل ساڵە خزمەت بە بواری شانۆ و سینەما و هونەری كوردی كرد و خێزانەكەی بەشێك بوون لە خەباتی رزگاریخوازی گەلی كورد و قوربانییان بۆ داوە.
نەرمین قادر بە خانمە تاقانەكەی بەرنامەی بەرنامە دەناسرا كە لە ساڵی 1998 لە خاک تیڤی و دواتریش لە کوردسات پەخش دەكراو بۆ چەند ساڵێك بەردەوام بوو كە سەرنجی تەواوی خەڵكی هەرێمی كوردستانی بەلای خۆیدا راكێشابوو.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، لەگەڵ کریستیانە هۆمان باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عیراق کۆبووەوە و بەبۆنەی کۆتاییهانی ئەرکەکەی ماڵئاوایی لێکرد.
قوباد تاڵەبانی لە هەژماری تایبەتی خۆی چەند وێنەیەکی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی، "لە کۆبوونەوەم لەگەڵ کریستیانە هۆمان، باڵیۆزی ئەڵمانیا گفتوگۆمان کرد لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغداد و چۆنییەتی چارەسەرکردنی کێشەکان. سوپاسی هاوکارییەکانی حکومەتی ئەڵمانیاشم کرد بۆ هەرێمی کوردستان بە تایبەت لە بوارەکانی کارسازی و کشتوکاڵ و راهێنانی هێزەکانی پێشمەرگەدا".
ئاماژەی بەوەشکردووە، "بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی لە عیراق ماڵئاواییمان لێ کرد و هیوای سەرکەوتنم بۆ خواست لە ئەرکی داهاتوویدا".