وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە بڕیارێکی نوێدا مۆڵەتی سێ مانگی بەخشییە ئەو قوتابی و خوێندکارانەی کە تازە لە زانکۆ و پەیمانگەکان وەرگیراون، بە مەبەستی وەرگرتنی ژمارەی کەسیی بێهاوتا (UPN) و تۆمارکردنی لە سیستمی ئەلیکترۆنی  زانکۆ.

بەپێی گشتاندنێکی رەسمی کە وەزارەت ئاراستەی سەرجەم زانکۆ حکومی و تایبەتەکانی کردووە، ئاماژە بەوە کراوە کە ئەم بڕیارە لەسەر فەرمانی د. ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەرچووە.

وەک لە نووسراوەکەدا هاتووە ئامانج لەم بڕیارە، خێراکردن و ئاسانکردنی مامەڵەی قوتابییانە، هەروەها رێگریکردنە لە دروستبوونی قەرەباڵغی و کێشە لەکاتی پرۆسەی خۆتۆمارکردندا.

بڕیارەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە پێویستە قوتابییە نوێیەکان لە ماوەی سێ مانگدا سەردانی سەنتەرەکانی بایۆمەتری بکەن بۆ وەرگرتنی ژمارەی (UPN) و دواتر لە سیستمی (Zanko) تۆماری بکەن، ئەمەش وەک هەنگاوێکی پێویست بۆ تەواوکردنی رێکارەکانی وەرگرتنیان لە زانکۆ.