بەیانی ئەمڕۆ روداوێکی سەختی هاتوچۆ لە شەقامی پشتێنەیی کەرکوک رویدا، پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، بەهۆی روداوەکەوە دوو کەس گیانیان لەدەستداوە.

عامر نەریمان وتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی كەركوك بە كوردسات نیوزی راگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ بە دیاریکراوی سەعات 7:30 لە شەقامی پشتێنەیی کەرکوک روداوێکی هاتوچۆ لەنێوان ئۆتۆمبێلی تایبەت و ئۆتۆمبێلێکی جۆری بارهەڵگری تانکەری ئاو رویدا.

وتیشی، تانکەری ئاوەکە سەرقاڵی ئاودانی نەمامەکانی شۆستەی شەقامەکە بووە و بەپێی زانیارە سەرەتاییەکان ئۆتۆمبێلە تایبەتەکە بە خێراییە زۆر لە شەقامەکە هاتووە و خۆی کێشاوە بە ئۆتۆمبێڵە بارهەڵگەرەکەدا، لە ئەنجامدا دوو کەس گیانیان لەدەستداوە، کە هەردووکیان ژنن.