کوردستانکوردستان

دوای شەش رۆژ لەچەند شار و شارۆچکەیەکی هەرێمی کوردستان و کەرکوک و گەرمیان، ئەمڕۆ دوایین وادەیە بۆ تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر عەجاج کە ناسراوە بە جەلادەکەی زیندانی نوگرەسەلمان.

لە ئەمنە سورەکەی سلێمانی کە تیایدا سکاڵاکان تۆماردەکرێن، شایەتحاڵێکی ناو زیندانەکە بە کوردسات نیوزی راگەیاند، عەجاج لەهەموو کەسێکی ناو زیندانەکەی دەدا لەسەرجەم تەمەنە جیاوازەکان، دەڵێت ئێستاش کە ناوی دەهێنن لێی دەترسم چونکە زۆر دڕندە بوو.

ئەو زیندانەی ناو نوگرەسەلمان باس لەوەشدەکات، بەبەچاوی خۆمەوە پیرێژنێک بەپێ لەقە لەبەرچاوی خۆمدا گیانیلەدەستدا، جگە لە ئازاردانی جەستەیی لەڕوی دەرونییەوە زۆر ئازاردراوین.

هاوکات لە مۆنۆمێنتی ئەنفال لە چەمچەماڵ و بەڕێوەبەرایەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی گەرمیان وەرگرتنی سکاڵاکان بەردەوامن، کە تیایدا وتە لە شایەتحاڵ و زیندانییەکانی نوگرە سەلمان وەردەگیرێن وەکو بەڵگە لەسەر تاوانەکانی عەجاج.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەرگری شارستانی سۆران رایگەیاند، هاووڵاتییەکی دانیشتووی هەولێر لە زێی گەورە لە نزیک گوندی قەمەریانی سنووری قەزای خەلیفان لەکاتی مەلەکردن خنکا.

بەرگری شارستانی وتیشی، هاووڵاتییەکە ناوی فرمێسک بارزانە و تەمەنی 32 ساڵە ، بەمەبەستی توێکاری تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی دادیی کراوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە بە تەنها لەم هەفتەیەی رابردوودا 7 هاووڵاتی دیکە لەچەند ناوچەیەکی جیاوازی هەرێم لە ئاودا خنکاون.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

كۆمپانیای دانەغاز لە نیوەی یەكەمی ئەمساڵدا كۆی قازانجەكەی گەیشتووەتە 270 ملیون درهەم كە دەكاتە 171 ملیۆن دۆلار، بەهۆی توانای بەگەڕخستنی بەهێزی كار لە هەرێمی كوردستان و وەبەرهێنانی نوێ لە میسر، ئەو بڕەش بە ڕێژەی 1% زیاترە لە قازانجی نیوەی یەكەمی ساڵی 2024 كە بڕەكەی 263 ملیۆن درهەم بووە. 

كۆمپانیاكە رایگەیاندووە، توانیویەتی لەو ماوەیەدا پارێزگاری لە پێگەی دارایی و ئەدای كاركردنی بكات و لە پرۆژەی فراوانكردنی (كۆرمۆر 250) و كێڵگەی چەمچەماڵ پێشكەوتنی باشی بەدەستهێناوە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، لە نیوەی یەكەمی ئەمساڵدا ئاستەكانی بەرهەمهێنانی لە كیڵگەی كۆرمۆر بە شێوەیەكی سەركەوتووانە بەردەوامبووە و رۆژانە زیاد لە 500 ملیۆن پێ سێجا غاز بەرهەمهێنراوە.

بەپێی راگەیەنراوەكە، لە هەمان كاتدا كارەكانی پەرەپێدان و فراوانكردنی پرۆژەی (كۆرمۆر 250) بە باشی بەڕێودەچن لە كاتی تەواوبوونیدا پێشبینی دەكرێت بڕی برهەمهێنانی رۆژانە 250 ملیۆن پێ سێجا غازی تر زیاد بكات، لە كێڵگەی چەمچەماڵیش كارەكانی فراوانكردنی بە خێرایی بەرەوپێش دەچن و لە ئێستادا كاری هەڵكەندن و ئامادەكردنی یەكەی تاقیكردنەوەی بەرهەمی فراوان بۆ شوێنەكە ئەنجام دەدرێت بەو ئامانجەی بتوانرێت بڕی بەرهەمهێنانی رۆژانە بگاتە 75 ملیۆن پێ سێجا غاز.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

هەولێر و بەغداد لەڕێی رادەستكردنی راپۆرتێكی هاوبەش بە سەرۆك وەزیرانی عیراق نزیك دەبنەوە لە چارەسەری كۆتایی بۆ كێشەكانی نێوانیان و ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم.

پەیامنێری كوردسات نیوز لە بەغداد رایگەیاند، ئەو وەفدەی لە هەولێرەوە بۆ مەبەستی تاووتوێكردنی دوایین وردەكاریەكانی كێشەكانی نێوان هەرێم و عیراق سەردانی بەغدادیان كردبوو لەگەڵ وەزارەتی دارایی عیراق راپۆرتێكی هاوبەشیان ئامادە كردوو و  بریارە راپۆرتەكە  رادەستی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق بكرێت.

بەپێی زانیاریەكانی پەیامنێری كوردسات نیوز، عیراق پێشنیازی كردووە لەڕێی بانكی رافیدەینەوە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بخرێتە سەر هەژمارەكانیان لە چوارچێوەی (هەژماری من) نەك پارەكە راستەوخۆ بنێردرێت بۆ وەزارەتی دارایی هەرێم.

باسی لەوەشكرد، لە چەند رۆژی داهاتوودا كۆمپانیایەكی ئەمریكی سەردانی كێڵگە نەوتیەكانی هەرێم دەكات و تێچووی دەرهێنانی نەوت لە كیڵگەكاندا دەخەمڵێنێت و چاوەڕوان دەكرێت حكومەتی هەرێم و عیراقیش پابەندی بڕیاری كۆمپانیاكە بن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆک کۆماری عیراق لە بەغداد پێشوازیکرد لە لێپرسراوی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان-بەغداد  و لە کۆبونەوەیەکدا باس لە ئامادەکاریەکان کرا بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران.

لەکۆبونەوەکەدا، باس لەبارودۆخی سیاسی و ئەمنی عیراق و پەیوەندیەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان و پێویستی بەردەوامبوونی راوێژ و کۆبوونەوەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکان بە پێی یاسا کرا.

هەردوولا باسیان لە ئامادەکارییە بەردەوامەکان کرد، بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق. 

جەختیشیانکردەوە، لەسەر دابینکردنی کەشێکی گونجاو بۆ هاوڵاتیان بۆ ئەوەی بە ئازادی و شەفافانە نوێنەرەکانیان هەڵبژێرن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتی خوێندنی دەرەوەی وڵات، ئامادەکاری بۆ کردنەوەی چوارەمین کۆرسی ئۆنلاینی فێرکردنی زمانی کوردی دەکات بۆ کوردانی دانیشتووی دەرەوەی وڵات (دیاسپۆرا).

لە ڕاگەیەندراوێکدا، وەزارەتی پەروەردە ئاشکرای کردووە کە پرۆژەکە لە ساڵی 2022ەوە بە هاوکاری "کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی" دەستیپێکردووە و تا ناوەڕاستی ئەمساڵ، سێ کۆرسی سەرکەوتووی بە بەشداریی 1000 هاونیشتیمانی لە وڵاتە جیاجیاکانی جیهانەوە بەڕێوەبردووە و بڕوانامەی فەرمیی وەزارەتیان بە بەشداربووان بەخشیوە.

کۆرسی چوارەمی فێرکارییەکە لە ڕێکەوتی 1ی تشرینی یەکەمی 2025 دەستپێدەکات و وانەکان لەلایەن مامۆستایانی کارامەی زمانی کوردییەوە بە هەرسێ شێوەزاری سۆرانی، بادینی و کرمانجی دەگوترێنەوە.

وەزارەتی پەروەردە داوا لە سەرجەم کوردانی دیاسپۆرا دەکات "وەک ئەرکێکی پەروەردەیی و نەتەوەیی" سوود لەم دەرفەتە وەربگرن و منداڵەکانیان لە هەر ئاست و تەمەنێکدا بن ناویان تۆمار بکەن، چونکە گرنگیدان بە زمانی کوردی "ئەرکێکە لە بواری پاراستنی شوناسی نەتەوەیی."

هاوڵاتیان دەتوانن لە رێگەی ئەم لینکەی خوارەوە فۆڕمی ئەلیکترۆنی پڕبکەنەوە بۆ تۆمارکردنی ناوی منداڵەکانیان:
https://kurdistanidc.org/ziman/

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەردانی بارەگای هێزەکانی 70ـی پێشمەرگەی کرد و لەگەڵ فەرماندە و بەرپرسانی هێزەکە کۆبووەوە بۆ تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەکان و هەنگاوەکانی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە.
لە سەردانەکەدا، کە د. هاوڕێ شێخ دارۆ، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یاوەریی دەکرد، لەلایەن شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە، لیوا روکن عومەر ساڵح، فەرماندەی هێزەکانی 70، شاڵاو کۆسرەت ڕەسوڵ، بورهان سەعید سۆفی، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و پۆڵۆ شاڵاو عەلی عەسکەری، لێپرسراوی هەواڵگریی هێزەکانی 70 پێشوازیی لێکرا.
 
لە کۆبوونەوەکەدا، لیوا روکن عومەر ساڵح، پوختەیەکی لەبارەی دوایین کۆبوونەوەکانیان لە بەغداد و هەنگاوەکانی رێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە خستەڕوو و جەختی لە بەردەوامیی هەوڵەکانیان کردەوە.
لای خۆیەوە، سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی، سوپاسی هێزەکانی 70ی کرد و بە قەڵای پتەوی پاراستنی کوردستانی وەسفکردن و رایگەیاند: "ئێمە هەمیشە قەرزداری رۆڵ و قوربانییەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستانین و مافیان بەسەر هەموومانەوە هەیە کە شانبەشانی پڕچەککردنیان، هەوڵی باشترکردنی ژیان و گوزەرانیان بدەین."
 
سەبارەت بە پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، سەرۆک بافڵ پابەندبوونی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی بە خێراکردنی هەنگاوەکانی ئەم پرۆسە نیشتمانییە دووپاتکردەوە و وتی: "ئامانجی ئێمە بنیادنانی هێزێکی یەکگرتوو، راهێنراو و تۆکمەی نیشتمانییە بۆ کوردستانەکەمان."
 
لە کۆتاییدا، سەرۆک بافڵ هێزەکانی 70ی راسپارد کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی دیکەی هەرێم و عیراق فراوانتر بکەن و ئاستی هەماهەنگییەکانیان بەرزبکەنەوە. ئاماژەی بەوەشکرد، هەماهەنگیی ئێستا بووەتە مایەی پاراستنی ئاسایش و پێویستە بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییە ئەمنییەکان و رێگرتن لە تیرۆریستان، بەردەوام لەسەر هێڵ بن.
بەردەوامبە لە خوێندنەوە
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەردانی بارەگای فەرماندەیی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستانی کرد.
 
دیار عومەر، فەرماندەی فەرماندەیی هێزەكانی كۆماندۆی كوردستان پێشوازی لە سەرۆک بافڵ و د. هاوڕێ شێخ دارۆ، ئەندامی مەکتەبی سیاسی کرد و دوایین پێشهاتە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان، عیراق و ناوچەکەیان تاوتوێکرد.
 
بافڵ جەلال تاڵەبانی لە وتەیەکدا باسی لە رۆڵی قارەمانانەی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان کرد و وتی، بەهۆی توانای بەرزی سەربازی و گەشەسەندنی بەردەوامەوە، هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان بووەتە پێشەنگ و نموونەیەکی درەوشاوەی هێزە ئەمنییەکان، نەک تەنیا لە هەرێمی کوردستان، بەڵکو لە ئاستی هەموو عیراقدا. هەماهەنگی و ئۆپراسیۆنە هاوبەشە سەرکەوتووەکانتان لەگەڵ هاوپەیمانان و هێزە عیراقییەکان، سەلمێنەری ئەو راستییەن کە کۆماندۆ هێزێکی کاریگەرە بۆ چەسپاندنی ئارامی و ئاسایش.
 
سەرۆک بافڵ بە رێزەوە یادی ئازایەتی و جوامێریی شەهید ئاکامی وەک دامەزرێنەر و یەکەم فەرماندەی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان کردەوە و رایگەیاند، کۆماندۆ ئەمانەتی ئەو شەهیدە قارەمانەیە بۆ ئێمە و وەک هەمیشە پشتگیر و هاوکارتان دەبین.
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە ئاکرێ پێشنوێژ و وتارخوێنێک بە تۆمەتی ئەنجامدانی سیحر و جادوو دەستگیرکرا، پۆلیسی ئاکرێش دەڵێت: سحیری گەیاندن بەیەکی ئەنجامداوە.

عیماد حوسێن لێپرسراوی راگەیاندنی بەرێوبەرایەتی پۆلیسی ئاکرێ بە کوردسات نیوزی راگەیاند، پیاوێکی تەمەن 60 ساڵیان دەستگیرکردووە بە تۆمەتی ئەنجامدانی 300 سیحری جۆراوجۆر بە تایبەتی سیحری (گەیاندنە یەک).

ئاماژەی بەوەشکرد ، ئەو هاووڵاتییە خەڵکی قەزای ئەکرێیە و لە یەکێک لە مزگەوتەکانی سنوری دەرەوەی قەزاکە پێشنویژ و وتارخوێنە، هاوکات ئەو کارانەی لەبەرانبەر وەرگرتنی پارە ئەنجامداوە.

عیماد حوسێن وتیشی، ئەو تۆمەتبارەکە دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و دەستبەسەر چەندین کتێب و بابەتی پەیوەندیدار بە سیحر گیراوە، لە ئێستاشدا بە بڕیاری دادوەر و مادەی 240 دەستگیرکراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵی بەردەوامە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە شاری هەولێر تەرمی ژنێک لە ماڵەکەی خۆیدا دۆزرایەوە، کە ماوەی چەند رۆژێکە گیانی لەدەستداوە و پێی نەزاندراوە.

گەیلان سابیر پەیامنێری کوردسات نیوز لە هەولێر رایگەیاند، دوای ئەوەی پۆلیسی هەولێر ئاگادارکراوەتەوە لە هەبوونی بۆنێکی ناخۆش لە ماڵێکی گەڕەکی 99ـی شارەکە، دوای گەیشتنی پۆلیس و چوونە ژورەوەی هێزە ئەمنییەکان بۆ نێو ماڵەکە دەرکەوتووە تەرمی ژنێک لەماڵەکەدا هەیە.

وتیشی، تەرمی ئەو ژنەی لە ماڵەکەی خۆیدا دۆزراوەتەوە، مامۆستای زانکۆی سەڵاحەدین بووە و پێش چەند ساڵێک خانەنشینکراوە، هاوکات ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکە گیانی لەدەستداوە و پێی نەزاندراوە.

پەیامنێری کوردسات نیوز ئەوەشی خستەڕوو، ئەو مامۆستایە هیچ کور و کچێكی نییە و تەنها چەند خوشک و برایەکی هەیە کە لە دەرەوەی وڵاتن.

راشیگەیاند، لە ئێستادا تەرمەکەی لە پزیشکی دادی هەولێرە و دوای ئەنجامدانی توێکاری رادەستی کەسوکارەکەی دەکرێتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دوای وەستانی چاپکردنی پاسپۆرت لە هەولێر، بەڕێوبەرایەتی پاسپۆرتی ئەو پارێزگایە دەڵێت: هیچ جرجێک نەچووەتە ئامێری چاپکردنی پاسپۆرتەوە و تەنها بەهۆی کێشەی تەکنیکیەوە چاپکردن راوەستاوە.

بەڕیوەبەرایەتی پاسپۆرتی هەولێر لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆیەک کە گوایە بە هۆکاری چوونە ناوەوەی جرج بۆ ناو ئامێری چاپ و کاری چاپکردنی پاسپۆرت راوەستاوە، نوسینگەی دووی پاسپۆرتی هەولێر ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، تەنها بەهۆی کێشەی تەکنیکییەوە کاری چاپکردن راوەستاوە دوای شەش کاتژمێر کێشەکە چارەسەرکراوە.

پاسپۆرتی هەولێر ئاگاداری هاووڵاتیانش دەکاتەوە، ئەوانەی سەردانی نوسینگەی دووی پاسپۆرتی هەولێریان کردبوو بەمەبەستی ئەنجامدانی مامەلەی دەرهێنانی پاسپۆرت لە 48 کاتژمێری رابردوو، ئەمرۆ تا کاتژمێر شەشی ئێوارە دەتوانن سەردانیان بکەن و پاسپۆرتەکانیان وەربگرنەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

هەڵمەتی دەستگیرکردنی دەرۆزەکەران بەردەوامە وپۆلیسی سلێمانیش دەڵێت: تا ئێستا حەوت دەرۆزەکەر دەستگیرکراون.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی لەراگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە،لە هەڵمەتێكی مەفرەزەكانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سلێمانی بەمەبەستی دەستگیركردنی ئەو كەسانەی كاری دەرۆزەكردن دەكەن لەناوشار و دەرەوەی شاری سلێمانی ، توانراوە حەوت دەرۆزەكەر لەسەر رێگای عەربەت - سلێمانی دەستگیربكرێن كەلەسەر ئەو رێگایە دەوەستان .

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئێستادا سەرجەم ئەو دەرۆزەکەرانە بەبڕیاری دادوەر راگیراون و پەڕاوی لێكۆڵینەوەیان بۆ كراوەتەوە .

پۆلیسی سلێمانی راشیگەیاندووە، هەڵمەتی دەستگیركردنی ئەو كەسانەی كە كاری دەرۆزەكردن دەكەن بەردەوام دەبێت و دەرۆزەكەران دەستگیردەكرێن و روبەڕووی یاسا دەكرێنەوە .

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

حکومەتی هەرێم رێنمایی هاووڵاتیان دەکات لە کاتی مەلەکردندا هێلەکی تایبەت بە مەلەوانی بەکاربهێنن، دەشڵێت: مەلەکردن لە تاریکیدا رێگەپێدراو نییە.

دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی حکومەتی هەرێم بە چەند خاڵێک رێنمایی هاووڵاتیان دەکات، کە لە دەرەوەی مەلەوانگەکان مەلەدەکەن و دەڵێت: پێویستە مەلەکردن لە رۆژدا بێت و لە تاریکیدا رێگەپێدراو نییە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، باشترە لە کاتی مەلەکردن دەوروبەرت خەڵکی لێبێت و قەرەباڵەغ بێت و تەنیا نەبیت، هەروەها هێلەکی تایبەتی مەلەوانی بەکاربهێنیت.

ئەوەشی خستوەتەڕوو، مەلەکردن لە روبار و بەنداوەکان جیاوازە لەگەڵ مەلەوانگەکان، بۆیە پێویستە ئەو شوێنەی مەلەی لێدەکەیت لەگەڵ تواناکاندا بگونجێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ماوەی چەند رۆژێکە روداوەکانی خنکان لە روبار و بەنداوەکان لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێم رووی لە زیابدبوون کردووە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

تۆمەتباری روداوەکەی گەڕەکی فەرمانبەرانی هەڵەبجە دەستگیرکرا کەتێیدا دوو کەس کوژران، پۆلیسی هەڵەبجەش دەڵێت: تۆمەتبارەکە لە دایکبووی ساڵی 2003یە.

بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی هەڵەبجە بڵاویکردەوە، تۆمەتباری روداوەکەی رۆژی هەڵەبجە دەستگیرکرا، کە بەرەبەیانی رۆژی 5-8-2025 کەسێک کە بە سواری ماتۆڕسکیل و کڵاوی لەسەردابووە، تەقەی لە سێ گەنج کرد لە گەڕەکی فەرمانبەران، کەلەئەنجامدا دوو گەنجیان گیانیان لەدەستدا و کەسێکی دیکەیان بریندار بوو.

ئاماژەی بەوەشکرد، دوای بەدواداچوون لەلایەن هێزەکانیانەوە، تۆمەتباری روداوەکە بە ناوی (ش . ف .ع) لە دایکبووی 2003 دانیشتوی پارێزگای هەڵەبجە خۆی رادەستی هێزەکانیان کردووە.

پۆلیسی هەڵەبجە راشیگەیاند، لەبەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە دانی بەتاوانەکەدا ناوە لەئێستادا بەبڕیاری  دادوەر بەمادەی 406ـی یاسای سزادانی عیراقی راگیراوە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، ئەمڕۆ پێنجشەممە ئاسمان ساماڵ دەبێت و پلەکانی گەرما نزمدەبنەوە.

بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی هەرێم بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە ئاسمان ساماڵ دەبێت و پلەکانی گەرما بە گشتی 1 بۆ 2 پلە نزم دەبنەوە بەبەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ.

ئاماژی بەوەشکرد، سبەینێ هەینی ئاسمان ساماڵ دەبێت و ئەگەرى بەرزبوونەوەى تۆز و خۆڵێکى کەم هەیە.

 

پلەکانی گەرما بەم شێوەیە دەبێت....

 

هەولێر : 42 پلەی سیلیزی

سلێمانی : 41 پلەی سیلیزی

دهۆک : 40 پلەی سیلیزی

کەرکوک : 43 پلەی سیلیزی

زاخۆ : 41 پلەی سیلیزی

هەڵەبجە : 42 پلەی سیلیزی

سۆران : 39 پلەی سیلیزی

حاجی ئۆمەران : 32 پلەی سیلیزی

گەرمیان 44 پلەی سیلیزی

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بریکاری پێشوی وەزارەتی دارایی عیراق دەڵێت: ئەمڕۆ وەفدێکی هەرێم و وەزارەتی دارایی عیراق بۆماوەی شەش کاتژمێر کۆبونەتەوە.

رێباز حەملان بریکاری پێشویی وەزارتی دارایی عیراق لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی پانۆرامای کوردسات نیوز رایگەیاند، هێرشە درۆنیەکان بۆ سەر کێڵگە نەوتیەکان زیانی زۆری بە هەرێم گەیاندووە، هاوکات بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بە رێژەی 180 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.

راشیگەیاند، ئەمڕۆ وەفدێکی هەرێم لەگەڵ وەزارتی دارایی و چاودێری دارایی عیراق بۆماوەی شەش کاتژمێر کۆبونەتەوە و لێکتێگەیشتنی باش لەنێوانیاندا هەبووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، سبەینێ وەفدەکەی هەرێم لەگەڵ تەیف سامی وەزیری دارایی عیراق کۆبونەوەیەکی گرنگ  ئەنجامدەدەن، ئەگەر کۆبونەوەکە ئەنجام و لێکتێگەیشتنێکی باشی هەبوو ئەوا لە کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق  بڕیار لەسەر ناردنی موچەی مانگی شەش و حەوت دەدرێت.

بریکاری پێشوی وەزارەتی دارایی عیراق وتیشی، سەرجەم گفتوگۆکانمان لەگەڵ بەغداد بۆ ناردنی موچەی مانگی شەش و حەوتی فەرمانبەرانی هەرێمە ، ئەگەر بەغداد گەرەنتی ناردنی موچەی مانگی شەشی فەرمانبەران بکات ئەوا 120 ملیار دینار داهاتی ناوخۆی هەرێم رادەست دەکەن.

جەختیشیکردەوە، ئەگەر بەبانکیکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ئەنجام بدرێت هێشتا کێشەی موچەی موچەخۆرانی هەرێم چارەسەرنابێت و بەغداد راستەوخۆ موچە دابەش ناکات.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...144145146147148...956