بافڵ جەلال تاڵەبانی دەڵێت: تەنها یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەرگری لەهەڵەبجە کردووە و لەهەموو کاتەکاندا بە ئاسان و خوێن ئەو شارەی پاراستووە و جێی نەهێشتووە.

بافڵ جەلال تالەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان  لە دووەمین کەرنەڤاڵی لیستی ٢٢٢ـی یەکێتی لە هەڵەبجە، وتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند، ساڵی 1999 پرۆژەی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە لەلای سەرۆک مام جەلال بوو، دواتر بەماندبوونی د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق خەونی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە هاتەدی، ئەمەیە دوربینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان .

وتیشی، پێویستەهەڵەبجە وەک پارێزگاکانی تر خزمەت بکرێت و دەبێت بودجە و پارەی هەڵەبجە راستەوخۆ بدرێتە پارێزگاکە.

بافڵ تاڵەبانی ئەوەشی خستەڕوو، پرۆژەیەکمان هەیە لەگەڵ حکومەتی بەغداد زیاتر خزمەتی هەڵەبجە بکرێت، بەڵێنیش دەدات هەلی كار و خزمەتگوزاری لە هەڵەبجە زیاتر بۆ شارەکە دابینکرێت.

سەرۆکی یەکێتی راشیگەیاند، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان حزبی میللەتە و هەڵبژاردن دوای هەڵبژاردن یەکێتی بەرەوپێش دەچێت.

بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاشکرایکرد، هەموو لایەنەکان بەشداربوون لە پرۆژەی کارەبای 24 سەعاتی بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵام ئێمەبووین نەمان هێشت دۆسییەی غاز وەکو نەوتی لێبکرێت، بۆیە دەتوانرێت کارەبای 24 سەعاتی بۆ هەرێمی کوردستان دابینبکرێت.