سەرۆک وەزیرانی عیراق: داهاتی نانەوتی کێشە بۆ دابەشکردنی موچەی فەرمانبەران دروست ناکات
بڵند
٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
محەممەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عیراق رایگەیاند، رەوشی دارایی و ئابووری عیراق لە باشترین ئاستیدایە و کێشەی نەوتی هەرێمیان چارەسەرکردوە، ئاماژەی بەوەشکردوە؛ كێشەی داهاتی نا نەوتیی لەگەڵ هەرێم كاریگەری لەسەر بەردەوامی خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم نابێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، محەممەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عیراق، لەگەڵ ژمارەیەک رۆژنامەنوس کۆبوەوە و رایگەیاند رەوشی دارایی و ئابووری عیراق لە باشترین ئاستیدایە، گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوەش لە سەرتاسەری وڵاتدا بەردەوامە.
لەسەر پرسی موچەخۆرانی هەرێمیش سودانی جەختیکردوەتەوە لەوەی کێشەی نەوتی هەرێمیان دوای ساڵانێکی زۆر چارەسەرکردوە.
باسی پرسی موچەی موچەخۆرانیش کردوە و رایگەیاندووە؛ بە دوای چارەسەرێكدا دەگەڕێن لەبارەی داهاتی نانەوتییەوە و دڵنیایشیداوە کە ئەم بابەتە كاریگەری لەسەر بەردەوامی خەرجكردنی موچەی فەرمانبەران نابێت.
ئەم لێدوانانەی سودانی لە کاتێکدایە، ئەمرۆ وەزارەتی دارایی عیراق، رایگەیاند دەستیانکردوە بە دابەشکردنی موچەی مانگی دەی فەرمانبەرانی عیراق و لەبەرانبەردا تا ئێستا موچەی مانگی هەشتی فەرمانبەرانی هەرێم دابەشنەکراوە.