لە چەمچەماڵ دەست دەکرێت بە وەرگرتنی سامپڵی خوێنی کەسوکاری ئەنفالکراوان
٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی خانمی یەکەمی عیراق، لەم هەفتەیەدا دەست دەکرێت بە وەرگرتنی نمونەی سامپڵی خوێنی کەسوکاری ئەنفالکراوان لە شاری چەمچەماڵ بە مەبەستی ناسینەوەی روفاتی ئەنفالکراوانی گۆڕە بە کۆمەڵەکان.
نوسینگەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق روونکردنەوەیەکی بڵاویکردەوە و رایگەیاندووە، لە درێژەی هەوڵە بەردەوامەکانی خانمی یەکەمی عیراق تایبەت بە ئەنفال کراوان و کەس و کاریان و پاش پێشکەش کردنی سکاڵاکانی تایبەت بە تۆمەتبار عەجاج احمد حەردان بە دادگا، بریارە لەم هەفتەیەدا دەست بکرێت بە وەرگرتنی نمونەی سامپڵی خوێن لە کەس و کاری ئەنفال کراوان لەشاری چەمچەماڵی خۆشەویست بە مەبەستی ناردنی بۆ تاقیگەکان و ناسینەوەی رووفاتی ئەنفال کراوانی گۆڕە بە کۆمەڵەکان.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بۆ ئەو مەبەستە داواکارین لە کەسوکاری ئازیزی ئەنفالکراوان لەکات و شوێنی دیاریکراوی دواتردا ئامادەبن و هاوکاری تیمەکان بکەن.



