میمکە شەوکەت، دوای نزیکەی 40 ساڵ لە دابڕانی ئازیزانی، لە 108 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد
بڵند
٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
ئەمڕۆ دووشەممە، میمکە شەوکەت، کەسایەتی ناسراوی گەرمیان و گوندی ساداتی گەرمکی گەرمیان کە دایکێکی تری جەرگ سوتاوی تاوانی ئەنفالە لە سنورەکە، لە تەمەنی 108 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
میمکە شەوکەت، 23 کەس لە خێزانەکەی کە لە کوڕ و کچ و ئامۆزا و کوڕەزاکانی بوون، بەر شاڵاوی قۆناغی سێی ئەنفال کەوتوون و تەنها کچێکی رزگاری بووە و سەرجەمیان بێسەروشوێن بوون.
ناوبراو لە دێی گەرمک ناوچەی داوێ ژیانی هاوسەری پێکەوە نابوو، حەوت کوڕ و دوو کچ بووە، دوای 37 ساڵ لە دابڕانی ئازیزانی، ئەمڕۆ چاوی چاوەڕوانی لێکناو دڵە پڕ لە تاسەو ئاواتەکەی بۆ هەمیشە لە لێدان کەوت و کۆچی دوایی کرد.
جێی باسە، گوندی ساداتی گەرمکی گەرمیان لە ناوچەی داوێ، زۆترین زیانی بەرکەوتوە لە شاڵآوی ئەنفالدا و تەنها لەو گوندە 289 کەسیان لە شاڵاوی ئەنفالدا تیاچوون.



