حەسەن رەشاد، سەرۆکی هەواڵگریی گشتیی میسر، ئەمڕۆ سێشەممە گەیشتە ئیسرائیل بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیل و نێردەی ئەمریکا، ستیڤ ویتکۆف، بە مەبەستی جێگیرکردنی ئاگربەست لە کەرتی غەززە.
دەستەی پەخشی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، سەرۆکی هەواڵگریی میسر لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و چەند بەرپرسێکی دیکە کۆبووەتەوە بۆ تاوتوێکردنی پلانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە غەززە. بەپێی کەناڵی "قاهیرە"، رەشاد باسی چۆنیەتی گەیاندنی هاوکارییەکان و لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم جێبەجێکردنی پلانەکە دەکات.
هاوکات نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، بنیامین ناتانیاهۆ و تیمەکەی لە قودس چاویان بە لیوا حەسەن رەشاد، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی گشتیی میسر کەوتووە و پلانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایان بۆ غەززە تاوتوێ کردووە.
بەپێی راگەیەندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر چۆنیەتیی برەودان بە پلانەکەی ترەمپ، پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و میسر، هەروەها چەندین دۆسیەی دیکەی هەرێمی کراوە.
هاوکات، میسر هەوڵدەدات بڕیارێکی بەپەلە لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەربکات بۆ پێکهێنانی هێزێکی ئاشتیپارێز لە کەرتی غەززە.
بەدر عەبدولعاتی، وەزیری دەرەوەی میسر لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاندووە، ئەرکی ئەو هێزە دەبێت "پشتگیریکردنی فەڵەستینییەکان بێت لە بەڕێوەبردنی کاروباری خۆیاندا" و جەختیکردووەتەوە کە "قبوڵکراو نییە بێگانەکان غەززە بەڕێوەببەن."