لە سلێمانی تۆمەتبارێکی داواکراو کە دانیشتوی پارێزگای هەولێرە دەستگیرکرا، پۆلیسی سلێمانیش دەڵێت: دوای تەواوکردنی رێکارە یاسییەکان رەوانەی شوێنی دیاریکراوە دەکرێتەوە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی بڵاویکردەوە، نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی سەیدسادقی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییان، تۆمەتبارێكیان دەستگیركرد، كە لەلایەن دادوەرو بەپێی ماددەی 443 لەیاسای سزادان فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەرکرابوو، لەبەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی رانیە و بنكەی پۆلیسی پێنجوێن داواکراو بوو.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەكاتی دەستگیركردنی تۆمەتبار و پشکنینی ئۆتۆمبێلەکەیدا دەستبەسەر دوو پارچە چەك لەجۆری دەمانچەو تاپڕدا گیرا.

پۆلیسی سلێمانی راشیگەیاند، لەئێستادا تۆمەتبار 'ع ، ف ، چ' لەدایكبووی 1978 دانیشتوی هەولێر، بەبڕیاری دادوەر و بەپێی هەردوو مادەی 443 و 15 لەیاسای چەك راگیراوە، دوای تەواوكردنی رێكارە یاساییەكان رەوانەی شوێنی داواكراو دەكرێتەوە.