لە درێژەی هەوڵەکانی خانمی یەکەمی عیراق، لە چەمچەماڵ سکاڵا لەو کەسانە وەرگریرا کە لە قۆناغی یەکەمدا نەیانتوانیبوو سکاڵا لەسەر عەجاج تۆمار بکەن.

نوسینگەی خانمی یەکەمی عیراق  بڵاویکردەوە، تیمێکی دادوەریی سلێمانی لە چەمچەماڵ سکاڵایان لەو کەسانە وەرگرت کە لە قۆناغی یەکەمدا بەهۆکاری نەخۆشی و تایبەت نەیانتوانیبوو سکاڵا لەسەر عەجاجی تاوانباری دۆسیەی ئەنفال تۆمار بکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە درێژەی هەوڵەکانی نوسینگەی خانمی یەکەمی عیراق تایبەت بە دۆسیەی تۆمەتبار عەجاج ئەحمەد حەردان، وەک لە پێشتردا سکاڵاکان پێشکەشی دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخ کرابوو، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ رۆژی 3ـی11ـی2025 تیمێکی تایبەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی/دادگای لێکۆڵینەوەی سلێمانی و راوێژکاری یاسایی خانمی یەکەمی عیراق سەردانی شاری چەمچەماڵیان کرد و لە مۆنۆمێنتی ئەنفال سکاڵای ئەو هاووڵاتیانەیان وەرگرت، کە بەهۆی نەخۆشی یاخو هۆکاری تر نەیانتوانی بوو سەردانی شاری سلێمانی بکەن.

دوای وەرگرتنی وتەکانیان و ئەنجامدانی رێکاری یاسایی پێویست سەرجەم سکاڵاکان وەرگیران و ئامادە دەکرێن بە مەبەستی ناردنیان بۆ دادگای تایبەتمەند لەشاری بەغداد.