بۆردی راگەیاندنی یەکێتی ئاشکرایکرد، لە هەولێرەوە لە رەفتارێكی ژێربەژێردا پەلاماری میدیای سلێمانی دەدرێت و بە توندی ئەو رەفتارە شەرمەزار دەكەین.

بۆردی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ‏رایگەیاند، چەند تیمێکی (ئای تی) لەهەولێرەوە ئەركیان بووەتە چاودێری و داخستنی سەرچاوە میدیاییە مۆڵەت پێدراوەكان و لە تازەترین هەنگاویان بۆ بەئامانجگرتنی میدیای سلێمانی چەند نوسراوێكی نهێنیان بۆ راگرتن و داخستنی بەشێكی ئەو میدیایانە كردووە و چەند سەرچاوەیەكیان داخستووە، ئێمە وەك راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بە توندی ئەو رەفتارە شەرمەزار دەكەین، كە پێچەوانەی یاسای كاری رۆژنامەنووسی و رێنماییەكانی بەخشینی مۆڵەتە و دەبێتە هەڕەشە لەسەر ئازادی رادەربڕین و میدیایی و رەوشی میدیا لە هەرێمی كوردستان دەخاتە بەردەم مەترسیەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەرانبەر ئەو رەفتارە، باڵیۆزخانە و سەندیكای رۆژنامەنووسان و رێكخراوە كوردستانی و عیراقی و نێودەوڵەتییەكان ئاگادار دەكەینەوە و هەموو رێكارێكی یاسایی بە ئەگەرێكی كراوە دەمێنێتەوە و لە ئەگەری بەردەوامبوونی ئەم رەفتارە ئۆباڵی هەر كاردانەوەیەك لە ئەستۆی ئەوانە.