قوباد تاڵەبانی لەگەڵ عوسمان بایدەمیر کۆبووەوە
محەمەد رزگار
٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
قوباد تاڵەبانی، لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال پێشوازیکرد لە عوسمان بایدەمیر، سیاسەتمەداری ناسراوی باکوری کوردستان و سەرۆکی پێشووی شارەوانی دیاربەکر و پێکەوە تاوتوێی رەوشی ناوچەکە و پرۆسەی ئاشتییان کرد لە تورکیا.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ لە هەولێر بەڕێوەچوو، باس لە رەوشی ناوچەکە کرا، لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی بە ئاماژەدان بە دواین گۆڕانکارییەکان رایگەیاند، دوای ساڵانێکی زۆر لە شەڕ و ئاڵۆزی ناوچەکە پێویستیی بە سەقامگیری و هەنگاونان بەرەو ئاوەدانی و گەشەسەندن هەیە، هەربۆیە لە بەرژەوەندی هەموو گەلانی ناوچەکەیە کە بە ئەزمون وەرگرتن لە رابردوو کێشەکان لە رێگەی دیالۆگ و بە شێوەیەکی ئاشتییانە چارەسەر بکەن.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە هەنگاوەکانی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا کرا. لەمبارەیەشەوە لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال پشتیوانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی بۆ سەرخستنی پرۆسەکە دووپات کردەوە و هەردوولاش هیوایان خواست پرۆسەکە بە شێوەیەک بچێتەپێش کە لە بەرژەوەندی هەردوو گەلی کورد و تورکدابێت.



