قوباد تاڵەبانی، سەرپەرشتیاری مەکتەبی سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ سێکتەری گەنجانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەولێر رایگەیاند، گەنجان بیرتیژن و بە وردی لە سەرچاوەی کێشەکان تێدەگەن و دەزانن کام لایەن کێشەخوڵقێنە و کام لایەنیش چارەسەری پێیە.

لە کۆبوونەوەکەدا، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا کە گەنجان زۆر قوڵتر و دوورتر دەڕوانن و وتی: "ئەگەر کێشەی موچە و بودجە، دامەزراندن، بێکاری، نادادپەروەری و جیاکاری لەنێوان خەڵکدا هەیە، گەنجان زۆرباش دەزانن سەرچاوەی ئەو کێشانە چین و کێ دروستی کردوون."

روونیشیکردەوە کە گەنجان بە باشی دەتوانن جیاوازی بکەن لە نێوان ئەو لایەنەی کێشەکان دروستدەکات و ئەو لایەنەی کە دەتوانێت چارەسەریان بکات، هەروەها دەزانن کام لایەن بە بیر و روحییەتی گەنجانەوە کار دەکات و لە خەمی داهاتوویاندایە.

لە کۆتاییدا، قوباد تاڵەبانی داوای لە هەڤاڵانی سێکتەری گەنجان کرد کە تا دەرفەت ماوە، گفتوگۆ لەگەڵ هەموو ئەو گەنجانەدا بکەن کە هێشتا بڕیاریان نەداوە بەشداریی هەڵبژاردن بکەن.

وتیشی: "هانیان بدەن بۆ بەشداریکردن و دەنگدان بە یەکێتی، چونکە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان حیزبی گەنجانە و خەون و روانینی گەنجان، خەون و روانینی یەکێتیشە."