جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی ‏ھەرێمی کوردستان، پێشوازی‌ له‌ کۆلۆنێل ماثیو شروپنەر، راوێژکاری سەربازیی ئەمریکا لە هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيى دژى ‏داعش لە عیراق و هەرێمی کوردستاندا کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا، ‌پەیوەندییەكانى ئەمریکا لەگەڵ عیراق و هەرێمی کوردستان، دوایین گۆڕانکارییەکان و بارودۆخی ئەمنی ناوچەکە، مەترسییەکانی داعش بۆ سەر ناوچەکە، یارمەتییە سەربازییەکانی هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە و چەند پرسێکی گرنگی هاوبەش تاوتوێ کران.

هەردوولا جەختیان لە پێویستیی و بەردەوامبوونی هاریکاری هاوبەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و مەترسییەکانی داعش لە ناوچەکە کردەوە، هەروەها بە گرنگییەوە لە پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەیان روانی.

پەیوەندییەکانی هەولێر ـ بەغداد و کێشە هەڵواسراوەکانی نێوانیان تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو، کە تیایدا بەردەوامیی گفتوگۆکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دووپات کرایەوە.