ئەمڕۆ دوا وادەیە بۆ پڕكردنەوەی فۆڕمی ئەلیكترۆنی خۆراك، تا ئێستاش زیاتر لە چوار ملیۆن هاووڵاتی لە هەرێم فۆڕمەكەیان پڕكردووەتەوە و بەشە خۆراكی یەك ملیۆن كەسیش راگیراوە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێم رایگەیاندووە، ئەمڕۆ دوا وادەیە بۆ پڕكردنەوەی فۆڕمی ئەلیكترۆنی خۆراك و تائێستا لە كۆی ژمارەی گشتی بەشداربووانی فۆڕمی خۆراك لە هەرێمی كوردستان، كە پێنج ملیۆن و 385 هەزار و 820 كەسە، چوار ملیۆن و 638 هەزار و 672 كەس فۆڕمەكەیان پڕ كردووەتەوە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، تائێستا 86%ی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان فۆڕمی ئەلیكترۆنی خۆراكیان پڕكردووەتەوە، بەشێوەیەك لە هەولێر 88%، سلێمانی 87%، دهۆك: 83% و هەڵەبجەش 89% بووە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێم راشیگەیاندووە، لە سبەینێوە پڕكردنەوەی فۆڕمی ئەلیكترۆنی خۆراك دەبێتە پارە و هەر خێزانێك فۆڕمەكە پڕ بكاتەوە، 11 هەزار دیناری لێوەردەگیرێت بە رێگەی كارتی بانكیی، بەڵام بۆ گواستنەوە و زیادكردن و جیابوونەوەی خێزان سێ تا پێنج هەزار دینار بە كارتی بانكیی وەردەگیرێت.
حسێن سەبری نوێنەری وەزارەتی بازرگانی هەرێم بۆ بەغداد رایگەیاندووە، بەهۆی پڕنەكردنەوەی فۆڕمی ئەلیكترۆنی خۆراك، تائێستا بەشەخۆراكی یەك ملیۆن كەس لە هەرێمی كوردستان راگیراوە.
وەفدێكی باڵای هەرێم و وەفدی تەكنیكی وەزارەتی دارایی هەرێم دەچنە بەغداد و كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێری دارایی و وەزارەتی نەوتی عیراق دەستپێدەكەن.
پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند، بڕیارە رۆژی چوار شەممە وەفدێكی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان كە پێكدێن لە نوێنەرانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و كۆمپانیا نەوتییەكان، سەردانی بەغداد بكەن و لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عیراق و كۆمپانیای سۆمۆ كۆببنەوە، بە مەبەستی چارەسەركردنی گرفتەكانی بەردەم هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان.
ئاماژەی بەوەکرد، وەفدی تەكنیكی حكومەتی هەرێمیش پێكدێن لە نوێنەرانی وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێری دارایی و لە بەغداد لەگەڵ وەزارەتی دارایی عیراق و دیوانی چاودێری دارایی و ژوری یاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق كۆدەبنەوە و باس لە گرفتەكانی نێوان هەرێم و بەغداد دەكەن لەبارەی داهاتە نانەوتییەكانی هەرێمی كوردستان.

وەزیری پێشمەرگەی هەرێم لەگەڵ لێپرسراوی نوسینگەی هاریکاری ئاسایش لە کونسوڵخانەی گشتی ئەمریکا لە هەرێم کۆبووەوە و لەدیدارێکدا جەخت لە پرۆسەی چاکسازی وەزارەتی پێشمەرگە کرایەوە، هاوکات دڵنیایدرا لە بەردەوامبوونی هاوکارییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە.
ئەمڕۆ شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ دێک پایلویک، بەرپرسی نووسینگەی هاریکاری ئاسایش لە کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و تیمێکی سەربازی یاوەری کرد.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، وەزیری پێشمەرگە بە بۆنەی دەستبەکاربوونی کۆڵۆنێڵ دێک، پیرۆزبایی ئاراستەکرد و هیوای سەرکەوتن و بەردەوامی و هەماهەنگی زیاتری نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و نوسینگەی هاریکاری ئاسایشی، بۆ خواست.
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، دەربارەی دوایین بەرەوپێشچوونەکانی پرۆسەی چاکسازی و بنیاتنانی دوو ناوچەی سەرکردایەتی سەربازی و فیرقەکانی پیادە لە وەزارەتی پێشمەرگە گفتوگۆکرا، وەزیری پێشمەرگە رایگەیاند، پرۆسەی چاکسازی بەردەوامە و هەوڵەکانمان بۆ سەرخستنی چاکسازی چڕترکردۆتەوە.
لەبارەی هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان وەزیری پێشمەرگە و لێپرسراوی نوسینگەی هاریکاری ئاسایش گفتوگۆیانکرد، وەزیری پێشمەرگە ستایشی پشتیوانی بەردەوامی ئەمریکا و هاوپەیمانانی کرد بۆ وەزارەتی پێشمەرگە راشیگەیاند، هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە قۆناغی گەشەسەندن و بەهێزبووندایە بۆ ئەمەش پێویستمان بە هاوکاری دۆستەکانمانە لە سەروو هەموویانەوە ئەمریکا، دڵنیاشبووینەوە ئەمریکا و هاوپەیمانان لە هاوکاری و پشتیوانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەردەوام دەبن.
کۆڵۆنێڵ دێک پایلویک، بە سەردانیکردنی وەزارەتی پێشمەرگە و لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە بەرەوپێشچوونەکانی پرۆسەی چاکسازی دڵخۆشی خۆیی دەربڕی و رایگەیاند، بەردەوام هاوکاری وەزارەتی پێشمەرگە دەبین بۆ بنیتانانی ژێرخانێکی سەربازی نیشتمانی بەهێز و بە ئامانج گەیاندنی پرۆسەی چاکسازی.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم لەگەڵ محەمەد ئەلحەسان، نوێنهرى تايبهتى سكرتێرى گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان له عیراق کۆبووەوە و پێکەوە لەبارەی دواین پێشهاتەکانی هەرێمی کوردستان و عیراق گفتوگۆیان کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ بەڕێوەچوو، جێگری سەرۆک وەزیران باسی لە پێویستیی سەروەری یاسا و رێزگرتن لە دامەزراوەکان کرد و رایگەیاند، ئەوەی لە ماوەی رابردوودا لە سلێمانی رویدا لە درێژەی هەوڵەکانی چەسپاندنی سەروەری یاسا و جێبەجێکردنی بڕیاری دادگا و پاراستنی ئارامی و ئاسایشدا بووە.
قوباد تاڵەبانی راشیگەیاند وەک چۆن سلێمانی هەمیشە بە شاری ئازادی کاری سیاسی و ئازادی رادەربڕین لە کوردستان و عیراق و ناوچەکەدا ناسراوە، لە ئێستا و لە داهاتووشدا هەر وەک شاری ئازادییەکان دەمێنێتەوە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا رێگە بە دروستبوون و جموجوڵی میلیشیا و هێزی چەکدار لە دەرەوەی یاسا نادرێت.
سەبارەت بە دەستگیرکراوانی روداوەکانی ئەم دوایە، قوباد تاڵەبانی جەختی کردەوە بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت و وەک هەر تۆمەتبارێکی دیکە مافە یاساییەکانیان پارێزراو دەبێت.
قوباد تاڵەبانی لەگەڵ هەڵسووڕێنەری باڵیۆزخانەی هۆڵندا کۆبووەوە و چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا تاوتوێکرا.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم پێشوازیکرد لە کریستۆفەر پرۆمێرسبێرگەر، هەڵسووڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی هۆڵندا لە عیراق و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا باسی چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا کرا.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی سوپاسی حکومەتی هۆڵندای کرد کە لە ساڵانی رابردوودا لە بوارەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی خۆراک و پەرەپێدانی تواناکان و کارسازیدا هاوکاری حکومەتی هەرێمی کردوە و هیواشی خواست لە داهاتوودا هاوکارییەکانی هۆڵندا بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەدا کە حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆر بە گرنگییەوە دەڕوانێتە پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی هۆڵندا و جەختی کردەوە لەسەر پێویستی کاری زیاتر بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندییەکان لە بوارە جیاوازەکان و بە تایبەتیش لە بوارەکانی بازرگانی و کشتوکاڵ و پەرەپێدانی تواناکاندا.
قوباد تاڵەبانی روونیشی کردوە کە هەرێمی کوردستان لە قۆناغی گەشەسەندنی ئابوریدایە و لەم چوارچێوەیەدا داوایکرد وەبەرهێنەر و کۆمپانیاکانی هۆڵندا بەشداربن لە پرۆسەی گەشەپێدانی ئابوری کوردستان و ئامادەیی حکومەتی هەرێمیشی دەربڕی هەموو جۆرە کارئاسانییەک پێشکەشی کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی هۆڵندا بکات.
لە هەرێم حاڵەتێکی دیکەی توشبوون بە تای خوێنبەربوون تۆمارکرا، کە توشبووەکە ژنێکی تەمەن 25 ساڵانە و دانیشتووی قەزای ئاکرێیە.
تەندروستی ئاکرێ بە کوردسات نیوزی راگەیاندووە، 28ـی مانگی رابردوو گومانلێکراوێکی تای خوێن بەربوون گەیەندرایە نەخوشخانەی ئاکرێ و دواتر رەوانەی دهۆک کرا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە دهۆک ژنەکە کەرەنتینەکرا و سامپڵی پشکنینەکانی نێردرا بۆ بەغداد، هاوکات ئەمرۆ پشکنیەنەکانی گەرایەوە و دەرکەوتووە کە توشتبووی تای خوێنبەربوونە.
جێگەی ئاماژەیە، ژنەکە تەمەنی 25 ساڵە و دانیشتووی ناحیەی دینارتەی سەر بە قەزای ئاکرێیە، لە ئێستادا لەژێر چاودێری پزیشکیدایە.
هاوکات، بەپێی ئامارەکانی تەندروستی دهۆک، لەمساڵدا ئەمە پێنجەم حاڵەتی توشبوونە بە تای خوێنبەربوون کە لەسنوری پارێزگاکە تۆمارکرابێت.
سبەینێ دواوادەیە بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمی ئەلیکترۆنیکردنی خۆراک بێ بەرانبەر، تا ئێستاش زیاتر لە چوار ملیۆن کەس لە هەرێم فۆڕمەکەیان پڕکردووەتەوە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەووە، سبەینێ سێشەممە 2ـی 9ـی 2025 کاتژمێر 12ـی شەو، پرۆسەی بەئەلیکترۆنیکردنی فۆڕمی خۆراک کۆتایی دێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، تا ئێستا لە كۆی ژمارەی گشتیی بەشداربووانی فۆڕمی خۆراک لە هەرێمی کوردستان، كە پێنج ملیۆن و 385 هەزار و 820 کەسە، چوار ملیۆن و 638 هەزار و 672 کەس فۆرمەکەیان پڕکردووەتەوە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، تەنیا 747 هەزار و 148 کەس ماوە و هێشتا فۆرمەکەیان پڕنەکردووەتەوە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئاشکراشیکردووە، بە تێکڕا رێژەی ئەو هاووڵاتییانەی تا ئێستا فۆرمەکانیان پڕکردووەتەوە 86% بووە، رێژەی بەشداریكردنی هاووڵاتییانیش لە شارەكانی هەرێم بەم شێوەیەیە، لە هەولێر 88%، سلێمانی: 87%، دهۆک: 83% و هەڵەبجە: 89% بووە.
جێگەی ئاماژەیە ئەو کەسانەشی تا ئێستا فۆرمەكەیان پڕنەكردووەتەوە، چەند هۆكارێكی هەیە، ئەوانیش خۆی لە نەبوونی کارتی نیشتمانیی، بوونیان لە دەرەوەی وڵات، یان پشتگوێیان خستووە، یان نەشارەزان و توانای پڕکردنەوەی فۆرمەکەیان نییە، یان دوورەدەستن و دەستیان بە ئینتەرنێت ناگات.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئاگاداری ئەو هاووڵاتیانە دەکاتەوە، دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتی فۆڕمی خۆراک لە شارەکانیان بکەن و فۆرمەکە پڕبکەنەوە.
سبەینێ سێشەممە موچەی مانگی شەشی مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردە دابەشدەکرێت، هاوکات رۆژی چوارشەممەش مامۆستایانی گرێبەستی خوێندنی باڵا موچەکانیان وەردەگرن.
وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێم لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، سبەینێ لەگەڵ دابەشکردنی موچەی وەزارەتی پەروەردە، موچەی مانگی شەشی مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردە دابەشدەکرێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، رۆژی چوارشەممەش لەگەڵ دابەشکردنی موچەی وەزارەتی خوێندنی باڵا، موچەی مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی خوێندنی باڵا دابەشدەکرێت.
وەزارەتی دارایی ئەوەشی خستووەتەڕوو، تەمویلی موچەی مامۆستایانی گرێبەست لەسەر داهاتی ناوخۆ خەرجدەکرێت.
لەگەڵ هاتنی مانگی ئەیلوول، وەرزی هاوینی گەرم کۆتایی پێدێت و سروشت خۆی بۆ وەرزی پایز ئامادە دەکات. بەڵام دوو رێگەی جیاواز هەیە بۆ دیاریکردنی دەستپێکی ئەم وەرزە نوێیە: رۆژژمێری کەشناسی و رۆژژمێری فەلەکی، کە هەریەکەیان کات و بنەمای خۆی هەیە.
پایزی کەشناسی: سادە و جێگیر
بەپێی رۆژژمێری کەشناسی، کە زۆربەی پسپۆڕانی کەش و هەوا و ناوەندەکانی پێشبینی بەکاری دەهێنن، وەرزەکان بە شێوەیەکی سادە دابەشکراون. هاوین لە 1ی حوزەیران دەست پێدەکات و لە 31ی ئاب کۆتایی دێت. بەم پێیەش، وەرزی پایز لە 1ی ئەیلوول دەست پێدەکات و تا 30ی تشرینی دووەم بەردەوام دەبێت. ئەم دابەشکردنە ئاسانکاری دەکات بۆ کۆکردنەوەی ئامار و بەراوردکردنی داتاکانی کەشوهەوا لە ساڵێکەوە بۆ ساڵێکی تر.
پایزی فەلەکی: بەپێی سوڕانەوەی زەوی
بەڵام لە روی فەلەکییەوە، دەستپێکی وەرزەکان پەیوەستە بە خولگە و سوڕانەوەی زەوی بە دەوری خۆردا. وەرزی پایز لە نیوەگۆی باکووری زەوی لە کاتی هاوسەنگبوونی پاییزی (Autumnal Equinox) دەست پێدەکات، کە ئەمساڵ دەکەوێتە 22 یان 23ی ئەیلوول.
لەم رۆژەدا، ماوەی شەو و رۆژ لەسەر هەردوو نیوەگۆی باکوور و باشووری زەوی نزیکەی یەکسان دەبێت. دوای ئەم بەروارە، لە نیوەگۆی باکوور رۆژەکان کورتتر و شەوەکان درێژتر دەبنەوە، ئەمەش نیشانەی رەسمی هاتنی پایزە.
گۆڕانکارییەکانی چاوەڕوانکراوی کەشوهەوا
لەگەڵ هاتنی پایز، چەندین گۆڕانکاری لە کەشوهەوادا روودەدەن. پلەکانی گەرما، بەتایبەتی لە شەواندا، وردە وردە نزم دەبنەوە. جیاوازیی نێوان پلەی گەرمای شەو و رۆژ زیاتر دەبێت. هەروەها، شێ لە هەوادا زیاد دەکات و ئەگەری دروستبوونی هەور و بارانبارین پلە بە پلە زیاتر دەبێت، تاوەکوو بەرەو وەرزی سەرما و دابارین دەڕۆین.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی نرخی کارەبای مۆلیدە ئەهلییەکانی بۆ مانگی ئاب (مانگی 8) راگەیاند، هاوکات ئاماژەی بەوەدا کە بەهۆی فراوانبوونی "پڕۆژەی روناکی" و دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری، 602 مۆلیدەی ئەهلی لە سەنتەری شاری سلێمانی کوژاونەتەوە.
بەپێی راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی، دوای کۆبوونەوەی لیژنەی تایبەت و لەبەرچاوگرتنی نرخی سووتەمەنی، نرخی هەر کاتژمێرێک کارەبای مۆلیدە بۆ یەک ئەمپێر بە (40) چل دینار دیاریکراوە.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە مۆلیدەکان لە مانگی ئابدا لە نێوان (275 بۆ 300) کاتژمێر کاریان کردووە، نرخی یەک ئەمپێر کارەبا بۆ ئەو مانگە لە گەڕەکەکانی ناوشاری سلێمانی لە نێوان (11.000) بۆ (12.000) دیناردا دەبێت.
پڕۆژەی روناکی و کاریگەرییەکانی
کارەبای سلێمانی جەختی لەوە کردووەتەوە کە بەهۆی سەرکەوتنی "پڕۆژەی روناکی"، تەواوی سەنتەری شاری سلێمانی چووەتە ژێر چەتری پڕۆژەکەوە و کارەبای24 کاتژمێرییان بۆ دابینکراوە. ئەمەش بووەتە هۆی کوژانەوەی 602 مۆلیدەی ئەهلی لە شارەکەدا.
لە راگەیەندراوەکەدا داوا لەو هاووڵاتیانە کراوە کە گەڕەکەکانیان چوونەتە ناو پڕۆژەکەوە و چیتر پێویستییان بە کارەبای مۆلیدە نەماوە، پێویستە بە زووترین کات حیسابی پارەی مۆلیدەکانیان پاکتاو بکەن.
وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان رایگەیاند کە تەواوکاری موچەی مانگی شەش خرایە سەر هەژماری وەزارەت.
بەپێی راگەیەندراوەکە؛ بڕی یەک تریلیۆن و حەوت ملیار و سێسەد و پەنجا و دوو ملیۆن دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خراوەتە سەر هەژماری بانکی وەزارەت لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان بە کوردسات نیوزی راگەیاند؛ بەرەبەیانی ئەمڕۆ چەند درۆنێک لە سلێمانی خرانەخوارەوە.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێم ئاشکرای کردووە کە گومانیان هەیە لەوەی کە حکومەتی عیراق پارەی تەواوکاری موچەی مانگی شەش بنێرێت.
بڕیار محەمەد، پەیامنێری کوردسات نیوز لە هەولێر رایگەیاند، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێم پێی وتووە؛ "ترسمان هەیە حکومەتی عیراق ئەو بڕە پارەیەی کە ماوە نەنێردرێت، بۆیە دەستمان بە دابەشکردنی موچە نەکردووە."
هەمان سەرچاوە رایگەیاندووە: "گومانمان هەیە لەوەی کە ئەمڕۆش تەواوکاری موچە بێت."
ئەم لەدوای ئەوە دێت، کە دوێنێ وەزارەتی دارایی عیراق بەشێک لە پارەی موچەی مانگی شەشی خستەسەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێم و بڕیاربووە ئەمڕۆ تەواوکارییەکەی بنێرێت.
وەزارەتی دارایی هەرێم هێشتا دەستی بە دابەشکردنی موچەکان نەکردووە و چاوەڕوانی تەواوبوونی گواستنەوەی پارەکەیە لەلایەن بەغدادەوە.
مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی دەربەندیخان کەسێکیان دەستگیر کردووە بە تۆمەتی هێرشکردن.
بەپێی هەواڵێکی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، ئەم دەستگیرکردنە لەدوای سکاڵای هاوڵاتییەک دێت کە بانگەشەی ئەوەی کردووە تۆمەتبارەکە هێرشی کردووەتە سەری و ویستویەتی بیڕفێنێت.
پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند؛ لە لێکۆڵینەوەکاندا، جگە لە تۆمەتی هێرشکردن، پشکنینی پزیشکی بۆ تۆمەتبارەکە ئەنجامدراوە. ئەنجامەکان دەریانخستووە کە ئەو بەکارهێنەری مادەی هۆشبەرە و پێشتریش لەسەر ئەم تاوانە سزا دراوە.
ئێستا تۆمەتبارەکە (أ، ح، ح) بەبڕیاری دادوەر و بەپێی مادەکانی 432 و 267 و مادەی 30ی یاسای مادە هۆشبەرەکان دەستگیر کراوە. بنکەی پۆلیسی دەربەندیخان پەڕگەی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە.
لە سلێمانی پڕۆسەی وەرگرتنی سکاڵا دژی تۆمەتبار "عەجاج" جەلادەکەی ئەنفال دەستیپێکرد، دوای تەواوکردنی رێکارەکان ئاراستەی دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق دەكرێت
دوای ئەوەی سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی، دادگای لێكۆڵینەوەی سلێمانی/٥ی دیاریكرد بۆ وەرگرتنی سكاڵای یاسایی كەسوكاری ئەنفالكراوان دژی تۆمەتبار (عجاج احمد حردان)، ئەمڕۆ دەستکرا بەڕێکاری یاسایی وەرگرتنی وتەی سکاڵاکاران و ژمارەیەکشیان وتەیان وەرگیرا.
جێگەی ئاماژەیە، پرۆسەكە بەردەوام دەبێت لە رۆژانی داهاتوودا و پاش تەواوكردنی رێكارەكان، وتە و سكاڵاكان ئاراستەی دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق دەكرێت.
شارەوانی سلێمانی ئاشکرایدەکات، وردبینیکردن لە دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران دەستیپێکردووە، هاوکات هەر فەرمانبەرێک پێشتر سودمەند بووبێت یاخود دوو فەرمانبەر هاوسەربن و هەردوولا فۆڕمیان پڕکردبێتەوە، ئەگەر شارەوانی ئاگادار نەکەنەوە تووشی لێپیچینەوەی یاسایی دەبنەوە.
سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەووە، دوای ئەوەی دەستکرا بە دابەشکردنی زەوی بەشێوەی تیروپشکی ئەلیکترۆنی لە رۆژی 28-8-2025، لە ئێستادا لیژنەکانی دابەشکردنی زەوی هەڵدەستن بە کاری وردبینیکردن بۆ داواکاری سەرجەم فەرمانبەران.
شارەوانی سلێمانی ئاماژەی بەم خاڵانەی خوارەوە کردووە و دەڵێت هەر فەرمانبەرێک پێچەوانەی ئەم خاڵانە فۆڕمەکەی پڕکردووەتە دەبێت ئاگاداریان بکاتەوە بە پێچەوانە تووشی لێپێچینەوەی یاسایی دەبنەوە.
یەکەم؛ ئەگەر فەرمانبەر پێشتر سوودمەند بووە و فۆڕمی پڕکردۆتەوە و زانیاری دروستی نەداوە.
دووهەم؛ ئەگەر فەرمانبەری گرێبەست فۆڕمی پڕکردۆتەوە و بەهەڵە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکەی بەرزکراوەتەوە بۆ وەزارەتەکەی خۆی.
سێیەم؛ ئەگەر فەرمانبەر خزمەتی فعلی هەشت ساڵ کەمتر بێت و فۆڕمی پڕکردبێتەوە بە هەڵە و بەسەر لیژنەی بەڕێوەبەرایەتییەکەیاندا تێپەڕیبێت.
چوارەم؛ ئەگەر هاتوو هەردوو هاوسەر فەرمانبەربن و هەردوولا فۆڕمیان پڕکردبێتەوە.
شارەوانی سلێمانی راشیگەیاندووە، پێویستە بە نوسراوی رەسمی فەرمانگەی پەیوەندیدار ئاگاداریان بکاتەوە بە پێچەوانەوە بەپێی ئەو بەڵێننامەیەی کە پڕی کردوەتەوە لە کاتی پێشکەشکردنی فۆڕمی وەرگرتنی زەوی تووشی لێپێچینەوەی یاسایی دەبن، هەروەها پێویستە فەرمانبەرانی فەرمانگەکان راستەوخۆ سەردانی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی نەکەن بۆلای لیژنەی دابەشکردنی زەوی، بەڵکو هەر داواکارییەک یاخود پرسیارێک یاخود کێشەیەکیان هەبێت لیژنەکانی خۆیان ئاگادار بکەنەوە و ئەوانیش بەرزی بکەنەوە بۆ سەرۆکایەتییان، چونکە دەبێتە هۆی لۆد و قەرەباڵغی لە فەرمانگەکەیان.