بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە دەباشان پێشوازی لە ئەندرۆ بیزلی، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند، "بەهێزیمان و پاراستنی مافەکانمان پەیوەستە بە تەبایی و پێکەوەییمان لە بەغداد."

لە دیدارێکدا، ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق تاوتوێکران و جەخت لە بەردەوامیی هەماهەنگی لەنێوان لایەنەکان کرایەوە بەمەبەستی پاراستنی سەقامگیری و ئارامی لە وڵاتدا.

سەرۆک بافڵ تاڵەبانی پێویستیی یەکگرتوویی و یەکڕیزیی کوردی لەم قۆناغەدا دووپاتکردەوە و بە کلیلی پاراستنی مافەکانی گەلی کوردی دانا.

سەبارەت بە کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عیراق، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، هەموو هەوڵێک دەدەن تا لەسەر بنەمای دەستوور پرسەکان یەکلایی بکەنەوە، تا چی دیکە خەڵک نەکرێتە قوربانی و حکومەتێکی خزمەتگوزار لە عیراق بنیادبنرێت کە بەبێ جیاوازی خزمەتی هەمووان بکات.