کوردستانکوردستان

سبەینی بەبۆنەی یادی لەدایكبوونی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ)، لە سەرجەم دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان پشووی رەسمی دەبێت، بەڵام دابەشکردنی موچە بەردەوام دەبێت.

حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، سبەینێ پێنجشەممە 3ـی9ـی2025 بەبۆنەی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ)، لەسەرجەم دامودەزگاکان پشووی رەسمییە.

هاوکات وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم رایگەیاند، لەگەڵ ئەوەی سبەینێ پێنجشەممە پشووی رەسمییە، بەڵام دابەشکردنی موچە بەپێی خشتەی راگەیەنراو بەردەوام دەبێت.

وەزارەتی دارایی راشیگەیاندووە، سەرجەم ئەو بانکانەی ئەرکی دابەشکردنی موچەیان لە ئەستۆدایە دەوام ئاسایی دەبێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

مانگی رابردوو زیاتر لە 27 هەزار کەس سەردانی نەخۆشخانەی شاریان کردووە و هەر لەو مانگەدا 910 نەشتەرگەری جۆراوجۆر ئەنجامدراوە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی لەراگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، لەرۆژی (1 بۆ 31/8/2025) لەنەخۆشخانەی شار 27 هەزار و 593 نەخۆش سەردانیان كردووەو چارەسەری پێویستیان بۆ كراوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، مانگی رابردوو 5هەزار و 506 نەخۆش لە نەخۆشخانەی شار داخڵ كراون ، لەو ژمارەیەش هەزار 820  نەخۆش لەبەشی فریاكەوتن و 624 نەخۆش لەبەشی نەشتەرگەری و 780 نەخۆش لەبەشی هەناوی و 444 نەخۆش لەبەشی شكاوی و 282 نەخۆش لەبەشی هەناوی مێشك و دەمار داخڵ بوون.

تەندروستی سلێمانی ئاشکراشیکردووە، هەر لەو ماوەیەدا لەنەخۆشخانەکە 910 نەشتەرگەری جۆراوجۆر و 132 نەشتەرگەری قەستەرە و 90 نەشتەرگەری شەبەكە و باڵۆن و 28 نەشتەگەری بۆ منداڵان بووە.

ئەوەشی خستەڕوو، مانگی رابردوو زیاتر لە 63 شیكاری تاقیگەیی و هەزار 408 هێڵكاری دڵ كراوە ، هەروەها نزیکەی 6 هەزار تیشك و 231 ئیكۆ و 775 چارەسەری سروشتی ئەنجامدراوە لە نەخۆشخانەکە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ئیدانەی برینداکردنی رۆژنامەنووس هێمن مامەند دەکات و رایدەگەیەنێت: ئەو کردەوەیە هەوڵێکە بۆ بۆ سنوردارکردنی دەنگی ئازادی و کاری رۆژنامەوانی.

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، نیگەرانی خۆی دەردەبڕێت بۆ ئەوکردەوە نامرۆڤانەی بەرانبەر هێمن مامەند ئەنجامدراوە، پێشیان وایە هەوڵێکە بۆ سنوردارکردنی دەنگی ئازادی و کاری رۆژنامەوانی لەشاری سلێمانی .

ئاماژەی بەوەشکردووە، داواش دەکات هەرچی زووە بکەرانی ئەو کارە بدۆزرێنەوە و رادەستی یاسا بکرێن.

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە کۆتایی راگەیەنراوەکەیدا، هیوای سەلامەتی و تەندورستییەکی باش بۆ هێمن مامەند دەخوازێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی ئەمڕۆ و سبەینێ ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت، هاوکات پلەکانی گەرما زیاتر نزمدەنەوە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی هەرێم بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت، هەروەها پلەکانی گەرما یەک بۆ دوو پلە دادەبەزن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، سبەینێ پێنجشەممە بەگشتی ئاسمان ساماڵ دەبێت، لەگەڵ بەرزبوونەوەی تۆزێکی کەم و لە ناوچەکانی باشووری هەرێم تۆزەکە زیاتر دەبێت .

کەشناسی هەرێم ئەوەشی خستوەتەڕوو، سبەینێ پلەکانی گەرما تا دوو پلەی دیکە بە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ زیاتر دادەبەزن.

 

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بۆ 48 کاتژمێری داهاتوو:

هەولێر : 40 پلەی سیلیزی

سلێمانی : 39 پلەی سیلیزی

دهۆک : 39 پلەی سیلیزی

کەرکوک : 41 پلەی سیلیزی

زاخۆ : 40 پلەی سیلیزی

هەڵەبجە : 39 پلەی سیلیزی

سۆران : 40 پلەی سیلیزی

حاجی ئۆمەران : 28 پلەی سیلیزی

گەرمیان 42 پلەی سیلیزی

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدەدات و دۆسیەی داهاتە نانەوتییەكان و هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان تاوتوێ دەکات.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێم لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرایکرد، ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیران، بە سەرپەرشتیی سەرۆكی حكومەت و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەت، كۆدەبێتەوە و دوو پرس تاووتوێ دەكات.

راشیگەیاندووە، لە بڕگەی یەكەمدا رێڕەوی گفتوگۆكانی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی لەبەر رۆشنایی كۆبوونەوەكانی ئەمدواییەی نێوان وەفدی دانوستانكار و لیژنە هاوبەشەكانی هەردوولا، دەربارەی دۆسیەی داهاتە نانەوتییەكان و دۆسیەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان، لەبەر رۆشنایی بڕیارەكانی ئەنجومەنی وەزیران و لەیەكترگەیشتن و كۆبوونەوەی هاوبەشی لیژنەكان دەخرێتە ڕوو.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئاماژەی بەوەشکردووە، لە بڕگەی دووهەمدا پێشنیازی وەزارەتی ناوخۆ سەبارەت بە پێداویستییەكانی جێبەجێكردنی سیستمی نوێی دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتوچۆ لە هەرێمی كوردستان گفتوگۆی لەبارەوە دەكرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

شەوی رابردوو لە قەزای شێخان رووبەڕووبونەوەیەک لەنێوان داواکراوێک و هێزەکانی ئاسایش رویدا و بەهۆیەوە سێ کەس گیانیان لەدەستدا.

پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، شەوی رابردوو لە لە ئاهەنگێکی بوک و زاوا لە قەزای شێخانی سنوری پارێزگای دهۆک رووبەڕووبونەوەیەک لە نێوان تۆمەتبارێکی بازرگانی مادەی هۆشبەر رویدا و بەهۆیەوە سێ کەس گیانیان لەدەستدا و چەندین برینداریشێ لێکەوتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە رووبەرووبوونەوەکەدا دوو کارمەندی هێزەکانی ئاسایش گیانیان لەدەستداوە و سێ کەسی دیکەش برینداربوون و تۆمەتبارەکەش کوژراوە.

پەیامنێری کوردسات نیوز ئەوەشی خستەڕوو، هێزەکانی ئاسایش چونەتە هۆلی ئاهەنگەکە بۆ ئەوەی ئەو تۆمەتبارە دەستگیربکەن کە لە ئاهەنگەکەدا ئامادەبووە، هاوکات تۆمەتبارەکە رووبەڕووی هێزەکان بووەتەوە و شەڕەتەقە لە نێوانیاندا رویداوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: هەرێم و بەغداد لەسەر سیستمی ئەسیکودا رێککەوتن، کە ئەم سیستمە ئاسانکاری بۆ بازرگانانی هەرێم دەکات.

رەوەز ئەحمەد شا ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەیەکی گرنگدا لە نێوان هەرێم و بەغداد بەرێوەچوو، کەتێیدا بریاردرا سیستمی ئەسیکودا لە نێوان هەردوولا کارابکرێت و بەمەش كومپانياكانى كوردستان بەگشتى دەتوانن وەك كومپانياكانى ناوەراست و خوارووى عيراق كارى بازرگانى هاوردە و هەناردەى خويان بەشێوەيەكى ئاسايی و ياسايی بەجێ بگەيەنن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لەرێكەوتنەكەدا برياردراوە  بە بەكارهێنانى ژمارەى بازرگانى كومپانياكان ( UEN ) كەپێكهاتووە لە چواردە ژمارەى بى هاوتا بكرێتە بنەمايەك بۆ وەرگرتن و بەشدارى كردن لە سيستمى ( الاسيكودا )، بۆ لەمەودوا كومپانياكانى هەرێمى كوردستان پێویستیان بە ناسنامەى باج ( هويەى ضريبى ) نابێت.

رەوەز ئەحمەد شا راشیگەیاندووە، لەگەڵ چارەسەركردنى ئەم كێشەيەى ماوەى رابردوو كۆمپانياكانى كوردستان بەگشتى دەتوانن وەك كومپانياكانى ناوەڕاست و خوارووى عيراق كارى بازرگانى هاوردە و هەناردەى خويان بەشێوەيەكى ئاسايی و ياسايی بەجێ بگەيەنن.

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی کوردستان ئومێدەواریشە، بڕيارەكە وەك خۆى جێبەجێ بكرێت و ئاستەنگی بۆ دروست نەکرێت .

هاوکات لە کۆبووەنەوەکەدا نوێنەرى وەزارەتى ناوخۆ و بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیاکان و بەڕێوەبەری گشتی گەشەپێدانی پیشەسازی و بەڕێوەبەری گشتى گومرگ و بەڕێوەبەری کونترۆڵی جۆری لەگەڵ هاوتاكانيان و سامى سودانی راوێژكارى سەرۆك وەزيرانى حكومەتى فيدراڵ ئامادەیبوون.

سیستمی ئەسیکودا ( ASYCUDA System ) کورتکراوەی سیستەمی ئۆتۆماتیکی بۆ داتای گومرگیە، سیستمێکە کە بەکاردێت بۆ رێکخستنی کارەکانی گومرگی لە رێگەی ئۆتۆماتیکیکردنی پرۆسەکانی وەک کۆکردنەوەی زانیاری و شیکاری لە خاڵە گومرگییەکان، ئەم جۆرە سیستمە لە زۆرێک لە وڵاتان بەشێوەی هاوشێوە بەکاردەهێنن بۆ بەرزکردنەوەی کارایی و ئاسایشی گومرگی،هەروەها  سیستمی ئەسیکودا دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە بەدواداچوون و شیکردنەوەی سەرچاوەکانی داهاتی حکومەت، بە تایبەت ئەگەر زیادبوون هەبێت، ئاسانکاریش دەکات لە ئۆتۆماتیکیکردنی کۆکردنەوە و شیکردنەوەی زانیاری لە خاڵە گومرگییەکان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان ئیدانی هەوڵی تیرۆرکردنی رۆژنامەنووس هێمن مامەند دەکات و بە کارێکی ترسنۆکانە ناوی دەبات.

لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان لەبارەی تەقەکردن لە هێمن مامەند راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: تەقەکردن لە رۆژنامەنووس ھێمن مامەند رەفتارێکی ترسنۆکانە و دوورە لە کارو پیشەی خەڵکی ئازا، چونکە رۆژنامەنووس ھەڵگری چەک نیە تا بە چەک تەقەی لێبکرێت و ئەم حاڵەتەش دەچێتە خانەی ھەوڵدان بۆ تیرۆرکردن.

لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان لە راگەیەنراوەکەدا، داوا دەزگا بەرپرسەکان لێکۆڵینەوەی ورد لەسەر ئەم بابەتە بکەن و ئەنجامدەران ئاشکرا بکەن، چونکە ژینگەی میدیای سلێمانی رۆژنامەنووسی تێدا تیرۆر نەکراوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، با ھەموومان ھاوکار و ھاریکاریی یەکتربین تا پایتەختی رۆشنبیریی ھەرێمەکەمان بە پاکی و بە جوانیی بۆ میدیاکاران بمێنێتەوە.

هەر لە راگەیەنراوەکدا ئەوەشخراوەتەڕوو، لە ئێستاد باری تەندروستی هێمن مامەند زۆر باشە و جێگیرە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

هێمن مامەند رۆژنامەنووس و چالاکوانی مەدەنی لە سلێمانی لەلایەن چەند کەسێکەوە تەقەی لێکرا و برینداربوو.

پەیامنیری کوردسات نیوز رایگەیاند، لەگەڕەکی عەقاری شاری سلێمانی لەلایەن ماتۆڕسکیلێک کە دوو سەرنشینی لەسەربووە،  تەقە لە هێمن مامەند کرا و  گوللـەیەک بەر قۆڵی کەوتووە و برینداربووە.

وتیشی، بە دەمانچە تەقە لەو رۆژنامەنووسە کراوە و گوللـەکیش بە ئۆتۆمبێلەکەی کەوتووە.

پەیامنێری کوردسات نیوز راشیگەیاند، لە ئێستادا رەوانەی نەخۆشخانەی شار کراوە و لەژێر چاودێری پزیشکیدایە.

ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا هێزە ئەمنییەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە روداوەکە کردووە و تا ئێستا ئەو کەسانەی تەقەیان لەو رۆژنامەنووسە کردووە، دەستگیرنەکراون

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق کرد.

موحسین مەندەلاوی پیرۆزبایی لە بافڵ جەلال تاڵەبانی کرد بەبۆنەی هەڵبژاردنی بە سەرۆکی هاوپەیمانیی سۆسیال دیموکرات لە جیهانی عەرەبی. هەروەها لە دیدارەکەدا جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندی نێوان هەردوولا کرایەوە بۆ کارکردنی پێکەوەیی و یەکخستنی هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و بەردەوامی هەماهەنگی نێوان سەرجەم لایەنە سیاسییەکان لەپێناو پاراستنی سەقامگیریی وڵات.

تاوتوێکردنی دۆخی سیاسیی عیراق و کێشەی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو، هەردوولا لەسەر پابەندبوون بە رێککەوتنی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا هاوڕابوون.

سەرۆک بافڵ رایگەیاند، هەر هەنگاو و پرۆژەیەک لە خزمەتی خەڵکە خۆشەویستەکەماندا بێت، یەکێتی لەگەڵیدا دەبێت و بە پێکەوەیی و هاوبەشی دەتوانین بەسەر ئاڵنگارییەکاندا زاڵبین.

جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق پشتگیریی بۆ سەرخستنی هەموو ئەو هەوڵ و هەنگاوانە دەربڕی کە بۆ چەسپاندنی یاسا و پاراستنی ئاسایش و ئارامی هاونیشتمانییان لە سلێمانی دەدرێن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی دارایی هەرێم راگەیەنراوێکی لەسەر دەستبەسەراگرتنی موڵکەکانی نالیا و چاڤی بڵاوکردەووە و رایگەیاندووە: دۆسیەی قەرزەكانی كۆمپانیای نالیا و چاڤی بابەتێكی یاساییە و فرۆشتنی سەرجەم موڵكە دەست بەسەرداگیراوەكان لە پڕۆسەی زیادكردنی ئاشكرا بەڕێوەدەچێت.

وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرایکرد، پاڵپشت بە بڕیاری دادگا و دوای تەواوکردنی سەرجەم رێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان لەلایەن فەرمانگەی تۆمارکردنی خانووبەرەی سلێمانی و فەرمانگەی جێبەجێکردنی سلێمانی دەستگیرا بەسەر موڵکەکانی کۆمپانیای نالیا و چاڤی لەبەرانبەر قەرزەکانی بانکە بازرگانییەکانی سەر بە وەزارەتی دارایی.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە هەندێک کەناڵی راگەیاندن و دەزگای میدیایی بەبێ هەبوونی زانیاری دروست و بەڵگەی یاسایی هەواڵی ناڕاست بڵاودەکرێتەوە و شیکردنەوەی جیاواز بۆ بابەتەکە دەکرێت ، بۆیە وەزارەتی دارایی لە رێگەی ئەم رونکردنەوەیە بەرچاوڕوونی زیاتر بۆ ڕای گشتی و میدیاکان دەخاتەڕوو.

وەزارەتی داراییئەوەشی خستەڕوو،  بابەتی دۆسیەی قەرزەکانی کۆمپانیای نالیا و چاڤی بابەتێکی یاساییە و پاش یەکلایی بوونەوەی داواکە لە دادگا لەبەرژەوەندی وەزارەتەکەیان و تەواوکردنی سەرجەم رێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان لە بەرانبەر کۆمپانیای نالیا و چاڤی، هەروەها دوای بڵاوبوونەوەی ئاگاداری فرۆشتن لە وادەی دیاریکراودا لە رۆژنامە، فرۆشتنی سەرجەم موڵکە دەست بەسەرداگیراوەکان لە پڕۆسەی زیادکردنی ئاشکرا بەڕێوەدەچێت.

راشیگەیاندووە،  ئەو موڵکانەی کۆمپانیای نالیا و چاڤی کە پێشتر دەستی بەسەرداگیراوە بەپێی وێنەی تۆمار بەناوی کۆمپانیای نالیا و کۆمپانیای چاڤییەوە تۆمارن وە لەبەر ئەوەی پێشتر قەرزەکان بەناوی ئەو دوو کۆمپانیایەوە وەرگیراون، بەپێی یاسا هەموو کۆمپانیایەک کەسایەتی واتایی (معنوی) هەیە ، هەر بۆیە رێکاری یاسایی بەرانبەر کۆمپانیا دەگیرێتەبەر نەک تاکەکەس، هاوکات گۆڕینی خاوەندارێتی کۆمپانیا کاریگەری نابێت لەسەر کەسایەتی واتایی کۆمپانیا و ئەو قەرز و پابەندییانەی لە ئەستۆی ماوەتەوە.

لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، مێژووی وەرگرتنی قەرزەکانی کۆمپانیای نالیا و چاڤی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (2010 ، 2011 ) کە ماوەی گەڕانەوەی قەرزەکە تەنها دوو ساڵ بووە ، دوای چەندین جار ئاگادارکردنەوە هەردوو کۆمپانیای ناوبراو ئامادە نەبوون قەرز و سوودەکانی لەکاتی خۆی بگەڕێننەوە ، لەساڵی 2015 وە ئەم دۆسیەیە لە دادگا كاری لەسەر دەكرێت تاوەکو دواجار لە ساڵی 2021 دۆسیەکە لە بەرژەوەندی وەزارەتی دارایی یەکلایی بووەوە و رێکاری یاسایی پێویست گیرایەبەر .

لە کۆتا خاڵی راگەیەنراوەکەدا، لەبەرانبەر وەرگرتنی قەرزەکانیان کۆمپانیای نالیا و چاڤی بەدەر لەیاسا بارمتەکانیان چەند جارێک گۆڕیبوو، دواین جار چوار پارچە زەویان وەک بارمتەی قەرزەکە دانابوو کەدووجار یاسا شکێنی تیا کرا بوو ، یەکەم ئەو زەویانە لەبنەڕەتدا سەوزایی و خزمەتگوزاری و شەقام بوون لە ناو ئەو پرۆژەیەی قەرزەکەی بۆ وەرگیرابوو، کەئەوەش مافی خاوەندارێتی بۆ شارەوانی دەگەڕێتەوە لەڕووی یاساییەوە بەهیچ جۆرێک نافرۆشرێت و ناخرێتە زیادکردنی ئاشکراوە.

هەروەها ئەو خەمڵاندنەی بۆ نرخی ئەو زەویانە کرابوو چەند هێندەی نرخی بنەرەتی زەویەکان بوو ، دوای هەوڵدانێکی زۆرو کاری چڕو پڕ هەموو ئەو پێشێلکارییە یاساییانە راست کرانەوەو دۆسیەکە لەلایەن دادگاوە پلەی کۆتایی وەرگرت،  نیشانەی گلدانەوە لەسەر موڵکەکان دانراو داوا لەفەرمانگەی جێبەجێکردن کرا رێکاری پێویست بۆ فرۆشتنی موڵکەکان بەشێوەی زیادکردنی ئاشکرا بگرێتەبەر، لەنێو سەدان موڵکی کۆمپانیای نالیا و چاڤی (60 ) موڵک دەستنیشان کران کە سەرجەمیان شایستەی فرۆشتنن بەپێی وێنەی تۆمار .

وەزارەتی دووپاتی دەکاتەوە پاڵپشت بە بڕیاری دادگا و بەپێی بەڵگەنامە یاساییەکان کار لەسەر دۆسیەکان دەکات ، بۆیە بەپێی یاسا و بڕیاری دادگا سەرجەم ئەو لایەن و کۆمپانیایانەی قەرزاری بانکەکانی وەزارەتن و لەکاتی خۆی پابەند نەبوون بەگەڕانەوەی قەرزەکان، سەرجەمیان رێکاری یاسایی و ئیداریان بەرانبەر گیراوەتەبەر و دەست بەسەر ئەو موڵکانە گیراوە کەکاتی خۆی وەک بارمتە لەبری وەرگرتنی قەرزەکە دایان ناوە.

لە کۆتایی راگەیەنراوەکەشدا وەزارەتی دارایی ئاشکرایکردووە، لەماوەی چەند ساڵی رابردوشدا توانراوە بەبەهای زیاتر لە سەد و دە ملیار دینار دەست بەسەر موڵکی خاوەن قەرزەکان بگیرێت و لەسەر وەزارەت تۆمار بکرێت، هەروەها بڕی زیاتر لە بیست و پێنج ملیار دیناریش قەرز بەشێوەی کاش گەڕێنراوەتەوە بۆ خەزێنەی گشتی.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم رایدەگەیەنێت، سلێمانی وەک هەمیشە بە شاری ئازادیی کاری سیاسی و ئازادیی رادەربڕین دەمێنێتەوە، بەڵام بە هەمان شێوەی وڵاتانی دیموکراسیش رێگە بە دروستبوونی گرووپی چەکدار لە دەرەوەی یاسا نادرێت.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم بە جیا لەگەڵ هەریەک لە پاتریک دۆرێل، باڵیۆزی فەڕەنسا و ئەندرۆ بیزلی، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێم کۆبووەوە.

هاوکات لەمیانی دیدارەکەدا جێگری سەرۆک وەزیران جارێکی دیکە جەختی کردەوە، کە سلێمانی وەک هەمیشە بە شاری ئازادیی کاری سیاسی و ئازادیی رادەربڕین دەمێنێتەوە، بە هەمان شێوەی وڵاتانی دیموکراسیش رێگە بە یاساشکێنی و دروستبوونی گروپی چەکدار لە دەرەوەی یاسا نادرێت.

قوباد تاڵەبانی روونیشیکردەوە، سوورن لەسەر چەسپاندنی سەروەریی یاسا و جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگا و لە هەمانکاتیشدا مافی یاسایی هەموو تۆمەتبارێک پارێزراو دەبێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە ئەنجامی وەرگەڕانی مینی پاسێک لە چەمی رەزان لە نزیک قەزای دوکان چوار کەس گیانیان لەدەستدا.

سامان نادر لێپرسراوی سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە ئەنجامی وەرگەڕانی مینی پاسێک لە سنوری چەمی رەزان چوار کەس گیانیان لەدەستداوە و حەوت کەسی دیکەش برینداربوون.

ئاماژەی بەوەشکرد، سەرجەم ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە و بریندارەكانیش بە نەتەوە عەرەبن.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم پێشوازیکرد لە باڵیۆز عه‌لی رەزا گوينه‌ى، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتيى كاروبارى عیراق و ئێران له‌ وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى توركيا و پێکەوە لەبارەی پرۆسەی ئاشتی و چەند پرسێکی دیکە گفتوگۆیان کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی ئەرمان تۆپچو، کونسوڵی گشتیی تورکیا لە هەرێم بەڕێوەچوو، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم جەختی کردەوە، لەسەر پشتگیری هەرێمی کوردستان لە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و رایگەیاند، سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە لە بەرژەوەندی هەموو ناوچەکەیدایە و هەڵگری ئەو پەیامەیە بۆ هەموو ناوچەکە کە دواجار چارەسەری راستەقینە و ریشەیی کێشەکان هەر لە رێگەی ئاشتی و لێکتێگەیشتنەوە بەدی دێت نەک لە رێی شەڕ و ئاڵۆزی و ناسەقامگیرییەوە.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغداد کرا. لەمبارەیەشەوە قوباد تاڵەبانی روونیکردەوە کە گفتوگۆی بەردەوام هەیە بۆ ئەوەی بەپێی دەستور کێشە و ناکۆکییەکان چارەسەر بکرێن. وتیشی: لە ئێستادا زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە لێکتێگەیشتن هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە تایبەتیش کێشەی موچە و هەناردەکردنەوی نەوتی هەرێم.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەهۆی تەقینەوەیەکەوە لەکاتی مەشقی سەربازی لە بارەگای هێزەکانی 70 خوێندکارێکی کۆلێژی سەربازی گیانی لەدەستدا و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.

لیوا ئەحمەد لەتیف ووتەبێژی هێزەکانی 70ـی پێشمەرگە تایبەت بە کوردسات نیوزی رایگەیاند، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە نێو بارەگای فەرماندەیی هيزەکانی 70 لەکاتی مەشق و راهێنانی سەربازی گوللـە ئار پی جیەک تەقیوەتەوە و بەهۆیەوە خوێندکارێکی سەربە کۆلێژی سەربازی قەلاچوالان گیانی لەدەستداوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، سێ خوێندکاری دیکەی کۆلێژەکە بەهۆی تەقینەوەی گولە ئارپیجیەکەوە برینداربوون و گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.

 نوێ دەکرێتەوە....

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

شاسوار عەبدولواحید، لەلایەن دادگای سلێمانییەوە بە پێنج مانگ زیندانیکردن سزادا.

ئەمڕۆ سێشەممە 2ـی 9ـی 2025، دادگای سلێمانی لەسەر سکاڵای ئەندامێکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان، شاسوار عەبدولواحیدی بە پێنج مانگ زیندانیکردن سزادا.

ئەمە لەکاتێکدایە کە 10 دۆسیەی دیکە ماوە سەبارەت بە شاسوار عەبدولواحید یەکلایی ببنەوە.

شەوی 12ـی 8ـی 2025، شاسوار عەبدولواحید بە فەرمانی دادوەر و بەپێی مادەی 431 لە یاسای سزادانی عیراقی دەستگیرکرا.

دواتر لە رۆژانی 21 و 28ـی 8ـی ئەمساڵ دوو جار دانیشتنی دادگا بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسیەی شاسوار عەبدولواحید دواخرا، ئەمرۆش سێهەم دانیشتنی دادگا ئەنجامدرا و شاسوار عەبدولواحید بە پێنج مانگ زیندانیکردن سزادرا. 

پێشتریش حاکم سەڵاح حەسەن وتەبێژی دادگای سلێمانی بە کوردسات نیوزی راگەیاندبوو: پڕۆسەی دادگاییکردنی شاسوار عەبدولواحید بەپێی یاسای سزادانی عیراقی بەڕێوەدەچێت و هەموو مافێکی تۆمەتبار پارێزراوە، هەروەها جیاوازی لەنێوان هیچ تۆمەتبارێکدا نییە و دادگا بێلایەنی خۆی لەدەست نادات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...131132133134135...956