لەیادی 241 ساڵەی دامەزراندنی شاری سلێمانیدا، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی خەڵکی شارەکە کرد و رایگەیاند، خزمەتکردنی سلێمانی بە کاری لەپێشینەیان دەمێنێتەوە.

دەقی پەیامەکە:

سڵاو سلێمانی، شاری ھەڵمەت و قوربانی، پایتەختی رۆشنبیری.

ئەمڕۆ بە دڵخۆشی و خۆشەویستیی زۆرمانەوە بۆ سلێمانی یادی 241 ساڵەی بونیادنانی شاری شاران دەکەینەوە.

ئەمڕۆ یادی شارێک دەکەینەوە کە بەدرێژایی مێژوو شانازیی نووسیوەتەوە و پێشەنگی قوربانیدان، بیری ئازاد، رۆشنبیری و نوێگەری بووە.

ئێمە بە شوێن باوک و باپیرانماندا هەنگاو دەنێین و بەردەوام لەگەڵ خەڵکی دڵسۆزی سلێمانی دەبین و وەفادارین بەرامبەریان.

وەک هەمیشە خزمەتکردنی سلێمانی بە کاری لەپێشینەمان دەمێنێتەوە و لەگەڵ خەڵکە خۆشەویستەکەمان پێکەوە هەنگاو بۆ داهاتوویەکی گەشتر دەنێین.

بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان