بەرگری شارستانی سۆران، راگەیندراوێکی بڵاوکردوەتەوە و داوا لە هاووڵاتییان دەکات نەچنە ناوچە شاخاوییەکان، قەراخ روبار و ئەو دۆڵ و نشێوانەی کە ساڵانە مەترسی لافاو و کۆبونەوەی ئاویان لێ دەکرێت.

ئەمڕۆ شەممە، بەرێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی ئیدارەی سۆران رایگەیاندوە؛  بەهۆی پێشبینەکانی کەشناسی لە هەرێمی کوردستان، دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێشبینی ئەگەری هاتنی شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین دەکرێت.

ئاماژەیان بەوەکردوە؛ بۆ ئەوەی هەمووان پارێزراوبن، داوا لە هاووڵاتییانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەکەن بۆ کاری پێویست نەبێت سەردانی ناوچە شاخاویەکان نەکەن، خۆیان بەدوور بگرن لە قەراغ روبارەکان و ئەو دۆل و نشێوانەی کە ساڵانە مەترسی لافاو و کۆبونەوەی ئاویان لێ دەکرێ.

لەبدرەنگانێکی شەوی رابردوەوە شەپۆلێک بارانبارین تەواوی هەرێمی کوردستانی گرتوەتەوە و بە گوێرەی  پێشبینییەکانی کەشناسیش، بەردەوام دەبێت و لە دوا نیوەڕۆی ئەمرۆوە لە هەندێک ناوچە بارانی بەخوڕ دەبارێت و هەورەتریشقە رودەدات.