ئەمڕۆ سێشەممە، بە هەماهەنگیی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی، تیروپشک بۆ ناوی ئەو کەسانە کرا کە فۆڕمیان بۆ ئەنجامدانی حەج پڕکردوەتەوە بۆ ساڵانی 2027 و 2028 .
بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێم رایگەیاند، لە پرۆسەکەدا رەچاوی رێژەی داواکاریی حاجیان کراوە و پێشینە دراوە بەو کەسانەی ساڵی رابردوو ناویان لە تیروپشک دەرنەچووبوو.
ئاماژەی بەوەشکرد، پرۆسەی وەرگرتنی مامەڵەی حاجیانی جێگرەوە بۆ ساڵی 2027 دەستیپێکردووە. ئەو 2,400 کەسەی ساڵی رابردوو بە تیروپشک وەک جێگرەوە دیاریکرابوون، ئەمساڵ دەتوانن بەبێ تیروپشک بەشداریی پرۆسەی حەجی 2027 بکەن.
بۆ بینینی ناوەکان کلیک لەم بەستەرەی خوارەوە بکە
ئەندامی لیژنەی خوێندنی باڵا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، چنار حاجی لە فراکسیۆنی یەکێتی رایگەیاند، لە چوارچێوەی بەردەوامبوونی هاوکاریی زانستی و ستراتیژی لەنێوان وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستیی حکومەتی فیدراڵی و وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەیەکی فراوان بە سەرۆکایەتی پ.د. حەیدەر عەبد زەهد، وەکیلی وەزارەت بۆ کاروباری زانستی و بەشداری پ.د. سەباح ئیبراهیم ویس، راوێژکاری وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا بەڕێوەبەرە گشتییەکانی بەشەکانی خوێندن، پلان و بەدواداچوون، پەیوەندییە کەلتوورییەکان، و توێژینەوە و گەشەپێدان لەلایەن هەردوو لایەنەوە ئامادەبوون، گفتوگۆ لەسەر چارەسەرکردنی بەربەستە کارگێڕی و تەکنیکییەکانی بەردەم رێکارەکانی وەرگرتنی هاوبەش و هاوتاکردنەوەی بڕوانامەکان کرا.
سەبارەت بە ئەنجامی کۆبوونەوەکە، چنار حاجی ئاشکرای کرد کە رێککەوتن کراوە لەسەر فراوانکردنی وەرگرتنی هاوبەش بۆ ساڵی خوێندنی داهاتوو بە شێوەیەک ژمارەی کورسییەکان خوێندنی سەرەتایی لە 400 کورسییەوە زیادکرا بۆ 1000 خوێندکار لەلایەن هەردوو لایەنەوە، ژمارەی کورسییەکانی خوێندنی باڵا لە 100 کورسییەوە زیادکرا بۆ 250 خوێندکار لەلایەن هەردوو لایەنەوە.
لەکۆتاییدا جەخت لە بەردەوامبوونی هەماهەنگیی زانستی و ئەکادیمی و ئاسانکاریی رێکارەکانی پەیوەندیدار بە وەرگرتن و بڕوانامەکان کرایەوە بە مەبەستی خزمەتکردنی خوێندکاران و پشتگیریکردنی پرۆسەی هاوکاری لەنێوان دامەزراوەکانی خوێندنی باڵای بەغداد و هەرێمی کوردستان.
ئاسۆ ئەحمەد، پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، هێزە ئەمنییەکانی عیراق بنەماڵەی محەمەد هێمنیان ئاگادار کردوەتەوە سەردانی نەخۆشخانەی ئازادی بکەن بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەکەی.
رۆژی یەکشەممەی رابردوو لە روداوێکی تەقەکردندا لە نێوان هێزە ئەمنییەکانی عیراق و سێ تیرۆریستی داعــ.ــش، لە پردێ محەمەد هێمن بێ سەروشوێن بوو، دەنگۆی ئەوە هەبوو لای هێزە ئەمنییەکانە و هیچ سۆراخێکی نەبوو، ئەمڕۆ بە بنەماڵەکەیان وتوە وەرن بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەکەی.
محەمەد هێمنی 16 تەمەن ساڵ کوڕی خاوەنی ئەو مارکێتە بوو، کە ڕوبەروبونەوەکەی تێدا رویداوە و تاقانەی پێنج خوشکە.
رۆژی یەکشەممەی رابردوو، لە روبەڕوبوونەوەیەكدا نێوان هێزەكانی سەر بە دەزگای دژەتیرۆری عیراق و ژمارەیەك تیرۆریستی داعش لە ناحیەی پردێ سەر بە پارێزگای كەركوك، دوو مێرمنداڵ گیانیان لەدەستدا، دوو تیرۆریستی داعش كوژراون و تیرۆریستێكی تریش بە برینداری دەستگیركرا و دوو ئەندامی دژەتیرۆری عیراقیش برینداربوون.
لیژنەی باڵای فێستیڤاڵی هەناری هەڵەبجە ئاگادارییەکی بڵاوکردوەتەوە و ئاڕاستەی سەرجەم بەشداربوان و خاوەن کۆشکەکانی ئەمساڵی فێستیڤاڵەکە کردەوە و تێیدا جەختی لەسەر ئەرکی بەکارهێنانی کەلوپەلی ژینگەدۆست کردوەتەوە.
بەپێی ئاگادارییەکە، لە پێناو پاراستنی تەندروستیی هاونیشتمانییان، ژینگەی شارەکە و سروشتی ناوچەکە، سەرجەم بەشداربووان پابەند دەکرێن، کە تەنها پێداویستیی دۆستی ژینگە بۆ پێشکەشکردنی خواردن و بەرهەمەکانیان بە گەشتیاران بەکاربهێنن و بەکارهێنانی هەر بابەتێکی پلاستیکی بە هەموو جۆرێک قەدەغە دەکرێت.
لیژنەکە کۆمەڵێک رێنمایی بڵاوکردوەتەوە؛ لەوانە ئیمزاکردنی بەڵێننامەی یاسایی لەلایەن بەشداربووانەوە پاش دەرچوونی ناوەکانیان بۆ پابەندبوون بە بڕیارەکەوە.
هەروەها جەخت کراوەتەوە کە لە کاتی بەسەرکردنەوەی لیژنەکاندا هەر بەشداربویەک پابەند نەبێت، دەستبەجێ مافی بەشداریکردنی لە فێستیڤاڵەکەدا لێ دەسەندرێتەوە و دووردەخرێتەوە.
لە هەمان کاتدا، بەشداربووان ئازاد کراون لە هەڵبژاردنی هەر کۆمپانیا و لایەنێک بۆ دابینکردنی پێداویستییە ژینگەدۆستەکان بە کەمترین نرخ و لە کۆتاییدا داوا لە هەموو لایەک کراوە بەدەم ئەم هەنگاوەوە بێن بۆ بەرزڕاگرتنی ئاستی شارستانیی فێستیڤاڵەکە.
وەزارەتی خوێندنی باڵای عیراق رێککەوتنێکی لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم ئیمزا کرد، بە مەبەستی زیادکردنی ژمارەی کورسییەکانی وەرگرتنی هاوبەشی خوێندکاران بۆ 1250 کورسی.
وەزارەتی خوێندنی باڵای عیراق رایگەیاند، بە رێککەوتن لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم، رێککەوتن لەسەر زیادکردنی کورسییە هاوبەشەکانی نێوانیان بە جۆرێک، لە خوێندنی بەکالۆریۆس ژمارەی کورسییەکان لە 400 کورسییەوە بۆ 1000 خوێندکار زیاد کرا، بۆ پلەکانی ماستەر و دکتۆراش ژمارەکە 100 کورسییەوە کراوە بە 250 کورسی.
بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتەکە، ئەم بڕیارە لە کۆبونەوەیەکی بەرفراواندا هاتوە، بە سەرۆکایەتی حەیدەر عەبد زەهد، بریکاری وەزارەت و بە ئامادەبونی سەباح ئیبراهیم وەێس، راوێژکاری وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم، لەگەڵ بەڕێوەبەرە گشتییەکانی فەرمانگەکانی خوێندن.
هاوکات لە کۆبونەوەکەدا تاوتوێی دۆسیە زانستییە هاوبەشەکان و میکانیزمەکانی بەهێزکردنی هاوکاریی ئەرکادیمی و چارەسەرکردنی کێشە ئیداری و فنییەکانی بەردەم پڕۆسەی وەرگرتنی هاوبەش و یەکسانکردنی بڕوانامەکان کرا.
بە گوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق، ئەنجامی کۆبونەوەکە بریتی بوو لە فراوانکردنی ئاسۆی وەرگرتنی خوێندکاران بۆ ساڵی خوێندنی داهاتوو؛ بە جۆرێک لە خوێندنی بەکالۆریۆس ژمارەی کورسییەکان لە 400 کورسییەوە بۆ 1000 خوێندکار زیاد کرا، بۆ پلەکانی ماستەر و دکتۆراش ژمارەکە 100 کورسییەوە بۆ 250خوێندکار بۆ هەردوولا بەرز کرایەوە.
وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی رێکخستنەوەی پرۆسەی خوێندن و چاودێریکردنی باشتری ئامادەبوونی خوێندکاران لە پەیمانگە ناحکومییەکاندا، فەرمانێکی وەزاری دەرکرد.
دەقی بڕیارەکە ئەم چەند خاڵە لەخۆ دەگرێت:
١. سەرجەم پەیمانگە ناحکومییەکان پابەند دەکرێن بە جێبەجێکردنی سیستمێک بە پەنجەمۆر (پەنجەمۆری ئەلیکترۆنی) بۆ تۆمارکردنی ئامادەبوون و نەبوونی خوێندکاران لە رۆژانی دەوامدا، ھەروەھا پابەند دەکرێن بە ھەبوونی تۆماری دروست سەبارەت بەو بابەته.
٢. ھەر خوێندکارێک لە ساڵێکی خوێندندا زیاتر لە 25 رۆژ ئامادەبوونی تەواوی نەبێت، بە دابڕاو لە خوێندن هەژمار دەکرێت و مافی بەردەوامبوونی لەو ساڵەی خوێندن نامێنێت. پەیمانگەکان بەپرسیارن لە جێبەجێکردنی ئەم بڕگەیە.
٣. ھەر پەیمانگەیەکی ناحکومی سەرپێچی بەرامبەر بە ناوەڕۆکی بڕگەکانی (1) و (2)ی ئەم فەرمانە بکات، رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر کە لە (وەرگرتنەوەی مۆڵەتی کارکردن)ـەوە دەستپێدەکات، جگە لەوەی سزای دارایی بەپێی ماددەی (25)ی یاسای ژمارە (14)ی ساڵی (2012)ی خوێندنگە و پەیمانگە ناحکومییەکان بەسەردا دەسەپێندرێت.
٤. سەرپەرشتیاری پەروەردەیی پەیوەندیدار راسپێردراوە بە بەدواداچوونی مەیدانی بۆ جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی ئەم فەرمانە. لە ئەگەری هەر کەمتەرخەمییەکدا، پرۆسەی لێپێچینەوە لە سەرپەرشتیاریش دەستپێدەکات.
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، پیرۆزبایی لە عیراقی فیدراڵ کرد بەبۆنەی بەدەستهێنانی مافی میوانداریکردنی پاڵەوانێتیی جامی کەنداوی 2028 و ئامادەی سلێمانییشی راگەیاند بۆ پیشوازیکردن لە یارییەکان.
لە میانی کۆبونەوەی لەگەڵ یونس مەحمود، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عیراق، پارێزگاری سلێمانی پیرۆزبایی لە فیدراسیۆنەکە کرد بۆ میوانداریکردنی جامی کەنداوی 2028.
د. هەڤاڵ ئەبوبەکر راشیگەیاند، پارێزگای سلێمانی تەواوی ئامادەیی سلێمانی بۆ پێشوازیکردن و بەڕێوەبردنی بەشێک لە یارییەکانی ئەو پاڵەوانێتییە دەربڕی.
هاوکات سوپاسی هەوڵە بەردەوامەکانی یەکێتیی تۆپی پێی عیراق کرد بۆ سەرخستنی ئەم خولە و هێنانی بۆ عیراق.
ئیدارەی گەرمیان رایگەیاند، ئامادەکاری تەواو کراوە بۆ دابەشکردنی قۆناغی دوەمی زەویی بەسەر فەرمانبەراندا، بە جۆرێک لە کەمترین ماوەدا زەوی دەدرێت بەو فەرمانبەرانەی فەرمانی وەرگرتنی زەویان هەیە و لە قۆناغی دوەمدا پێیاننەدراوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، ئیدارەی گەرمیان لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، کۆبونەوەیەکی تایبەتیان بە پرسی دابەشکردنی قۆناغی دوەمی زەویی بەسەر فەرمانبەراندا ئەنجامداوە.
بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، لە کۆبونەوەکەدا بە وردی تیشک خراوەتە سەر کێشە و ئاستەنگەکانی بەردەم پرۆسەی دابەشکردنی زەوی فەرمانبەران لە کەلار و چارەسەری گونجاو و پێویستیان بۆ خراوەتەڕوو.
هەروەها بڕیاردرا بە فراوانکردن و زیادکردنی روبەری ئەو زەوییانەی بۆ فەرمانبەران تەرخانکراون، ئەمەش لەڕێگەی تەواوکردنی رێکارەکانی دابینکردنی زەوی پێویست لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی گەرمیانەوە بۆ سەر سنوری شارەوانی کەلار.
بەپێی بڕیارەکە، لە کەمترین ماوەدا زەوی بەسەر ئەو فەرمانبەرانەدا دابەشدەکرێت کە فەرمانی وەرگرتنی زەوییان هەیە و لە قۆناغی یەکەمدا زەوییان پێنەدراوە.
هاوكات بەپێی ئەنجامی کۆبونەوەکە، فەرمانبەرانی سنوری قەزای کەلار لەگەڵ گردەگۆزینە و گوند و ناحیەکانی، هەروەها ئەو فەرمانبەرانەی دانیشتوی ناحییەکانی مەیدان و قۆرەتون، لەگەڵ قۆناغی دوەمی فەرمانبەرانی کەلار لە سنوری شارەوانی کەلار زەوییان پێدەدرێت.
موڕاز زانا، ئەو مێرمنداڵەی لە روبەڕوبونەوەی نێوان دژەتیرۆری عیراق و تیرۆرستانی داعش لە پردێ کوژا، بە شەهید تۆماردەکرێت.
رێبوار تەها، جێگری یەکەمی پارێزگاری کەرکوک بە کوردسات نیوزی راگەیاند: موڕاد زانا، ئەو مێرمنداڵەی رۆژی 27ـی 9ـی 2026 لە ڕوبەڕوبونەوەی نێوان دژەتیرۆری عیراق و تیرۆرستانی داعش لە پردێ کوژرا، بە شەهید تۆمار دەکرێت.

رێبوار تەها، بە ئاسۆ ئەحمەدی پەیامنێری کوردسات نیوزی وت: سوپاست دەکەم کە لە خەمی ئەوەدابوویت موڕاد زانا بە شەهید تۆمار بکرێت.
موڕاد زانا، مێرمنداڵێکی پردێ بوو، لە روبەڕوبوونەوەی نێوان دژەتیرۆری عیراق و تیرۆرستانی داعش کوژرا.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێم بە گشتاندنێکی رەسمی، بڕیارێکی دەرکرد لەبەرژەوەندی خوێندکاران و ئاڕاستەی سەرجەم زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان کرد.
خوێندنی باڵا، جەخت لەسەر پابەندبونی تەواوی دامەزراوەکانی خوێندنی تایبەت دەکات، بە مەرج و پێوەرەکانی وەرگرتن بۆ ساڵی خوێندنی(2026_2027) .
بەپێی گشتاندنەکە، وەزارەت بە توندی ئاگاداری زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان دەکاتەوە، بە هیچ جۆرێک مافی ئەوەیان نییە پێش راگەیاندنی ناوی وەرگیراوان لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاوە، هیچ بڕە پارهیهك وەک قیستی کرێی خوێندن لە خوێندکاران وەربگرن.
ئەم بڕیارەی وەزارەت پاڵپشت بە رێنمایی و پێوەرەکانی وەرگرتن دەرچوە، بە ئامانجی پاراستنی مافی خوێندکاران و رێگریکردن لە هەر بارگرانییەکی دارایی پێش وەخت، تا ئەو کاتەی پڕۆسەی وەرگرتن بە رێکاری رەسمی و لەلایەن وەزارەتەوە پەسەند دەکرێت.
وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێم، پەیامێکی سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان بڵاوکردووەتەوە و تێیداهاتووە، "جێهێشتنی هەرێمی کوردستان لە لایەن ئەمریكاوە لە رەوشێکی وا ئاڵۆزی ناوچەییدا، بەبێ دابینکردنی هیچ سیستمێکی بەرگری مایەی نیگەرانییە".
دەقی پەیامەکە
رۆژی 30ـی ئەیلول هێزەکانی ئەمریکا لەسەر خاکی عیراق و هەرێم دەکشێنەوە، ئەم کشانەوەیەش دەرئەنجامی لێکتێگەیشتنی هاوبەشی حکومەتی عیراقی فیدراڵ و ئەمریکا و هاوپەیمانانە.
کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عیراق لە کاتێکی هەستیاردایە؛ بەتایبەت کە رەوشی ئاسایشی عیراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسەقامگیرە و پێویستی بە هۆشیاری و بڕیاردانی سیاسیی دروست هەیە، چونکە بەردەوامبوونی ناسەقامگیریی رەوشی ناوچەکە هەڕەشەیە بۆ سەر تەواوی ناوچەکە.
لەكاتی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران لە مانگەکانی رابردوو، هەرێمی کوردستان زیاتر لە هەزار جار رووبەڕووی هێرشی درۆنی، مووشەکی بالیستیک بووەتەوە، کە بەشێکیان لەسەر ناوچە مەدەنییەکان کەوتنە خوارەوە، لە ئەنجامی ئەم هێرشانە چەندین شەهید و بریندار و زیانی ماددی لێکەوتۆتەوە.
جێهێشتنی هەرێمی کوردستان لە لایەن ئەمریكاوە لە رەوشێکی وا ئاڵۆزی ناوچەییدا، بەبێ دابینکردنی هیچ سیستمێکی بەرگری مایەی نیگەرانییە، لە هەمان کاتدا ئێمە لە وەزارەتی پێشمەرگە دڵنیاین کە ئاسمانی هەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە ئاسمانی حکومەتی فیدڕاڵ، ئەرکی لە پێشینەی حکومەتی فیدڕاڵە کە بەرپرسیارییەتی پاراستنی ئاسمانی هەرێمی کوردستان لە کاتی پێویستیدا لە ئەستۆ بگرێت.
هێزی پێشمەرگە وەک چۆن لە رابردوو پارێزەری خاک و خەڵکی کوردستان بووە، لە داهاتووشدا بۆ هەر ئەگەر و پێشهاتێکی نوێ ئامادەیە و دەتوانێ لەگەڵ هەر رەوشێکی نەخوازراودا خۆی بگونجێنێت و رووبەڕووی مەترسییەکان ببێتەوە.
وەزارەتی پێشمەرگە سوپاسی زۆری ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دەکات و رێز لە هاوکاری و پشتیوانیان دەگرێت کە لە رابردوودا بەرانبەر هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە پێشکەشیان کردووە.
وەزارەتی پێشمەرگە وەک بەشێک لەسیستمی بەرگری عیراق لەگەڵ سوپای عیراق دا پەیوەندیەکی دەستوریی و ئەمنی پتەوی هەیە و لەکارکردنی هاوبەشدا بەردەوام و هەماهەنگ دەبێت.
لە کۆتاییدا خەڵکی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە کە کوردستان لە دەستێکی ئەمین و ئاشتی خوازدایە.
وەزارەتی پێشمەرگە
27ـی ئەیلولی 2026
حکومەتی هەرێمی کوردستان دوو رۆژ پشووی بەبۆنەی رۆژی سەروەریی عیراق راگەیاند.
فەرمانگەی میدیای و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، رۆژانی چوارشەممە 30ـی 09 و پێنجشەممە 01ـی 10ـی 2026، لە سەرجەم دامودەزگاکان پشووی رەسمییە.
سولی سکرین دەستپێدەکاتەوە و هاووڵاتیان دەتوانن لە پارکی ئازادیی شاری سلێمانی بە ژێرنووسی کوردی تەماشای شاکارەکانی سینەما بکەن.
رۆژی 1ـی 10 تا 10ـی 10ـی 2026 سولی سکرین لە پارکی ئازادیی شاری سلێمانی بەردەوام دەبێت و فیلمەکان بە ژێرنووسی کوردی سەعات 07:00ـی ئێوارە نمایش دەکرێن.
سولی سکرین (SULI SCREEN)، دەستپێشخەرییەکی کۆمیسیۆنی فیلمی کوردستانە بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای میدیایی کوردسات بۆ نمایشکردنی فیلم بە درێژایی ساڵ، کە ئامانجی گەیاندنی ئەزموونی سینەمایی بێبەرانبەرە بە هەرێمی کوردستان.
کەشناسیی هەرێم بڵاویکردەوە، سبەینێ پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزن و ئاسمانیش پەڵەی هەوری تێدا دەبینرێت.
بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سبەینێ سێشەممە 29ـی 09ـی 2026 پلەکانی گەرما بەپێی ناوچە جیاجیاکان نزیکەی 5 بۆ 6 پلەی سیلیزی دادەبەزن.
ئاماژەی بەوەشداوە، پلەکانی گەرما لە ناوچە جیاجیاکان بەم شێوەیە دەبن: گەرمیان 35، هەڵەبجە 32، هەولێر و چەمچەماڵیش 31، سلێمانی و دهۆک و زاخۆش 30 و نزمترین پلەکانی گەرماش لە حاجی ئۆمەران و بە 22 پلەی سیلیزی پێشبینی دەکرێت.
ئەوەشی روونکردەوە، هاوکات ئاسمان لە نێوان پەڵەهەور و نیمچەهەوردا دەبێت، بەڵام لە کاتەکانی شەودا بەتایبەت لە ناوچە شاخاوییەکاندا دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو.
لە ماوەی نۆ مانگی ئەمساڵدا لە گەرمیان 11 کەس بە روداوی هاتوچۆی ماتۆڕسکیل گیانیان لەدەستداوە.
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی گەرمیان، لە ماوەی نۆ مانگی ئهمساڵدا ،لە سنوری ئیدارەی گەرمیان 204 روداوی هاتوچۆی ماتۆڕسکیل رویان داوە.
لە ئەنجامی ئەو روداوانەدا، 11 کەس گیانیان لەدەستداوە و 194 کەسی تریش بریندار بوون.
هاوکات پۆلیسی گەرمیان پەیامێکی هۆشداریدانەوەی ئاراستەی شۆفێرانی ماتۆڕسکیل کردووە و تێیدا جەخت دەکاتەوە کە مەفرەزەکانیان بەردەوام لە ناو شار و شوێنە گشتییەکاندا ئامادەن بۆ سەپاندنی یاسا.
پۆلیسی گەرمیان داوا لە شۆفێران دەکات پابەندی رێنماییەکانی هاتووچۆ بن و لە خێرایی بێبەزەییانە دووربکەونەوە، ئاماژەی بەوەش کردووە هەر کەسێک گیانی خۆی و هاووڵاتیان بخاتە مەترسییەوە، روبەڕووی سزای تووندی یاسایی دەبێتەوە.