شارەوانیی سلێمانی دەستپێشخەرییەکی نوێ بۆ هەڵسەنگاندنی ئاستی خزمەتگوزارییەکانی رادەگەیەنێت
ساکۆ سمکۆ
١٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی بە مەبەستی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هاووڵاتییان و گوێگرتن لە سەرنج و داواکارییەکانیان و بە ئامانجی پێوانەکردنی ئاستی رەزامەندییان، دەستپێشخەرییەکی نوێی لەڕێگەی بڵاوکردنەوەی فۆڕمێکی تایبەت بە 'راپرسی' راگەیاند.
سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی لەبارەی بڵاوکردنەوەی فۆرمێکی راپرسی بۆ زانینی ئاستی رەزامەندیی هاووڵاتیان لە خزمەتگوزارییەکان، راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: دەنگی هاووڵاتییان، رێبەرێکە بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییەکانی سەرۆکایەتییمان.
ئاماژەی بەوەش داوە، ئەم هەنگاوە دەرفەتێک بۆ دانیشتووانی شارەکە دەڕەخسێنێت تاکو بە شێوەیەکی راستەوخۆ دیدگا، تێبینی و پێشنیارەکانیان بگەیەنن؛ بە مەبەستی ئەوەی لەدوای کۆکردنەوە و هەڵسەنگاندنی داتاکان، خاڵە بەهێزەکان دەستنیشان بکرێن و ئەو بوارانەشی کە پێویستیان بە چاکسازی، پەرەپێدان و باشترکردن هەیە، دیاریبکرێن.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا ئەوەش روونکراوەتەوە، بێگومان بەشداریی هاووڵاتیان و دەنگی ئەوان، بەشێکی دانەبڕاو و گرنگە لە پرۆسەی بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکان؛ بۆیە داوا لە هاووڵاتیان دەکەن بەشداربن لەم راپرسییەدا و ببنە هاوکار بۆ ئەوەی پێکەوە کار بۆ شارێکی جوانتر و خزمەتگوزارییەکی شایستە و رێکخراوتر بکەن.
بۆ بەشداریکردن لە راپرسییەکە کرتە لەسەر ئەم لینکە بکە: https://forms.gle/Y54LvkTueGE5sMX36



