کۆمپانیای 'دانەغاز' لەبارەی هێرشە درۆنییەکەی شەوی رابردووەوە راگەیەنراوێکی رەسمیی بڵاوکردەوە و تێێدا هاتووە: بەهۆی هێرشەکەوە لە ئێستادا بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەکە بە شێوەیەکی کاتی راگیراوە.

دانەغاز لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژەی بەوەشداوە، شەوی رابردوو 8ـی 11ـی 2026، کێڵگەی کۆرمۆر بە درۆنێک کراوەتە ئامانج و بەهۆیەوە ئاگر لە کێڵگەکە کەوتووەتەوە و زیانی بەرکەوتووە، بەڵام دواتر تیمەکانیان توانیویانە ئاگرەکە بەتەواوی کۆنتڕۆڵ بکەن.

ئەوەشی ئاشکراکردووە، هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی لەنێو کارمەندانی کێڵگەکەدا لێنەکەوتووەتەوە، بەڵام بەهۆی زیانە مادییەکانەوە، لە ئێستادا بەرهەمهێنان لە کێڵگەکە راگیراوە تا ئەو کاتەی هەڵسەنگاندنی تەواو بۆ قەبارەی زیانەکان دەکرێت.

ئەوەشی روونکردووەتەوە: کۆمپانیاکە لە هەماهەنگی دایە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و دەسەڵاتدارانی حکومەتی فیدراڵی لە بەغداد، کە پاڵپشتیی بەهێزی خۆیان دەربڕیوە، بۆ پێکهێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوە و خەماڵندنی قەبارەی زیانەکانی کێڵگەکە.