قوباد تاڵەبانی، لێپرسراویی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال پێشوازیکرد لە وەفدێکی رۆشنبیری وڵاتی میسر و پێکەوە تاوتوێی چۆنییەتی بەهێزترکردنی پەیوەندیی کولتووری و رۆشنبیری نێوان هەردوولایان کرد.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی بەخێرهاتنی وەفدەکەی کرد بۆ سلێمانی و هیوای خواست سەردانەکەیان بۆ کوردستان بەرهەمداربێت و رێگەخۆشکەربێت بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی بەهێز لەنێوان رۆشنبیرانی کوردستان و وڵاتی میسر.
هەردوولا بە گرنگییەوە باسیان لەو پەیوەندییە بەهێزەی سەرۆک مام جەلال کرد لەگەڵ رۆشنبیرانی میسر و بە پێویستیان زانی کاری هاوبەش بکرێت بۆ پتەوترکردن و رێکخستنەوەی پەیوەندیی کولتووری و رۆشنبیری نێوان کوردستان و میسر.
وەفدەکەی رۆشنبیرانی میسر لە دیدارەکەدا خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بەوەی سلێمانی نەک هەر لە بواری رۆشنبیریدا بەڵکو لە هەموو بوارەکاندا پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە. هەروەها ستایشی رۆڵی یەکێتی و سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانیشیان کرد لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکەدا و بە تایبەتیش هەڵوێست و سیاسەتی یەکێتییان بەرز نرخاند لە دوورخستنەوەی عێراق و هەرێمی کوردستان لە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە.
بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی لە رێوڕەسمێكدا لە تەلاری هونەر دامەزراوەی چەتری كولتووری سلێمانی راگەیەنرا.
لە رێوڕەسمەكەدا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم لە وتارێكیدا رایگەیاند، دامەزراوەی چەتری كولتووریی سلێمانی كار بۆ ئەوە دەكات كولتوور لە ژیانی رۆژانەی سلێمانیدا جێگەیەكی شایستەی هەبێت.
وتیشی، گرنگە دامەزراوەی چەتری كولتووریی سلێمانی زەمینەیەك بۆ پێكەوەكاردنی حكومەت، كەرتی تایبەت، زانكۆكان و هاووڵاتیان بڕەخسێنێت.
قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشكرد، بە هەموو شێوەیەك پشتیوانی دامەزراوەی چەتری كولتووریی سلێمانی دەكات و بەڵێنیشیدا، چیتر سلێمانی و مێژووە پڕشكۆكەی لەگەڵ هونەرمەندان و داهێنەرانی شارەكە بێ پاڵپشت و تەنها نابن.
راشیگەیاند، ئەوەی کورد و کوردستانی پاراستووە کولتوورەکەیەتی و کولتوورەکەمان قەڵای بەرگریکردن بووە لە بوونمان.
دژەتیرۆری عیراق هەوڵی كردەوەیەكی تیرۆریستیی بۆسەر مزگەوتێك لە ناحیەی پردێ پووچەڵكردەوە و بەهۆی روبەڕوبوونەوەش دوو تیرۆریست كوژران.
پەیامنێری كوردسات نیوز لە كەركوك رایگەیاند، لە روبەڕوبوونەوەیەكدا نێوان هێزەكانی سەر بە دەزگای دژەتیرۆری عیراق و ژمارەیەك تیرۆریستی داعش لە ناحیەی پردێ سەر بە پارێزگای كەركوك، دوو تیرۆریستی داعش كوژراون و تیرۆریستێكی تریش بە برینداری دەستگیركرا و دوو ئەندامی دژەتیرۆری عیراقیش برینداربوون.
ئاماژەی بەوەشكرد، تیرۆریستەكان پشتێنی بۆمبڕێژكراویان لە خۆیان بەستبوو و بەنیاز بوون بچنە ناو مزگەوتێك بەناوی (ئەڵاهوئەكبەر) لەناو ناحیەكە و كردەوەی تیرۆریستی ئەنجام بدەن.
وتیشی، هێزەكانی دژەتیرۆری عیراق و دەزگای هەواڵگریی كەركوك پێشوەخت زانیارییان پێگەیشتبوو و ئاگاداركرابوونەوە تیرۆریستەكان بەنیازن خۆیان بتەقێننەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی کۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ ئاگاداری سەرجەم هاووڵاتیان و گەشتیاران دەکاتەوە کە لە ئێستادا هاتوچۆی گەشتیاری لە دەروازەکەوە راگیراوە.
بەپێی راگەیەندراوێکی هۆبەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی کۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ، راگرتنی هاتوچۆکە بەهۆی پچڕانی سیستمی ئەلیکترۆنییەوە بووە لە دیوی ئێرانی مەرزی باشماخ.
بەڕێوەبەرایەتیی دەروازەی باشماخ ئاماژەی بەوەشکردووە، بە چاکبوونەوەی سیستمەکە و ئاساییبوونەوەی هاتوچۆ، لە رێگەی هەژماری رەسمی بەڕێوەبەرایەتیی دەروازەکەوە هاووڵاتیان ئاگادار دەکەنەوە.
قوباد تاڵەبانی، پەیامێکی هاوخەمی ئاڕاستەی خانەوادە و بنەماڵەی کۆچکردوو کاک حاجی حەمەد شینکە کردووە و دەڵێت: کاک حاجی حەمەد شینکە کەسایەتیکی دیار و چاکە خوازی کۆمەڵایەتی بوو رۆڵی گەورەی دەگێڕا بۆ ئاشتەوایی و کەمکردنەوەی گرژییەکان بە چاوی رێزەوە لە پێگەو خزمەتەکانی دەڕوانین و مردنی بەڕێزییان خەسارەتێکی گەورەبوو بۆ ئەو دەڤەرە.
دەقی پەیامەکە
بە داخ و خەمێکی قوڵەوە هەواڵی کۆچی دوایی کەسایەتی دیاری دەڤەری راپەڕین و چاکەخوازی کۆمەڵایەتی کاک (حاجی حەمەد شینکە)ـم پێگەیشت .
کاک حاجی حەمەد شینکە کەسایەتیکی دیار و چاکە خوازی کۆمەڵایەتی بوو رۆڵی گەورەی دەگێڕا بۆ ئاشتەوایی و کەمکردنەوەی گرژییەکان بە چاوی رێزەوە لە پێگەو خزمەتەکانی دەڕوانین و مردنی بەڕێزییان خەسارەتێکی گەورەبوو بۆ ئەو دەڤەرە ، بەم بۆنە خەمناکەوە پرسەو سەرەخۆشی خۆم ئاڕاستەی خێزان و خانەوادە و ۆبنەماڵەی سەربەرزییان دەکەم ، لە دڵەوە هاوبەشی ئەم خەمە گەورەیەین .
داواکارم لە خوای باڵا دەست رۆحی کۆچکردوو بۆ هەمیشە شاد بێت سەبوری و ئارامی زیاتریش ببەخشێت بە هەمووان .
انا للە وانا الیە راجعون
قوباد تاڵەبانی
لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەیی سەرۆک مام جەلال
قوباد تاڵەبانی سەردانی خاتوو ژیان، کچی سیاسەتمەدار و رۆشنبیر و نیشتمانپەروەری گەورەی کورد مامۆستا رەفیق حیلمی کردووە.
قوباد تاڵەبانی، لە هەژماری رەسمی خۆی لە فەیسبوک رایگەیاندووە: خۆشحاڵ بووم بە دیداری خاتوو ژیان، کچی سیاسەتمەدار و رۆشنبیر و نیشتمانپەروەری گەورەی کورد مامۆستا رەفیق حیلمی. خوای گەورە ئەم یادگارە ئازیزەی مامۆستا رەفیق حیلمی تەمەندرێژ و لەشساغ بکات.
قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشداوە: مێژووی زیندووی سەدەیەک لە خەبات و تێکۆشانی گەلی کوردە. کە قسەت بۆ دەکات هەست دەکەیت بەشێک لە روحت لە سەردەمی مەلیکی کوردستاندا بەجێماوە، یان تۆش ئەندامێکی نهێنیی حیزبی هیوا بوویت. لە وشە بە وشەکانیدا بۆنی رابردوو دەکەیت و هەست دەکەیت بە قەد مرۆڤێکی ١٠٠ ساڵە بیروەریت هەیە.
پلەکانی گەرما لە هەرێم روو لە نزمبوونەوە دەکەن و لە هەندێک ناوچەش شەپۆلێکی بارانبارین دەستپێدەکات.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێم لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا ئاشکرایکرد، لە بەیانییەوە هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێر کاریگەریی لاوازی بەرزەپەستانی دەریای سور، بەهۆیەوە پلەکانی گەرما روو لە نزمبوونەوە دەکەن و تا کۆتایی ئەم مانگە و سەرەتای مانگی داهاتوو جیاوازیی نزمبوونەوەکە شەش بۆ هەشت پلەی سیلیزی دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئێوارەی رۆژی چوارشەممەوە کاریگەریی بەرزەپەستانی دەریای سپیی ناوەڕاست روو لە ناوچەکە دەکات و سەرەتا ئاسمانی سنوری پارێزگای دهۆک دەگۆڕێت بۆ نیمچەهەور.
کەشناسی ئەوەشی خستەڕوو، لە رۆژی پێنجشەممەوە کاریگەریی ئەم شەپۆلە زیاتر دەبێت و سەرەتای بارانبارین لە سنوری پارێزگای دهۆک دەستپێدەکات، دواتر بە ڕێژەیەکی کەمتەر پەڵەباران لە سنوری پارێزگای هەولێر و بە شێوەیەکی لاوازتریش سنوری پارێزگای سلێمانی دەگرێتەوە.
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، ڕێژەی بارانبارین لە پارێزگاکان بەم شێوەیە دەبێت:
پارێزگای دهۆک: (2 - 3) ملم
پارێزگای هەولێر: (1 - 2) ملم
پارێزگای سلێمانی: (0.5 - 1) ملم
ئەمڕۆ یەکشەممە 27ی ئەیلوولی 2026، بە سەرپەرشتی سەرۆکی لێژنەی خوێندنی باڵا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنی هاوبەشیان بۆ چارەسەرکردنی کۆتاییی پرسی دانپێدانانی زانکۆی گەرمیان ئیمزا کرد.
کۆبوونەوەکە لە تەلاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەغدا بەڕێوەچوو؛ لەسەر بڕیاری د. ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان، وەفدێکی وەزارەت بە سەرۆکایەتیی د. ئامانج عەبدوڵڵا سەعید، راوێژکاری وەزیر و بە بەشداری سەرۆکی زانکۆی گەرمیان و بەڕێوەبەرە گشتییە تایبەتمەندەکان ئامادە بوون. لە بەرامبەردا وەفدێکی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق، سەرۆکی لێژنەی خوێندنی باڵای پەرلەمان و ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا بەشداربوون.
بەپێی دەقی یاداشتنامە هاوبەشەکە، بڕیاردرا بە دامەزراندنی زانکۆیەکی سەربەخۆ بۆ شارۆچکەی خانەقین کە سەرۆکی زانکۆکە لە خەڵکی شارەکە دەبێت. زانکۆ نوێیەکە سەرجەم ئەو کۆلێجانە لەخۆدەگرێت کە لە ئێستادا لە خانەقینن و سەر بە زانکۆی گەرمیانن، هەروەها پرۆسەی وەرگرتنی خوێندکاران تێیدا بۆ سەرجەم خوێندکارانی هەرێمی کوردستان و تەواوی عێراق کراوە دەبێت.
لە بەشێکی دیکەی رێککەوتنەکەدا هاتووە کە بەپێی یاداشتەکە، حکومەتی فیدراڵیی عێراق لە رۆژی دامەزراندنیانەوە دان بە سەرجەم کۆلێجەکانی زانکۆی گەرمیاندا دەنێت، بە کۆلێجەکانی شارۆچکەی خانەقینیشەوە.
بڕیاریشە لە هەنگاوی داهاتوودا ئەم یاداشتنامەیە لەلایەن وەزیری خوێندنی باڵای هەرێمەوە ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بکرێت بەمەبەستی پەسەندکردنی کۆتایی.
حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی، دەستی بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوی (دووکان - سلێمانی 3) کرد.
توانای بەرهەمهێنانی پڕۆژەکە 20 هەزار مەتر سێجا ئاوە لە سەعاتێکدا. لە قۆناغی یەکەمدا، 10 هەزار مەتر سێجا ئاو دابین دەکات و تانکییەکی سەرەکی بە قەبارەی 40 هەزار مەتر سێجا دروست دەکرێت بۆ گواستنەوەی ئاوەکە بۆ ناو شاری سلێمانی.
پڕۆژەکە راستەوخۆ دەبەسترێتەوە بە تۆڕی ئاوی سلێمانییەوە و لەگەڵیدا تۆڕی نوێ بۆ ئەو گەڕەک و شوێنانە رادەکێشرێت کە ئاویان پێویستە. هەروەها لە وەرزی کەمئاویدا، یارمەتی پاراوکردنی کانیاوی سەرچنار دەدات، بۆ ئەوەی گەڕەکەکانی سەر بەو کانیاوە بێئاو نەبن.
بەختیار تاهیر، بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی رایگەیاند: "پڕۆژەکە بە سێ قۆناغ جێبەجێ دەکرێت و هەموو گەڕەک و شوێنەکانی سلێمانی دەگرێتەوە، بەجۆرێک کێشەی کەمئاوی لە هیچ گەڕەکێکی نیشتەجێبووندا نامێنێت."
جێبەجێکردنی پڕۆژەکە بە تەواوی پشتی بە دەستی کاری ناوخۆیی بەستووە، بە تەواوبوونیشی کێشەی کەمئاوی لە شاری سلێمانی بۆ چەندین ساڵی داهاتوو چارەسەر دەکات.
لە میانی سەردانێکیدا بۆ خورماڵ، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت، سەردانی نووسەر و لێکۆڵەری فەلسەفی و مامۆستای زانکۆ، دکتۆر عیرفان مستەفای کرد و پەیامێکی بڵاوکردەوە.
دەقی پەیامەکە
شارستانێتییەکان و وەرچەرخانە گەورە کۆمەڵایەتییەکان بە پرسیارە فەلسەفییەکان و گۆڕانکارییە فکری و رۆشنبیرییەکان دەستیان پێ کردووە. فەلسەفە و رۆشنبیری نەخشەڕێگەی گەشەسەندن و بەرەوپێشچوونی گەلانن.
خۆشحاڵین ئەمڕۆ لە کوردستان کەسانێک هەن لە چەشنی دکتۆر عیرفان مستەفا ئەم بوارەیان فەرامۆش نەکردووە و خۆبەخشانە و بە پەرۆشەوە هەوڵی پەرەپێدانی بیری فەلسەفی لەناو گەنجانی وڵاتەکەماندا دەدەن. لە خورماڵ سەردانی بەڕێزیانم کرد و سەرسام بووم بە روئیا و پڕۆژە فکرییەکانی.
ئەرکی ئێمەیە پشتگیریی بیرمەندان و رۆشنبیران و توێژەرانی بواری بیر و فەلسەفە بکەین، چونکە ئەوان روونکەرەوەی رێی داهاتووی گەلەکەمانن.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، داواکارییەکی رەسمیی رەوانەی بەغداد کردووە بەمەبەستی درێژکردنەوەی تەمەنی خزمەتی ئەو زیندانییە سیاسییانەی لە دامودەزگا حکومییەکاندا فەرمانبەرن.
بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتەکە، لە رێگەی نووسراوی رەسمیی ژمارە (3488) لە بەرواری 2ی ئەیلوولی 2026، داوا لە فەرمانگەی بودجە لە وەزارەتی دارایی فیدراڵ کراوە ماوەی خزمەتی زیندانیانی سیاسیی وەجبەی (9 تا 15) کە فەرمانبەری حکومەتن و لەدایکبووی ساڵانی 1965 و 1966ن، لە 60 ساڵەوە بۆ 65 ساڵ درێژ بکرێتەوە.
وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەش کردووە کە فەرمانگەی بودجەی عیراق بە نووسراوی ژمارە (50407) لە 24ی ئەیلوولی 2026، داواکارییەکەی ئاڕاستەی دەستەی خانەنشینی نیشتمانی کردووە بەمەبەستی ئەنجامدانی کاری پێویست و جێبەجێکردنی رێکارەکان.

بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی لە ئاگادارییەکی نوێدا رێنمایی تایبەتی بۆ شۆفێرانی تاکسی و ئەو هاووڵاتییانە بڵاوکردەوە کە دەیانەوێت مۆڵەتی ماتۆڕسکیل و دەرهێنانی مۆڵەتی تاکسی وەربگرن.
بەپێی ئاگادارییەکە، شۆفێرانی تاکسی لە کاتی نوێکردنەوەی مۆڵەتەکانیاندا دەبێت دوای ئەنجامدانی لیژنەی پزیشکی، راستەوخۆ سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکە ببن بۆ ئەوەی نوسراویان بۆ بەڕێوەبەرایەتیی بەڵگەکانی تاوان بۆ بڕێنرێتەوە بە مەبەستی هێنانی ئەستۆپاکی.
هاوکات ئەو کەسانەی دەیانەوێت مۆڵەتی تاکسی دەربهێنن، پێویستە سەرەتا سەرپەرشتی بەشی مۆڵەت بکەن بۆ وەرگرتنی نوسراوی لیژنەی پزیشکی تاوەکو لە شیاوییان دڵنیا ببنەوە.
لە بەشێکی تری ئاگادارییەکەدا هاتوووە: ئەو هاووڵاتییانەی خوازیاری دەرهێنانی مۆڵەتی ماتۆڕسکیلن، دەبێت سەردانی بەشی مۆڵەت بکەن بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمی تایبەت و رەوانەکردنیان بۆ لیژنەی پزیشکی.
هاتوچۆی سلێمانی راشیگەیاندووە: کۆتا مۆڵەت بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمی مۆڵەتی ماتۆڕسکیل تا رۆژی 10ی تشرینی یەکەمی 2026دەبێت.
جارێكی تر، عەجاج تاونباری دۆسیەی ئەنفال، لەسەر دۆسیەی ئەشكەنجەدانی كوردانی فەیلی دەبرێتەوە بەردەم دادگا.
عەجاج ئەحمەد حەردان، بەڕێوەبەری پێشووی زیندانی نوگرەسەلمان كە لە ئێستادا سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە، روبەڕووی دۆسیەیەكی نوێی دادگاییكردن دەبێتەوە لەسەر ئەشكەنجەدان و تاوانكاری دژی كوردانی فەیلی.
بەپێی زانیارییەكان، دادگای لێكۆڵینەوە لە بەغداد دەستی بە وەرگرتنی وتەی سكاڵاكاران كردووە، ئەوەش دوای ئەوەی چەند هاووڵاتیەكی كوردی فەیلی، لە رێگەی بەڵگەی یاساییەوە، سكاڵایان دژ بە عەجاج و چەند ئەفسەرێكی تری رژێمی پێشوو تۆمار كردوە.
عەجاج ئەحمەد حەردان، ناسراو بە عەجاجی نوگرەسەلمان، لە 31ی تەممووزی 2025 دەستگیركرا و دواتر لە 14ی ئایاری 2026 لەلایەن دادگای تێهەڵچوونەوەی رەسافەی بەغداد، بەهۆی تێوەگلانی لە تاوانەكانی ئەنفال سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.
عەجاج لەسەر دۆسیەی ئەشكەنجەدانی كوردانی فەیلی دەبرێتەوە بەردەم دادگا
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سیستەمی تۆمارکردنی سەرپێچیی هاتوچۆ لەنێوان هەرێم و پارێزگاکانی تری عیراق بە شێوەیەکی دوولایەنە کاراکراوە و لەمەودوا ئەو ئۆتۆمبێلانەی هەڵگری تابلۆی هەرێمن لە کاتی ئەنجامدانی سەرپێچی لە باشور و ناوەڕاستی عیراق سزا دەدرێن، بە هەمان شێوەش بۆ ئۆتۆمبێلی پارێزگاکانی تری جێبەجێ دەکرێت.
هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ لە کۆنگرەیرکی رۆژنامەوانیدا، ئاماژەی بەوە کرد: ئەمڕۆ پڕۆسەی تۆماری ئەلکترۆنی لە هۆبەی ئۆتۆمبێلی بار لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر دەستی پێکردووە کە مامەڵەکانی گواستنەوەی خاوەندارییەتی و نوێکردنەوەی ساڵیانە و مۆڵەت دەگرێتەوە.
روونیشیکردەوە: رسوماتەکان وەک خۆیان دەمێننەوە و کار ئاسانیی خێرا بۆ هاووڵاتییان دەکرێت و ئەزموونەکە بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکانی دیکەش دەگوازرێتەوە.
ناوبراو جەختیشی کردەوە لە بوونی هەماهەنگییەکی بەرز لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییە فیدراڵییەکانی هاتوچۆ لە بەغداد و پارێزگاکان؛ ئاماژەی بەوەش کرد: لە ئێستادا ئامادەکاری دەکرێت بۆ ئەوەی پێدانی غەرامەکان بێتە سەر سیستەمی ئەلکترۆنی.
هۆشداریشی دا: رێگە بە جووڵەی هیچ ئۆتۆمبێلێک لە شەقامەکانی هەرێمدا نادرێت ئەگەر مەرجەکانی سەلامەتی و ئاسایشی تێدا نەبێت.
لە چوارچێوەی چالاکییە هونەری و کولتوورییەکانی شاری سلێمانیدا، دامەزراوەی "چەتری کولتووریی سلێمانی" ئیڤێنتێکی تایبەتی هونەری بۆ راگەیاندنی رەسمیی دامەزراوەکە و دەستپێکی چالاکییەکانی بەڕێوەدەبات.
بڕیارە مەراسیمەکە رۆژی یەکشەممە، 27ی ئەیلوولی 2026، سەعات 5:30ی ئێوارە لە هۆڵی تەلاری هونەر لە شاری سلێمانی ئەنجام بدرێت.
سەرپەرشتیارانی ئیڤێنتەکە رایانگیاندووە کە ئامادەبوونی رۆشنبیران، هونەرمەندان و ئاشقانی کولتوور و هونەر دەبێتە پشتیوانییەکی گەورە بۆ سەرکەوتنی پڕۆژەکەیان.
قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی لە سەرۆک، دەستەی کارگێڕی، راهێنەران و یاریزانانی تیپی بالەی کچانی ئافرۆدێت کرد و پشتیوانی خۆی بۆ دووپات کردنەوە.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم رایگەیاند، جێی خۆشحاڵییە ساڵ لە دوای ساڵ وەرزشی ژنان لە کوردستان زیاتر گەشە دەکات، بە تایبەتیش لە بالەدا یانە وەرزشییەکانی ژنان و کچانی کوردستان پێشکەوتنی بەرچاویان بەخۆوە بینیوە و ئێستا یانەکانی کوردستان لەسەر ئاستی عیراقدا پێشەنگن.
ئاماژەی بەوەشکرد، "پێشوازیم کرد لە سەرۆک، دەستەی کارگێڕی، راهێنەران و یاریزانانی تیپی بالەی کچانی ئافرۆدێت کە بوونەتە پاڵەوانی ئەمساڵی خولی بالەی عیراق و پیرۆزبایی ئەم سەرکەوتنە گەورەیەم لێکردن و پشتیوانیی تەواوی خۆم بۆ دووپات کردنەوە".
قوباد تاڵەبانی وتیشی: داوام لێکردن ئامادەکاری بکەن بۆ ئەوەی نەک تەنها لە پاڵەوانێتییەکانی کوردستان و عیراق نازناوی زیاتر بەدەست بهێنن، بەڵکو ببنە ناوێکی دیار لە پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییەکانیشدا.